په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ ساڵى تازه‌ى زايينيدا

ساڵى تازه‌ى زايينى (٢٠٢٤) له خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، هێزه‌كانى ناوخۆ و ته‌واوى كوردستانييان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ له‌ هه‌ر كوێ بن، له‌ گه‌لانى عێراق و جيهان به‌گشتى پيرۆز ده‌كه‌م. هيواى ساڵێكى پڕ له‌ ئارامى و خۆشى و سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان ده‌خوازم.

به‌هۆى لێكه‌وته‌كانى دۆخى سياسى، ئه‌منى، ئابوورى و كێشه‌ و قه‌يرانه‌كانه‌وه‌‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ساڵێكى سه‌ختمان به‌ڕێكرد كه‌ تيايدا ڕووبه‌ڕووى چه‌ندين مه‌ترسى و ئاڵنگارى بووينه‌وه‌.

ناته‌بايى و ناكۆكيى سياسيى ناوخۆ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خراپى به‌سه‌ر توانا و پێگه‌ى كوردستانه‌وه‌ له‌ عێراق و ده‌ره‌وه‌ هه‌بوو. بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان نه‌توانێت وه‌ك پێويست ماف و شايسته‌ ده‌ستوورييه‌كانى به‌ده‌ست بهێنێت. هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان دوا خرا، له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانيشدا له‌ ناوچه‌كانى ماده‌ى (140) كاريگه‌رييه‌ خراپه‌كانى، ديار بوون.

پێچه‌وانه‌ى ڕێككه‌وتنه‌ سياسييه‌كان و ده‌ستوور، وێڕاى هه‌موو گفتوگۆ و هه‌وڵ و پابه‌ندييه‌ك، زۆرێك له‌ ماف و شايسته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ عێراق فه‌راهه‌م نه‌بوون. چه‌ندين جار به‌ هێرش و په‌لاماری درۆنی، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان كرا.

جێبه‌جێنه‌کردنی ڕێککه‌وتنه‌ سیاسییه‌کان و نه‌ناردنی شایسته‌ و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، جگه‌ له‌ زيان هيچ سوودێكى ديكه‌ به‌ عێراق ناگه‌يه‌نێت. له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ هه‌مووان به‌ گيانى به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌ش، به‌ يه‌كترقبووڵكردن و ته‌بايى، به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن، كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و تێپه‌ڕاندنى قه‌يرانه‌كان بكه‌ين.

با له‌ ساڵى تازه‌دا‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌ند و وانه‌ له‌ ڕابردوو وه‌رگرين و پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر و سه‌قامگير و ئاسووده‌ هه‌نگاو بنێين. با قه‌يران و ئاڵنگارييه‌كان بكه‌ينه‌ ده‌رفه‌ت و به‌رژه‌وه‌نديى گه‌ل و نيشتمان، ئامانج و كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان بێت. عێراق به‌ پێكهاته‌كانييه‌وه‌ به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و ته‌نيا به‌ ته‌بايى و پێکه‌وه‌یی، هه‌مووان براوه‌ن.

له‌م بۆنه‌يه‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و جيهاندا، له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزله‌يه‌كگرتن و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، بره‌و به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌دات. وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى و به‌ هاوبه‌شێكى‌ كاراى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و زێدى فره‌يى و پێكه‌وه‌ژيان ده‌مێنێته‌وه‌. ‌

به‌ هيوا و ئومێده‌وه‌ له‌ داهاتوو ده‌ڕوانين و ساڵى نوێ له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2023/12/31

 

https://presidency.gov.krd/congratulations-to-president-nechirvan-barzani-on-the-occasion-of-the-new-year/

Read کد خبر: 3144

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی