"محەممەد سدیق" (جگەرخوێن) بۆ تۆڕی میدیایی رووداو: هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی هەڵقوڵاوی ئیرادە و خواستی خەڵكن

رووداو ـ هەولێر: "محەممەد سدیق" جێگری نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران لە وەڵامی بابەتێكی رۆژنامەی رەساڵەت كە لە ژمارەی پێشووتری ئەو رۆژنامەیەدا لە ژێر نێونیشانی "یاری بارزانی لە یاریگای سەهیۆنیستەكان" بڵاوكراوەتەوە  رایدەگەیەنێ:

"گوتارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە گشتی لە هەندێك لە میدیاكانی ئێران بە شێوەیەكی داڕێژرا و پارچەپارچە و بەكەڵك وەرگرتن لە سەرچاوەی باوەڕپێنەكراو بڵاودەبنەوە كە قسەكانی بە شێوەیەكی پێچەوانەوە نیشاندەدرێن".

 "محەممەد سدیق" (جگەرخوێن) بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت: "هیچ یەك لە پێكهاتەكانی عێراق  و لایەنە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە بە قەدەر كورد پێداگرییان نەكردووە لە جیبەجێكردنی یاسا و بەرقەراركردنی دیموكراسی لەو وڵاتەدا، هەر بۆیە هەوڵەكانی حكومەت و سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان لە لایەن چاودێرانی ئاگا و بێ لایەن وەك بنەمایەكی بنەڕەتی بۆ جێبەجیكردن و پشتیوانی لە دیموكراسی دانراون".

 جێگری نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەشڵێت "لە دوای ئەو قەیرانەی ئەم دواییانەی عێراق و لە ناوچەیەكی زۆری ئەو وڵاتە و لەگەڵ داڕمانی سوپای عێراق كە بە ملیارەها دۆلار و بە چەكی ئەمریكی پڕ چەك كرابوو، ئەوە هێزە رێكخراوەكەی پێشمەرگە بوو كە رێگریكرد لە هاتنەپێشەوەی داعش و بۆشایی نەبوونی سوپای عێراقی لەو ناوچانەدا لە ماوەیەكی كەمدا پڕ كردەوە و، نیو ملیۆن ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی عێراقی لە خۆ گرت، پێشمەرگە بە هەموو هێزێكەوە یارمەتی ئاوارەكانی داو ئاسایشی لەو ناوچانەدا دەستەبەر كرد".

سەرنووسەری رۆژنامەی رەساڵەت لە بابەتێكدا دەنووسێت "بێ هیچ دوودڵییەك جەنابی بارزانی و سەركردایەتی هەرێمی كوردستان بە باشی ئاگایان لە مەترسییەكانی دابەشبوونی عێراق و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان هەیە، كە نە تەنیا عێراق بەڵكوو وڵاتانی ئێران، سووریا و توركیا بە هچ شێوەیەك جیابوونەوەی كوردستان قبوڵ ناكەن و لە بەرامبەر ئەو پیلانە مەترسیدارەی سەهیۆنیزم و ئەمریكا و بە تایبەتی بەریتانیا دەوەستن."

لە وەڵامدا محەممەد سدیق جەختدەكاتەوە كە هەڵویستەكانی بارزانی رای خەڵكی كوردستانن و دەڵێت "هەڵوێستەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن سەرۆك بازرانییەوە هەڵقوڵاوی ئیرادە و خواستی خەڵكن." سەبارەت بەوەی كە داوای مافی چارەی خۆنووسین بە پیلانی دەرەكی نێودەبەن، جێگری نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێت: "بە هیچ شێوەیەك میللەتی ئێمە و حكومەتی ئێمە بەشێك نییە لە هیچ بەرنامە و پلانێك لە دژی دراوسێكانی خۆی، بە تایبەتی كۆماری ئیسلامی ئێران." جەختیشدەكاتەوە كە "تەنانەت یەك خاڵی مێژووییش نییە كە كورد پشتی لە ئیسلام و لە ئێران كردبێت، بەڵكو بۆ خزمەتی كورد بە شارستانییەتی ئێرانی و ئیسلامی دەتوانیین نموونەی زۆر بهێنینەوە."

محەممەد سدیق بە ئاماژەدان بە ساڵی درووستبوونی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992 تاوەكوو ئێستا و یارمەتییەكانی ئێران لە كاتی بۆردوومانی هەڵەبجە و ئاوارەبوونی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992 بۆ ئێران رایگەیاند "هەرێمی كوردستان لە هەر بارودۆخێكدا هەر بەو شێوەیەی كە بە درێژایی مێژوو پاسەبانی شارستانییەتی هاوبەش بە شكۆی ئێرانی و ئیسلامی بووە، لە داهاتووشدا وەفادارانە پاریزگاری لەو پەیوەندییە مێژوویی، دیینی و كولتورییە دەكات".

سەرنووسەری رۆژنامەكە دەشنووسێت "باشتر ئەوەیە كە جەنابی بارزانی و هەموو ئەو كەسانەی دڵیان بۆ ئازادی گەلی كورد لێدەدات ، لەو بیرۆكە مەترسیدارە دوور بكەونەوە و لە بیری دەركردنی تیرۆریستەكاندا بن لە وڵاتی خۆیان واتە عێراق."

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 627

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی