هه‌رێمى كوردستان و ته‌ته‌رستان بواره‌كانى هاریكاریى هاوبه‌ش تاوتوێ ده‌كه‌ن

  • شەممە, 03 ئایار 2014

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3ى ئایارى 2014 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ ڕوسته‌م مینیخانۆف؛ سه‌رۆك كۆماری ته‌ته‌رستان له‌ ڕووسیاى فیدرال و شاندێكى یاوه‌رى كرد، دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ هه‌ینى له‌ ڕێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێره‌وه‌ به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌یشته‌ هه‌رێمى كوردستان.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌رۆك كۆمارى ته‌ته‌رستان خۆشحاڵیى خۆى به‌م ده‌رفه‌ته‌ بۆ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى كه‌ تیایدا ژماره‌یه‌ك له‌ خاوه‌نى كۆمپانیا گرنگه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ بواره‌كانى پشه‌سازیى نه‌وت و گاز و پترۆكیمیاییه‌كان و ئامێره‌كانى ڕاكێشانى قورس و دروستكردنى هیلیكۆپته‌رى خزمه‌تگوزارییه‌ جیاكانى وه‌ك ئاگركوژێنه‌وه‌ و ئه‌مبۆلانس و پۆلیس و ئاى تى و چه‌ندین كۆمپانیاى بوارى دیكه‌ پێك دێت. هه‌روه‌ها كورته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى كولتوور و ڕۆشنبیرى و مێژوو و جووگرافیا و بارى ئابووریى ته‌ته‌رستان و پێشكه‌وتنى وڵاته‌كه‌یان و ئه‌زموونى كۆماره‌كه‌یان له‌ چوارچێوه‌ى ڕووسیاى فیدراڵدا پێشكه‌ش كرد.

پاشان هه‌ر یه‌كه‌ له‌ خاوه‌ن و نوێنه‌رانى كۆمپانیاكانى یاوه‌رى، توانست و بوارى پسپۆڕییان بۆ سه‌رۆك وه‌زیران خسته‌ ڕوو و ڕوونیان كرده‌وه‌ كه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نزیكه‌وه‌ ببینن و بزانن تا چه‌ند ده‌رفه‌تى هاوكارى و هاریكاریى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ته‌ته‌رستان ده‌بێت و بواره‌كانى پێكه‌وه‌كاركردن بۆ به‌رژوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ردوولا له‌ قۆناغه‌كانى داهاتوودا چۆن ده‌بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى به‌ ناوى خۆى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ خۆشحاڵیى خۆى به‌م سه‌ردانه‌ و به‌ ڕه‌خسانى ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ده‌ربڕى و ده‌ستپێشخه‌رى و بڕیارى هاتن و سه‌ردانى ئه‌وانى بۆ هه‌رێمى كوردستان بۆ دروستكردنى بوارى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ ئاینده‌دا به‌رز نرخاند. هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كى كارا دواى ڕووخانى ڕژێمى به‌عس ده‌ستى به‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌ندانكردنه‌وه‌ كردووه‌ و پێویستى به‌ هاوكاریى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان و پێشخستنى ژێرخان و بووژاندنه‌وه‌ى ئابووریى‌ هه‌رێمى كوردستان.

 

سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌كوو ده‌روازه‌یه‌ك بۆ هه‌موو به‌شه‌كانى دیكه‌ى عیراق ده‌بێته‌ خاڵى پێشوازى و دڵنیایه‌ له‌وه‌ى چه‌ندین بوارى هاوبه‌ش هه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوولا ده‌توانن سوودى لێ وه‌ربگرن، ب تایبه‌تى ئه‌و بوار‌انه‌ى كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێم به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یریان ده‌كات بۆ دابینكردنى ئاینده‌یه‌كى گه‌ش بۆ وڵاته‌كه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا تیمێكى كارى هاوبه‌ش له‌ هه‌ردوولا پێك بێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى كرده‌یى له‌و لایه‌نانه‌ بكۆڵنه‌وه‌ كه‌ ده‌توانرێ له‌ سوود و به‌رژوه‌ندیى هه‌ردوولا ‌بێت و ببێته‌ بنه‌ماى كارى هاوبه‌ش له‌ ئاینده‌ و هه‌ردوو پێكه‌وه‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ى هاوكارى و هاریكاریى هاوبه‌ش دابنێن.

له‌ كۆتاییدا نێچیرڤان بارزانى پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى پیشه‌سازیى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ له‌ دواى ڕووخانى رژێمى به‌عسه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوى جددى له‌م بواره‌دا ناوه‌، به‌ڵام هێشتا كارێكى وا له‌ بوارى پترۆكیمیاییه‌كاندا نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت له‌م بواره‌دا بۆ دامه‌زراندنى ئه‌م پیشه‌سازییه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان؛ سوود له‌ ئه‌زموونى ته‌ته‌رستان وه‌ربگیرێت.

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 505

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی