ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی 7ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و سیاسەتمەدار و پارلەمانتاری عێراقی كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە خەبات دژی دیكتاتۆرییەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و پڕۆسەی دیموكراسی و دەستووریی عێراق هیوایان خواست كە ئەو سەردانەیان ببێتە هۆی ڕەواندنەوەی ئەو گومانانەی كە بەهۆی شێواندنی ڕاستیەكان و شەڕی ڕاگەیاندن لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە كایەوە. شاندی میوان نیگەرانیی قووڵی خۆیشی نیشاندا بەرانبەر بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و هەروەها دروستبوونی هەڕەشەی جددی كە ژیانی برایانەی پێكهاتەكانی عێراقی كردۆتە ئامانج.
لەم دانیشتنەدا زۆر ڕاشكاوانە قسە لەبارەی هۆكاری قەیرانی چەندساڵەی عێراق و ڕووداوەكانی موسڵ و كەمتەرخەمیی دەستەڵاتدارانی بەغدا و ئیدارەدانی هەڵەی كاروباری سیاسی و هەروەها پێویستیی گۆڕانكاری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا كرا و سەركۆنەی ئەم هەوڵانەیش كرا كە كار لەسەر گومڕاكردن و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی عێراق دەكەن كە بووەتە هۆی دروستبوونی درز لەنێو پێكهاتە ڕەسەنەكانی عێراق و بە پێویست زانرا كە هەموو لایەك كار لەسەر دەرخستنی ڕاستییەكان و وەستانەوە لەدژی دەمارگیریی نەتەوەیی و تاییفەیی بكەن.