سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا كۆبۆوە

  • هەینی, 21 شوبات 2014

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سكرتێر و سەرۆكی دوازدە حزبی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا كۆبۆوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا لایەنە سیاسییەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا ڕاوبۆچوونی خۆیان لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و، هەروەها قسەیان لەبارەی چۆنییەتیی كاركردن و هاوكارییان لەگەڵ ئەنجوومەنی گەل كرد.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئەوەیش باس كرا كە لە مانگی 12ـی ساڵی 2013 بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانی و ئەنجوومەنی گەل بڕیار دراوە كە بەڕێوەبردنی سنووری فیشخابوور بەشێوەیەكی هاوبەش بێت بەڵام ئێستا ئەو بەڕێوەبردنە ڕادەستی كانتۆنی جزیرە كراوە و كارمەندەكانی سەر بە لایەنە كوردییەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد دەركراون و لە بەڕێوەبەرایەتیەكە نەماون. لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا لایەنە سیاسییەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا جەختیان لەسەر پاراستنی یەكڕیزیی گەلی كورد كردەوە هەر چەندە لایەنی بەرانبەریان پێچەوانەی ئەم بنەمایە ڕەفتار دەكات.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە لایەنە سیاسییەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریای ڕاگەیاند كە لەگەڵ یەكدەنگیی لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوادایە و پاڵپشتیی هەر بڕیارێكیش دەبێت كە كۆدەنگیی هەموو لایەكی لەسەر بێت. سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بەوەدا كە سەبارەت بە دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژئاوا هەر هەڵوێستێك بە كۆدەنگیی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەربچێت جێگەی بایەخە و بە پەسندی دەزانێت.

 هەینی, 21 شوبات 2014

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 381

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی