سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ كاردينال ساكۆ كرد

پێشنيوه‌ڕۆ رۆژی سێشه‌ممه‌ 2023/7/25 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز كاردینال لویس ساكۆ، پاتریارك و سەرۆكی ‏كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد.‏

له‌ ديدارێكدا ده‌رباره‌ى كشاندنه‌وه‌ى فه‌رمانى سه‌رۆكايه‌تيى كۆمارى عێراقى تايبه‌ت ‏به‌ كه‌نيسه‌ى كلدانى، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ گرنگه‌ عێراق به‌ ‏هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ خێمه‌يه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌ ئايينى و ‏نه‌ته‌وه‌ييه‌كان بمێنێته‌وه‌ و هيواى خواست به‌ڕێز سه‌ركۆمارى عێراقى فيدرال به‌ ‏زووترين كات ئه‌و كێشه‌يه‌ چاره‌سه‌ر بكات.‏

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ژيان و ‏يه‌كترقبووڵكردن، بڕوا و پره‌نسيپه‌ و جوانيى عێراق له‌وه‌دايه‌ نيشتمانى هه‌موو ‏پێكهاته‌كان بێت و تيايدا مافى هه‌مووان پارێزراو بێت.‏

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز كاردينال ساكۆ سوپاس و پێزانينى بۆ پشتيوانيى سه‌رۆك ‏نێچيرڤان بارزانى ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان سه‌رزه‌مينى ‏پێكه‌وه‌ژ‌يان و يه‌كترقبووڵكردنه‌ و شانازى پێوه‌ ده‌كه‌ن‌. ‌ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ ئه‌و ‏كێشه‌يه‌ هه‌رگيز ڕێگه‌ له‌ كار و ئه‌ركه‌كانى ناگرێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ‏پارێزگاريكردن له‌ عێراق و پێكه‌وه‌ژيان.‏

دۆخى ده‌شتى نه‌ينه‌وا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ست به‌ دۆخى كه‌نيسه‌ و ‏مه‌سيحييه‌كان به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێز وه‌زيرى ئه‌وقاف و ‏كاروبارى ئايينیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى بوو.‏

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-receives-cardinal-sako/

Read کد خبر: 3055

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی