ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە شاندێكی كۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی سەربەخۆی پەیوەست بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە سوریا كرد بە سەرۆكایەتی بەڕێز پاولۆ سێرجیۆ پینهێرۆ .
لە دیدارەكەدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەو دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەو ژمارەیەك لە راوێژكاران ئامادەبوون، بەڕێز پێنهێرۆ كورتەیەكی لەبارەی گرینگی دامەزراندنی ئەم كۆمیسیۆنە خستەڕوو، كە لە سێبتەمبەری 2011 دەست بەكار بووەو لە ساڵی 2012 بەمەبەستی هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی و پێشێلكارییەكان دژ بە مافی مرۆڤ سەردانی سوریای كردووە و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبۆتەوە، بەڵام هەوڵەكانی بێ ئاكام بووە.
سەرۆكی شاندەكە مەبەستی سەردانەكەی بۆ هەرێم روونكردەوە كە بۆ زیاتر ئاگاداربوونە لە كەیسەكانی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە سوریا وچۆنێتی هاوكاری كردنی قوربانیانی توندوتیژی.
هەروا گووتی كۆمیسیۆن لەكاتی ڕوودانی كێشە و ململانییەكان كاری خۆی دەكات و ڕاپۆرتی خۆی بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرز دەكاتەوە و هەوڵ دەدات دەنگی قوربانیانی توندوتیژی و جەنگ بەرز بكاتەوە و هاوكارییان بكات و لەهەمان كاتدا كار دەكات بۆ ناساندنی كەیسی تاوانكاران بە دادگای نێودەوڵەتی تاوان بەمەبەستی دادگایی كردنیان.
فەلاح مستەفا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی شاندی میوان كرد و ڕوونی كردەوە كەوا حكومەتی هەرێم بە بایەخەوە دەڕوانێتە پرسەكانی مافی مرۆڤ و بە توندی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ ئیدانە دەكات و هەموو هەوڵ وكۆششی خۆی دەخاتە گەڕ لەپێناو پاراستنی مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ.
هەروا گووتی تا ئێستا هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نزیكەی 300 هەزار ئاوارەی سوریا كردووە و تاوەكو ئێستا بەبڕی زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلار كۆمەكی دارایی ئاوارەكانی كردووە و هەموو هەوڵێك دەدات بۆ باشتر كردنی بارودۆخیان لە ڕووی تەندروستی و پەروەدەیی گوزەرانی رۆژانە.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت جەختی لەوەش كردەوە كەوا هەرچەندە ئەركی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە كۆمەك و یارمەتی پێویست پێشكەش بە ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان بكەن و قەبارەی یارمەتییەكان بگەیننە ئاستی پێوویست ، بەڵام دەخوازین كۆمیسیۆنیش لە ڕێگەی ڕاپۆرتەكانیەوە دەنگی هەرێمی كوردستان بگەیەنێتە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ زیاتر گرینگی دان بە بارودۆخی ئاوارەكان.
فەلاح مستەفا ئاماژەی بە سیاسەتی حكومەتی هەرێم دا كە باوەڕی تەواوی بە بەهاكانی دیموكراسی و فرەیی و لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە هەیە، بۆیە ئەمڕۆ بێجگە لە ئاوارەكانی سوریا، نزیكەی 26 هەزار خانەوادەی مەسیحی عیراق و 30 هەزار ئاوارەی پارێزگای ئەنبار ڕوویان لە هەرێم كردووە و لەسایەی سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاسایشی هەرێم دەژین.
لە كۆتاییدا فەلاح مستەفا دووبارە هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و گەیاندنی پەیامی مرۆیی بۆ شاندی میوان خواست.
جێگەی باسە كۆمیسیۆنی ناوبراو وەكو لایەنێكی سەربەخۆ لە 5 ی ئاداری ئەمساڵ ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ و پێشێلكارییەكان لە سوریا بڵاودەكاتەوە و لە كاتی ئامادەكردنی ڕاپۆرت پشت بە زانیاری و ڕاپۆرتەكانی ئاژانس و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەبەستێت.
دوو شەممە, 03 ئازار 2014