ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی شیكردنەوەی دوایین پێشهاتە سیاسیی و ئەمنییەكانی عێراق و قسەكردن لەبارەی سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەمەڕ قەیرانی سیاسی و ئەمنی عێراق لەگەڵ كۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەولێر كۆبۆیەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا تیشكی خستە سەر دوایین ڕووداوە سیاسیی و ئەمنییەكانی عێراق و بەهێزتربوونی تیرۆریستانی بە مەترسیەكی گەورە زانی و ڕایگەیاند كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی هاوبەشی نێودەوڵەتی پێویستە و ئێستایش چەكداران و تیرۆریستان توانیویانە هەر لە ڕقەی سووریا هەتا نزیك بەغدا ناوچەیەكی زۆر بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. هەر لەمبارەیەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو كە شەش مانگ بەر لە ڕووداوەكانی موسڵ بەرپرسانی عێراقی و خودی مالكیی لە مەترسیی بارودۆخی شاری موسڵ ئاگادار كردووەتەوە بەڵام مالكی و بەرپرسانی بەغدا بە جدییان وەرنەگرت.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی وتەكانی خۆیدا ئاماژەی بەوەدا كە لەدوای ئەو شكستەی كە تووشی سوپای عێراقی بووە مالیكی بۆ داپۆشینی شكستەكانی خۆی خەریكی بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەمایە لەدژی هەرێمی كوردستان ئەوە لەكاتێكدایە كە بەرپرسی سەرەكیی تێكچوونی دۆخی عێراق خودی سەرۆك وەزیرانی عێراقە.
سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ماوەی چەند ساڵە هۆشداریی تێكچوونی بارودۆخ و گەڕانەوەی دیكتاتۆریەت و بەرەو هەڵدێرچوونی عێراقی داوە، ڕایگەیاند كە كێشەی عێراق كێشەی تاكەكەسێك نییە بەڵكو گرفتەكە لە نەهج و ئیدارەدانی هەڵەی كاروبارەكانە. سەبارەت بە هەڕەشە و تۆمەتەكانی مالیكی لەدژی هەولێر سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هەولێر هەمیشە جێگەی ئەو هاووڵاتی و لێقەوماوانە بووە كە لەدەستی دیكتاتۆرییەت ڕایان كردووە و ئێستاكەیش ژمارەیەكی زۆری خەڵك كە بە ملیونێك و دوسەدهەزار كەس مەزندە دەكرێن پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و لەبری ئەوەی مالكی بەرپرسانە ئەركی خۆی جێبەجێ كردبا و سوپاسی هەرێمی كردبا و قسەی لەبارەی هاوكاریكردنی ئاوارەكان كردبا بەمشێوەیە تۆمەت ئاراستەی هەرێمی كوردستان دەكات.
سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستە ڕوو كە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی مالیكی یەك لەسەر سێی خاكی عێراق و كەلوپەلی سەربازیی شەش فیرقە تەسلیمی داعش كران و ئێستاكەیش سووننە و شیعە میانڕۆكان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا زۆر لاواز كراون. لەبارەی تۆمەتباركردنی كوردستان بۆ دابەشكردنی عێراق سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە پێشێلكردنی دەستوور و سیاسەتی دیكتاتۆری و خۆسەپاندن و پەراوێزكردنی پێكهاتەكان عێراقی پارچەپارچە كردووە نەك كوردستان و، دەستووریش زۆر بەڕوونی باس لەوە دەكات كە پابەندبوون بەدەستوور یەكپارچەیی خاكی عێراق دەپارێزێت و دەیان نموونە هەیە كە دەستەڵاتدارانی بەغدا دەستووریان پێشێل كردووە.
سەبارەت بە سیاسەتی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر دۆخی تازەدا، سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕوونكردەوە كە لە دە ساڵدا ئێمە هەموو ڕێگەیەكمان تاقیكردەوە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ عێراقدا بژیین، بەڵام سیاسەت و ئیدارەدانی هەڵە نەیهێشت ئەم هەوڵانە سەر بگرێت. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بەوەدا كە لە پاش ڕووداوەكانی موسڵ و قەیرانی نوێ، كوردستان كار لەسەر دوو ڕێڕەو دەكات یەكیان ئەوەیە كە یارمەتیی برایانی شیعە و سووننە بدات كە كێشەكانیان چارەسەر بكەن و پڕۆسەی سیاسی سەر بكەوێت و ئەوەی تریان بەردەوامبوونە لە كاركردن بۆ چەسپاندنی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كوردستان و پارلەمانی كوردستانیش كار لەسەر جێبەجێكردن و گرتنەبەری ڕێوشوێنەكان دەكات. هەر لەمبارەیەوە سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە لەم بڕیارە پاشگەز نابینەوە و گەلی كوردستانیش بۆ چارەنووسی خۆی مۆڵەت لە هیچ كەس و لایەنێك وەرناگرێت.
سەبارەت بە ناوچەكانی مادەی 140 و كەركووكیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هێزەكانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی خاك و خەڵك لە هەڕەشەی تیرۆریستان لەو ناوچانەدا جێگیر بوونە و بەهیچ شێوەیەكیش ناكشێنەوە و لەبارەی چارەنووسی ئەم ناوچانەیش ڕایگەیاند كە تەنیا قۆناغی ڕیفراندۆم ماوە و ئێمە ڕێز لە ئیرادە و ویستی دانیشتوانی ئەم ناوچانە دەگرین و هەوڵیش دەدەین كە كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی.
دواتر دەرگەی گفتوگۆ و پرسیار بەڕووی ئامادەبووان كرایەوە و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان وێڕای ئەوەی سوپاسی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر دەستخۆشیشیان لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق چەند پرسیارێكیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش وەڵامی تێبینی و پرسیارەكانی دایەوە.