پێشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 18/7/2022 بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەت و نوێنەرانی پارت و لایەنە كوردستانییەكان و بنه‌ماڵه‌ى قازى، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕێوڕەسمی پێشوازیكردن لە ته‌رمى خوالێخۆشبوو عەلی قازی، كوڕی پێشەوا قازی محەمەد بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ڕۆژتان باش،
ئه‌مڕۆ هه‌موومان پێكه‌وه له‌م ڕێوڕه‌سمه ماته‌مينه‌دا به‌شدارين، تاكو به ڕێز و شكۆوه پێشوازى له ته‌رمى خوالێخۆشبوو عه‌لى قازى، كوڕى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌دى نه‌مر بكه‌ين.
خوالێخۆشبوو عه‌لى قازى، كوڕى ڕه‌ش، له‌به‌ر مێژوو و پێگه‌ى بنه‌ماڵه‌كه‌ى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى يادگارى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌دى نه‌مر بوو، به درێژايى ته‌مه‌نى خۆى، ناچار بووه به‌رگه‌ى زۆر سه‌ختى و زه‌حمه‌تى و په‌نابه‌رى و دووره‌وڵاتى و ئازاره‌كانى بگرێت. هه‌ميشه له خه‌مى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و يه‌كێتيى گه‌له‌كه‌يدا بووه. تا دوايين هه‌ناسه‌ش كه له سه‌ره‌مه‌رگدا بوو، وه‌ك له‌سه‌ر شاشه‌ى ته‌له‌ڤزيۆن بينيمان، زۆر به دڵسۆزى و بە پەرۆشەوە داواى يه‌كڕيزى و ته‌بايى گه‌له‌كه‌ى ده‌كرد. هه‌رگيز له خه‌مى گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی دوورنەدەكەوت. له هه‌ر كوێ ده‌رفه‌تى هه‌بووايه، به دواى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى گه‌له‌كه‌ی بوو. ئه‌مه‌يشى له پێشه‌وا قازيى باوكييه‌وه بۆی مابووه‌وه. پێشه‌واى نه‌مريش تا دوايين وه‌سيه‌تیشی هەر ئەوە بوو كە یەكڕیزی و یەكگرتوویی و تەباییی گەلەكەی داوا دەكرد.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
ئه‌مڕۆ كه هه‌موومان پێكه‌وه لێره‌ين، بۆ ئه‌وه‌يه ڕێز له پێگه و خه‌بات و تێكۆشانى پێشه‌وا قازى و بنه‌ماڵه به‌ڕێزه‌كه‌يان و قوربانيدانيان له‌پێناو گه‌ل و لەپێناو وڵاته‌كه‌ياندا بەرز بنرخێنین. پێشه‌وا له‌پێناو ماف و ژیانێكی شایسته و باشتر بۆ گه‌له‌كه‌ی، له‌پێناو كۆتاییهێنان به نكۆڵیكاری و چه‌وسانه‌وه، له قۆناغێكی یه‌كجار دژوار‌دا ڕابه‌رایه‌تيی میلله‌ته‌كه‌ی كرد، دواجاریش مه‌ردانه چووه به‌ر په‌تی سێداره و هه‌ر له‌و پێناوه‌دا گیانی خۆی به‌خشی. پێشه‌وا به‌و قوربانیدانه‌ی، بووه سیمبۆلێكی زیندووی خۆبه‌ختكردن له مێژووی گه‌لى كوردستاندا و بووه به‌شێك له یاده‌وه‌ریی هه‌میشه زیندووی نه‌وەی دوای خۆی.
ئێمه كاتێ له ڕێوره‌سمی ماڵئاوایی له كوڕ و یادگاری ئه‌و سه‌ركرده نه‌مره‌دا وه‌ستاوین، مێژووی پر شانازیی كۆماری كوردستان و به‌ها به‌رزه‌كانی هاوبەشیی نه‌ته‌وه‌یی و به‌هاناوه‌چوونی بارزانییه‌كان و تێكۆشه‌رانی دیكه، بۆ داكۆكیكردن له كۆمار و داستانی په‌ڕینه‌وه له چه‌مى ئاراس دێنینه‌وه یاد. له كاتێكدا به ڕێز و شكۆوه له خه‌باتی پێشه‌وا قازی و بارزانيی نه‌مر و هاوسه‌نگه‌ره‌كانیان ده‌ڕوانین، هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده و تێكۆشه‌ر و خه‌باتكارانه‌مان دێتەوە یاد كه به درێژایيی زياتر له سه‌د ساڵ، به هه‌ر ڕێگه و بە هەر شێوەیەك بۆیان كرابێت، خەباتیان كردووە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلەكەیان و بوونه قوتابخانه و ڕێنیشانده‌ر و هه‌وێنی درێژه‌پێدانی تێكۆشانی نەوەی داهاتووی دوای خۆیان.
مێژووی گه‌لی كوردستان، مێژووی هه‌وڵ و تێكۆشانى میلله‌تێكه كه ویستوویه‌تی و ده‌یه‌وێت دوور له غه‌در و پێشێلكردنى ماف، له سایه‌ی دانپێدانانی مافه ڕه‌واكانیدا، به ئاشتی و برایه‌تی، پێكه‌وه له‌گه‌ڵ ميلله‌ت و گه‌لانى برا و هاونیشتمان و هاوچاره‌نووسیدا بژیت. گه‌لێك، هه‌میشه ویستوویه‌تی كێشه‌یەكه‌ى سیاسییانە، به ئاشتی و لێكگه‌یشتن و دوور له شه‌ڕ و كاولكاری چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێتەوە.
گه‌لێك، ویستویه‌تی و ده‌یه‌وێت وه‌ك گه‌لێكى گه‌وره‌ى ناوچه‌كه، پێگه‌ی زه‌وتكراوی خۆی وه‌ربگرێته‌وه و مافه‌كانی بسه‌لمێنرێن، تا بتوانێت ببێته هاوبه‌ش و فاكته‌رێكی به‌هێزی ئاشته‌وایی و سه‌قامگیری و پێشكه‌وتن كه خزمه‌ت به كۆی میلله‌تانی ناوچه‌كه بكات. ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به ده‌ست شه‌ڕ و ناسه‌قامگیری و ململانێی بێ كۆتاییه‌وه، زۆرى چه‌شتووه و زۆر ده‌رفه‌تیش له ده‌ست ڕۆیشتووە. ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت په‌یامی گه‌لی كوردستان هه‌ر ئه‌و په‌یامه‌یه و ئەوە ته‌نیا و ته‌نیا په‌یامی ئاشتی و چاره‌سه‌ری ئاشتییانه و خواستی پێكه‌وه‌ژیانی برایانه‌یه له‌گه‌ڵ هاونیشتمانییه‌كانمان و گه‌لانی برامان له ناوچه‌كه‌دا.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز..
میلله‌تانی زیندوو هه‌ميشه نرخى ڕه‌نج و ماندووبوونی تێكۆشه‌رانیان ده‌گرن. به چاوی وه‌فا و ڕێز له قوربانیدانیان ده‌ڕوانن و یاد و یادگاریان به زیندوویی و به به‌رزی ڕاده‌گرن. زۆر پێویستە ئەم كولتوورە لەناویە گەلی ئێمەدا بە زیندوویی بمێنێتەوە، پێویستە بەردەوام نەوەی ئێستا و نەوەی داهاتووش ڕێز لە خەبات و ماندوبوونی ئەو سەركردانە بگرێت كە لەپێناو مللەتی خۆیاندا خەباتیان كردووە و تێكۆشاون و كۆڵیان نەداوە.
كۆبونه‌وه‌مان ئه‌مڕۆ بۆ پێشوازی له ته‌رمی كوڕی ڕه‌ش، ئه‌و وه‌فاداری و ئه‌ركه پیرۆزه‌یه كه لێمان چاوه‌ڕوان ده‌كرێت. تەرمی بەڕێز عەلی قازی تاقانەکەی پێشەوامان بەڕێزەوە هێنایەوە کوردستان، هەر بە ڕێزیشەوە لە باوەشی وڵات‌دا دەنێژرێت. دەبێ وا بێت و ئەمەش مافی خۆی و بنەماڵەکەیه‌تی، هەروەها ئەرکی ئێمەیە كە ڕێز لەو بنمەماڵەیە بگرین.
لە دوای شەهیدبوونی پیشەوا قازی، عەلی قازیی کۆچکردوو، عەوداڵی وڵات بوو، هەر لەو پێناوەشدا زۆر دەربەدەری و ماندووبوونی بۆ وڵاتەکەی بینی و لە کۆتاییدا هاتەوە ناو باوەشی وڵاتەکەی. بە خێر بێیتەوە و ئارام بنوێت کوڕەکەی پێشەوامان. سڵاو له گیانی پاكی كاكه عه‌لی و دروود بۆ یادی پێشه‌وای نه‌مر و شه‌هیدانی بنه‌ماڵه‌ی خانه‌دان و كوردستانپه‌روه‌ری قازییه‌كان و سه‌رجه‌م شه‌هیدان و تێكۆشه‌رانی كوردستان.
پرسه و سه‌ره‌خۆشيی دووباره‌مان لە بنه‌ماڵه به‌ڕێزه‌كه‌يان و خزم و كەسوكار و هەموو كوردستانيیانی خۆشەویست. یادی كاكه عه‌لی هه‌ميشه به خێر و ئێوه‌ش هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن بۆ ئەو ڕێوڕەسمە.
زۆر سوپاس.
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-participates-in-the-ceremony-to-receive-the-body-of-ali-al-qadi/