بەبۆنەی كۆتایی هاتنی كارەكانی وەك باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق، ئەمڕۆ بەڕێز ماساتۆ تاكاوكا سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كردو لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لێكرا.
لە دیدارەكەدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرماگە ئامادەبوو، فەلاح مستەفا ستایشی رۆلی باڵیۆزی ژاپۆنی كرد كە لە ماوەی كاركردنی لە عیراق رۆلی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ژاپۆن. هاوكات ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی نیشاندا بۆ هەر هەنگاوێكی تازە بۆ فراوانكردنی بواری پەیوەندیە دوقۆڵیەكان.
هەروا گوتی : حكومەتی هەرێم بایەخی تایبەت بە پەیوەندیەكانی لەگەڵ ژاپۆن دەدات و ئارەزووی تەواوی هەیە بۆ پتەوتر كردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەم وڵاتە و دەمانەوێت سوود لەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی ژاپۆن وەرگرین بۆ بونیادنانەوەی وڵاتەكەمان و پێمان وایە ژاپۆن دەتوانێت هاوكارمان بێت لە گشت بوارەكاندا.
فەلاح مستەفا سوپاسی باڵیۆزی ژاپۆن و گەل وحكومەتی ژاپۆنی كرد بۆ هاوكاری كردنی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم، بە تایبەت باڵیۆزی ژاپۆن كە خۆی لە نزیكەوە كەمپەكانی ئاوارەكانی سوریای بەسەركردۆتەوەو ئەمڕۆش سەردانی كەمپی باسرمەی كردووە.
لەبەرامبەردا باڵیۆز ماساتۆ خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە دەربڕی دووپاتیكردەوە حكومەتی ژاپۆن بڕوای وایە حكومەتی هەرێم سەركەوتوانە هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ بۆ گەشەپێدانی هەرێم و پەرەدان بە پەیوەندیە دەركیەكان. هەروا سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی كرد كە هەمیشە هاوكارو هەمانگكاربوونە لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی بۆ سەرخستنی بەرنامەو چالاكیەكانی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان.
لە كۆتایدا هەردولا بیروڕایان ئاڵوگۆركرد سەبارەت بە رەوشی ئەمنی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئاڵۆزی رەوشی سوریا و بەردەوامبوونی قەیرانەكە و كاریگەری لەسەر لە ناوچەكە.