ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٣/٦/٢١ به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكى باڵاى ئه‌مه‌ريكى به سه‌رۆكايه‌تيى خاتوو دانا سترۆل جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگریی ئه‌مه‌ريكا بۆ کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد كه له به‌ڕێزان جه‌نه‌راڵ ماكفارلان فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له عێراق و سووريا و ژماره‌يه‌ك له ديپلۆماتكاران و به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى به‌رگری و باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا له به‌غدا و كونسولخانه‌ى گشتييان له هه‌ولێر پێكهاتبوو.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش، چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و هه‌نگاوه‌كانى يه‌كخستن و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه، تاوتوێ كران.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه هێشتا داعش له عێراق و سووريا هه‌ڕه‌شه‌يه و جه‌ختيان له گرنگيى به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌ش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش كرده‌وه بۆ پاراستنى ئه‌و ده‌سكه‌وته ئه‌منييانه‌ى به‌ده‌ست هاتوون. له‌مباره‌يه‌وه شاندى ئه‌مه‌ريكا پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌رده‌واميى يارمه‌تيدان و پشتگيرى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه.
هه‌ردوولا پێویستی و گرنگيى به‌رده‌واميى كار و هه‌وڵى زياتريان بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستن و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه دووپات كرده‌وه. له‌مباره‌يه‌وه شاندى ئه‌مه‌ريكى سوپاس و پێزانينيان پێشكه‌ش به سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ هه‌وڵ و كۆشش و ڕۆڵى كاراى له پرۆسه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها به‌رده‌واميى پشتگيريى ئه‌مه‌ريكايان بۆ پرۆسه‌كه دووپات كرده‌وه و سڵاو و ڕێزى به‌ڕێز وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكايان به به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گه‌ياند.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سوپاسالارى پێشمه‌رگه و ژماره‌يه‌ك له به‌رپرسانى ديكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، ئاماده بوون.