نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق كرد

  • دوو شەممە, 14 نیسان 2014

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ى نیسانى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ ستیفن بیكرۆفت باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد له‌ ژماریه‌ك له‌ به‌رپرسان له‌ باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا و كونسولخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر پێكهاتبوون.

 

له‌ دیدارێكدا بارودۆخى ئێستاى عیراق و پرسى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كۆتاییى ئه‌م مانگه‌ى عیراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵسه‌نگاندنى هه‌ڵمه‌تى پڕۆپاگه‌نده‌ و پێشنبینیى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان خرانه‌ به‌ر باس و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیى به‌ڕێوه‌چوونێكى ئارام و بێ كێشه‌ى پرۆسه‌ى ده‌نگدان كرده‌وه‌.

 

هه‌روه‌ها باس له‌ پرۆسه‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دیالۆگى پارتى دیموكراتى كوردستان وه‌ك لایه‌نى یه‌كه‌مى براوه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان بۆ دامه‌زراندنى كابینه‌ى هه‌شته‌م و خواستى پێكهێنانى كابینه‌یه‌ك به‌ به‌شداریى هه‌موو لایه‌نه‌كان، كرا.

 

په‌یوه‌ندییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى عیراق و كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختى له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ى یالۆگه‌وه‌ كرده‌وه‌.

 

ده‌رباره‌ى دۆسیه‌ى نه‌وتیش باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ گفتوگۆى نێوان هه‌ولیر و به‌غدا له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌ و گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیى هه‌موو عیراقدا بێت نیشان دا و سوپاسى هه‌ڵوێستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد كه‌ هه‌میشه‌ ویستوویه‌تى كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ى لێكگه‌یشتنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات. هه‌روه‌ها ده‌ستپێشخه‌ریى سه‌رۆك وه‌زیران و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هه‌نارده‌كردنى ڕۆژانه‌ى سه‌د هه‌زار به‌رمیلى نه‌وت تا دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێك بۆ دۆستایى نه‌وت به‌ هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى و مایه‌ى ده‌ستخۆشى له‌ قه‌ڵه‌م دا.

 

له‌ كۆتاییى دیداره‌كه‌دا بارودۆخى ناوچه‌كه ‌به‌ گشتى و كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جیهان و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و وڵاتانى دراوسێ  تاوتوێ كران.

 

 دوو شەممە, 14 نیسان 2014

 

 

 

Read کد خبر: 480

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی