ئێوارهى ئهمڕۆ یهكشهممه 2ى ئازارى 2014، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و ژمارەیەك لە پیاوانی خاوەنكار و سەرمایەدارانی كەرتی تایبەت، پڕۆژەی شاری جوان لە سلێمانی كرایەوە كه هۆتێلى پێنچ ئهستێرهیى "میلینیۆم هۆتێل ـ سلێمانى" لهخۆ دهگرێت.
لە ڕێوڕەسمەكەدا فارووقی مەلا مستەفا خاوەنی كۆمپانیای فارووقی جێبەجێكاری پرۆژەكە لە وتەیەكدا ڕوونى كردهوه كه ئەم پرۆژەیە گرنگیەكی زۆری بۆ سلێمانی هەیە و بە تەواوبوونی ئیتر سلێمانی دەتوانێت میوانداری كۆنگرە و كۆنفرانسی گەورە لەسەر ئاستی بەرز بكات و ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی بەشەكانی پرۆژەكەی پێشكەش كرد و هاوكات سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانى كرد بۆ پاڵپشتیكردنی پرۆژەكانی كەرتی تایبەت، بەتایبەتی پڕۆژەكانی كۆمپانیاكەی كە دووپاتی كردەوە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندان.
پاشان له وتهیهكدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بەوە نیشان دا كه لە بۆنە و ڕووداوێكی گرنگ لە شاری سلێمانی بەشدار دەبێت، كە بۆ ئەم شارە پێویست بوو، هاوكات سوپاسی فارووقی مەلا مستەفای كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە و ئاماژهى بهوه دا كه ئەمە لە دڵسۆزیی خۆیەتی بۆ سلێمانی و بۆ پێشخستنی بواری گەشتوگوزاری لە هەرێم بەگشتی.
سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە كردنەوەی ئەم پڕۆژەیە، چیرۆكێكی دیكەی سەركەوتنی پرۆسەی پەرەسەندن و بنیانتانەوە و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستانە، كە هەر لە سەرەتاوە كەرتی تایبەت ڕۆڵێكی دیار و كاریگەری تیادا بینیوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا وەبەرهێنەران لە سایەی سیاسەتی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە زەمینەیەكی زۆر گونجاویان بۆ ڕەخساوە بە شێوەیەكی زۆر كارا، ببنە بەشێكی سەرەكی لە پێشخستن و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان و حكوومەت هەر لە سەرەتاوە بڕوای وا بووە كوردستان بەبێ بەشداریی كەرتی تایبەت ناتوانێت پەرە بستێنێت و گەشە بكات و كەرتی تایبەتی بە داینەمۆی پێشكەوتنی هەر وڵاتێكی وەسف كرد، ههروهها تیشكى خسته سهر گرنگیی ئەم كەرتە و وای كرد حكوومەتی هەرێم هەر زوو یاسایەك بۆ هاندانی وەبەرهێنەرانی خۆماڵی و دەرەكی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا دەربكات.
نێچیرڤان بارزانی ستایشی خاوەنكار و وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەت كرد لە هەرێمی كوردستان كە بە شێوەیەكی دڵسۆزانە كاریان بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەكانیان لە كوردستاندا كردوە و داواشی لێ كردن هەوڵ و كۆششی بەردەوامی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی سەرمایەكانیان لە هەرێمی كوردستان وەگەڕ بخەن و دەرفەتی كاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان برەخسێنن.
هەروەها ئەوشی ڕوون كردەوە حكوومەت دیدگایەكی ڕوونی بۆ بواری گەشتوگوزاری هەیە و ونیشانی دا گەشتیاری دەتوانێ ببێتە یەكێك لە سەرچاوە هەرە سەرەكییەكانی ونەیشاردەوە كه ئەم بوارە كەموكوڕی تیادایە و پێویستی بە ژێرخانێكی ئابووری هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بتوانن كاری لەسەر بكەن.
نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستە سەر گرفت و كەموكوڕیەكانی بواری ئابووری لە هەرێم بەو پێیەی زۆربەی خەڵك پشتیان بە دامەزراندن لە حكوومەت بەستووە و نیشانی دا ئەم مەسەلەیە ڕەگ و ڕیشەی خۆی هەیە كە لە دوای وێرانكردنی لادێەكانی كوردستان لە ساڵی 1975 دەستپێ دەكات، كاتێك خەڵكی لادێكانیان لە حكوومەت دادەمەزراند و ئەم مەسەلەیەش لە ناچاری هەر بەردەوام بوو.
هیواشی خواست قوتابیان جگە لە خوێندن بۆ فێربوونی پیشە هان بدرێن و گرنگی بە كردنەوەی قوتابخانەی پیشەیی بدرێت بۆ ئەوەی شارەزایی باش لە لایەن قوتابیانی كوردستانەوە هەبێت بۆ ئەو پیشانەی وڵات پێویستی پێیەتی، نەوەكو بۆ بچووكترین شتیش شارەزا و كەلوپەل لە دەرەوە بهێندرێن، ئەگینا وڵات بەرەو هەڵدێر دەچێت و ئەوەشی خستە ڕوو كە هیچ حكوومەت و سیستەمێكی دنیا هەموو دەرچوانی زانكۆ دانامەزرێنێت و تەنها پشت بەستنی هاووڵاتیانی بە كەرتی حكوومی بە كارێكی هەڵە لە قەڵەم دا.
لە كۆتایی وتهكهیدا سەرۆكی حكوومەت دەستخۆشی لە فارووقی مەلا مستەفا و هەموو بازرگان و وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەت كرد بۆ خەمخۆریان بۆ پێشخستنی هەرێمی كوردستان و هیوای خواست پڕۆژەكانیان هەمیشە زۆر بێت و هەموو كوردستان لە زاخۆ تا خانەقین سوودی لێ ببینێت.
شیاوی باسە شاری جوان لە سلێمانی لەسەر پانتایی 248 هەزار مەتر زەوبی چوارگۆشە دروست كراوە و 260 ملیۆن دۆلاری تێچووە، پێكهاتووە لە 39 نهۆم و 253 ژووری نووستنی بچووك و مامناوەند و گەورە و شاهانە، 4 بازاڕی گەورە و هۆڵی كۆبوونەوە و ئاهەنگگێڕان و سینەما و 2 چێشتخانە و شوێنی زیاتر لە 1000 كەسی تیادا دەبێتەوە، كە یەكێكیان دەكەوێتە كۆتایی هۆتێلەكە و لەماوەی یەك كاژێردا جارێك بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە.
یەک شەممە, 02 ئازار 2014