ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی 4ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕۆبێڕت ستیڤێن بیكڕۆفت باڵیۆزی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق بە گشتی و پارێزگای ئەنبار بە تایبەتی خرایە بەر باس و ڕێگەچارەكانی قەیرانی سیاسی و دۆخی نالەباری ئەمنی تاوتوێ كران و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵ نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە قەیرانی سیاسی و تێكچوونی باری ئەمنی لە عێراق و بە تایبەت پارێزگای ئەنبار بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.
هەر لەم دیدارەدا قسە لەبارەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی و كاریگەرییەكانی ئەو هەڵبژاردنە لەسەر گۆڕینی نەخشەی سیاسیی عێراقی كرا و هەردوولا هیوایان خواست ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ببێتە هۆی كردنەوەی گرێكوێرەكان و كۆتاییهاتن بە تەنگژە و قەیرانەكانی عێراق.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و قەیرانی سووریا تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوو.
دوو شەممە, 14 نیسان 2014