ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی 4ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژەنەڕاڵ بێدنارك بەرپرسی نووسینگەی هاریكاریی ئاساییشی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە كۆنسوڵی ئەمەریكا لە شاری هەولێر و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری سەربازیی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا پێكهاتبوون.
لە دیدارێكدا سەرەتا ژەنەڕاڵ بێدنارك سوپاس و خۆشحاڵی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و كورتەیەكی لەو پلانە ئەمنی و سەربازییانە خستەڕوو كە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە عێراقدا گیراوەتەبەر. بەرپرسی نووسینگەی هاریكاریی ئاساییشی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا نیگەرانیی خۆی نیشاندا لە زیادبوونی كردە تیرۆریستییەكان و فراوانبوونی هێزی تیرۆریستان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان ئاماژەی بەوەدا كە بارودۆخی ئەمنیی عێراق گەییشتووەتە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار و هیوای خواست كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ببێتە هۆی ئەوەی كۆتایی بە گرفتە ئەمنییەكانی عێراق بهێنێت چونكە سەرچاوەی بوونی كێشەی ئەمنی دەگەڕێتەوە بۆ كەڵەكەبوونی گرفتە سیاسییەكانی عێراق و كێشەی ئەمنی كاتێك بە تەواوەتی بنبڕ دەبێت كە قەیرانی سیاسیی عێراق چارە بكرێت.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كرا و قسەیش لەبارەی ئەو ڕێگەچارەیانە كرا كە بۆ باشتربوونی دۆخی ئەمنیی عێراق پێویستە.