لە هەولێر فەلاح مستەفا بەشداری لە رۆژی خاكی فەڵەستینی كرد

  • هەینی, 04 نیسان 2014

ئەمڕۆ كونسوڵگەری گشتی فەڵەستین لە هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و دبلۆماتكارانی وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر و كارمەندانی كونسوڵگەریەكەیان و رەوەندی رەوەندی فەڵەستینی لە هەولێر مەراسیمێكی بۆ یادكردنەوەی رۆژی خاكی فەڵەستینی رێكخست.

لە وتەیەكدا باڵوێز نەزمی حەزوری كونسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەرێم دوای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، گووتی گەلی فەڵەستین 30ی ئازاری هەموو ساڵێك ئاهەنگی رۆژی خاك دەگێڕێت و ئەم رۆژەشی بە رۆژی نیشتمانی ناوبرد.

پاشان سوپاسی خۆی پێشكەش بە گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ پشتیوانی و هاوسۆزی بەردەوامیان بۆ گەلی فەڵەستین. هاوكات سوپاسی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كرد بۆ پشتیوانی كردنی گەلی فەڵەستین و گووتیشی ئێمە شانازی بە بوونمان لێرە دەكەین. پاشان سوپاسی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كرد بۆ هەڵوێستەكانی و بۆ پاڵپشتی بەردەوامیان بۆ ئەنجامدانی كارو چالاكیەكانیان.

دواتر فەلاح مستەفا بەم بۆنەیەوە وتەیەكی بەناوی حكومەتی هەرێم پێشكەش كردو سوپاسی كونسوڵگەری گشتی فەڵەستینی لە هەولێر كرد بۆ بانگهێشت كردنیان بۆ بەشداری كردن لەو یادكردنەوەیەدا. هەر بەم بۆنەیەشەوە پشتیوانی گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ گەلی فەڵەستین دووپاتكردەوەو جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە گەلی كوردستان زۆر بەباشی لە ئازارەكانی گەلی فەڵەستین تێدەگات. هاوكات هیوای بەدیهێنانی ئاواتەكانیان خواست بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە شەرعیەكانیان بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتیەكان بۆ چارەسەركردنی پرسەكەیان كە خۆی لە دامەزراندنی دوو دەوڵەتدا دەبینێتەوە.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە گووتی گەلی كوردستان پشتیوانتان دەبێت بۆ بەدەست هێنانی مافەكانتان و پێویستە وەڵاممان بۆ هەر ستەمێك بۆنیادنان و گرینگی دان بێت بە خاك و ژینگە.  هەربۆیە هەڵبژاردنی داری زەیتون و چاندنی گوزارشتە لە ئاشتی كە دروشمی خەباتی گەلی كورد بووە لەكاتی شۆڕشەكان و هەروەها هەڵبژاردنی ئاشتی بووە لەكاتی گفتوگۆكاندا. گووتیشی گەلی فەلەستین دەتوانن لەڕێگەی گفتوگۆكانەوە بە ئامانجەكانیان بگەن و پێویستە لەسەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە كار كردن بۆ سەرخستنی گفتوگۆكان، چونكە ئێمە كە لە سەدەی بیست و یەكدا دەژین نابێت گەلێك هەبێت لە مافەكانی خۆی بێبەش بێت. لەكۆتایی وتارەكەشیدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پشتیوانی بۆ گەلی فەڵەستین دوپات كردەوە.

هەر لەم بۆنەیەداو دوای خوێندنەوەی وتارەكان، فەلاح مستەفا و نەزمی حەزوری بە یاوەری هەریەك لە كونسوڵی میسرو گونسوڵی گشتی ئوردن و كونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەولێرو كارمەندانی كونسوڵگەری گشتی فەڵەستین لە هەرێم و رەوەندی فەڵەستینی، وەك پەیامێك بۆ ئاشتی، لە گۆڕەپانی كونسوڵگەری گشتی فەڵەستین لە هەولێر نەمامێكی زەیتون چێنرا.

هەر لە مەراسیمەكەدا چەند پەخشان و هۆنراوەو هۆزان بە بۆنەی رۆژی خاكی فەڵستینی پێشكەش كران.
 

 

  • هەینی, 04 نیسان 2014

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 473

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی