وڵاتی سوید و هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكان دەكەنەوە

بەمەبەستی پتەوكردنی زیاتری پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی سوید، ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت، پێشوازی لە خاتوو جیسیكا سڤاردسترۆم بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی سوید لە هەرێم كرد.

لە دیدارێكدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوو، باس لە پەیوەندیە دووقۆڵیەكان و بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عیراق و پرسی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەت و رەوشی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم كرا.

فەلاح مستەفا پوختەیەكی لەسەر رەوشی هەنووكەیی هەرێم و سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا پێشكەش كردوو گووتی حكومەتی هەرێم جەخت لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و پرەنسیپی دیالۆگ دەكاتەوە بۆ چارەسەركردنی پرسەكانی نێوان هەولێرو بەغدا. هەروا گووتی هەوڵەكان بەردەوامن بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەت.

هەردوولا باسیان لە بایەخی بەرەو پێشبردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەكان كرد وێڕای هاندانی كەرتی تایبەت و فراوانكردنی بواری پەیوەندیەكان. لەم رووەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئاماژەی بەوەدا كە بەم دواییە حكومەتی هەرێم نوێنەرێكی دیكەی لە سوید دەستنیشان كردووەو هیوادارین دامەزراوە فەرمیەكانی ئەم وڵاتە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ بكەن .

هەر لە دیدارەكەدا باسیان لە پێشهاتە سیاسیەكانی عیراق و ناوچەكە كرد و تیشك خرایە سەر ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی عیراق و هیوایان خواست هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت. هاوكات باس لە رەوشی نالەباری پارێزگای ئەنبارو مەترسیەكانی ئەو تەنگژەیە كرا، فەلاح مستەفا هیوای خواست كە حكومەتی فیدراڵ بتوانێ‌ حەكیمانە ئەم قەیرانە چارەسەر بكات.

دواتر باس لە تەنگژەو ئاڵۆزیەكانی سوریا و پرسی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم كرا. هەردوولا نیگەرانی خۆیان خستەڕوو كە رۆژانە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی مەدەنی دەبنە قوربانی ململانێی سەربازی و نزیكەی 3 ملیۆنیش ئاوارەی وڵاتانی دیكە بوونە. بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی لەڕووی مرۆییەوە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێ‌ زیاتر بەهانای ئەم ئاوارانە بێت چونكە پێویستیان بە كۆمەك و یارمەتی هەنووكەیی هەیە. هەر لەم رووەوە باس لە كۆنفڕانسی مرۆیی وڵاتانی كۆمەك بەخش بۆ ئاوارەكانی سوریا كرا كە بەم دواییە لە وڵاتی كوێت بەڕێوەچوو.

خاتوو جیسیكا سڤاردسترۆم كە هاوكات هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی سویدە لە عیراق،  وێڕای نیشاندانی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو دیدارە، هیوای خواست بتوانن ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان سوید و هەرێمی كوردستان بگەیەننە قۆناغێكی پێشكەوتووتر.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 323

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی