سه‌رۆك بارزانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی‌ له‌ به‌ره‌ی موسڵ به‌سه‌ركرده‌وه‌

  • سێ شەممە, 29 تەمموز 2014

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29/7/2014 له‌ دووه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆزدا به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له‌ به‌ره‌ی موسڵ به‌سه‌ركرده‌وه‌ و خۆڕاگری و گیانفیدایی ئه‌وانی له‌ پاراستن و به‌رگریكردن له‌ سنووره‌كانی كوردستان به‌رزنرخاند و پیرۆزبایی جه‌ژنی ره‌مه‌زانیشی لێكردن، هاوكات هه‌موو پاڵپشتییه‌كی خۆشی بۆ پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌.


له‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌دا شاندێكی باڵای ئه‌منی و سه‌ربازی یاوه‌ری سه‌رۆك بارزانی بوو، كه‌ پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێزان مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و مسته‌فای سه‌ید قادر وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و زه‌عیم عه‌لی و شێخ جه‌عفه‌ر و حه‌مید ئه‌فه‌ندی و ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ و به‌رپرسی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.

له‌ وته‌یه‌كیدا سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ بۆ جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ و ئه‌حواڵ پرسین و ئاگادار بوون له‌ بارودۆخی مه‌یدانی به‌ره‌كه‌ هاتووه‌،هه‌ر وه‌ك چۆن دوێنێش سه‌ردانی برا پێشمه‌رگه‌كانی ‌ له‌ به‌ره‌ی كه‌ركووك كردووه‌. هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا سوپاسی خۆراگری و گیانفیدایی له‌ پێشمه‌رگه‌ كرد، كه‌ له‌ رۆژانی ته‌نگانه‌دا ئاماده‌یه‌ به‌ گیانی خۆی به‌رگری له‌ وڵات بكات و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ له‌و به‌رگریكردنه‌دا پۆڵێك پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و برینداربوونه‌ و گوتی: له‌ خوای گه‌وره‌ داواكارین شه‌هیده‌كان به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات و شیفای برینداره‌كانیش بدات.

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی هه‌موو پاڵپشتییه‌كی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هه‌رچی له‌ توانامان بێت بۆ پاڵپشتی و هاوكاری پێشمه‌رگه‌ ده‌یكه‌ین و ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ كوردستان ده‌گاته‌ ئاینده‌یه‌كی گه‌ش. له‌ كۆتاییدا جارێكی دیكه‌ پیرۆزبایی جه‌ژنی لێكردن و سوپاسیشی كردن و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ ئه‌ركه‌كه‌یاندا بۆ خواستن.

 

 

 

 

Read کد خبر: 672

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی