سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا كۆبووه‌وه‌‏

به‌يانيى ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 2023/8/24 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز هاكان فيدان، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا که‌ به‌ڕێزان جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ی بوون، په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ‏بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان، په‌يوه‌ندى و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ‏گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنيان، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى تاوتوێ ‏كران.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانه‌كه، دووپاتى ‏كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ گرنگى و بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ توركيا ‏ده‌ڕوانێت كه‌ به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌شى ئابوورى، بازرگانى و ئه‌منى پێكه‌وه‌ ‏ده‌يانبه‌ستێته‌وه و ئاماده‌يه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بره‌و به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ ‏ئه‌نقه‌ره‌ بدات، هه‌روه‌ها سوپاسى توركياى كرد بۆ پشتگيرى له‌ هه‌رێمى كوردستان ‏له‌ هه‌موو بواره‌كان و به‌تايبه‌تى له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا و ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ هه‌رێمی ‏كوردستان هه‌رگيز پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى توركيا له‌بير ناكات.‏

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ توركيا ‏گرنگييه‌كى تايبه‌ت به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌دات و ‏به‌غدا و هه‌ولێر گرنگييه‌كى تايبه‌تيان بۆ توركيا هه‌يه‌. به‌ڕێزيان ستايشى ئارامى و ‏سه‌قامگيريى هه‌ولێر و هه‌رێمى كوردستانى كرد و ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى بۆ ‏فراوانكردنى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوولا له‌ هه‌موو ‏بواره‌كاندا ده‌ربڕى. هه‌روه‌ها سوپاسى ڕۆڵى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد له‌ ‏بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ توركيا.‏

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ بايه‌خه‌وه‌ باس له‌ پرسى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى ‏نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌يهانى توركييه‌وه‌ كرا و ‏له‌مباره‌يه‌وه‌ بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌، هه‌روه‌ها دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ‏جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، خرانه‌ به‌ر باس.‏

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-turkish-foreign-minister-2/

 

Read کد خبر: 3071

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی