ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كاردینال فێرناندۆ فیلۆنی نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك مەتران و پیاوانی ئایینیی مەسیحی لە كوردستان و عێراق .
لە دیدارێكدا نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و نامەی تایبەتی قەداسەتی پاپای پێشكەشی سەرۆك بارزانی كرد. نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان لە وتەیەكیدا سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد كە باوەشی خۆی بۆ هەموو لێقەوماو و ئاوارەیەك كردووەتەوە و ئاماژەی بەو خەبات و خۆڕاگری و ئەو كارەساتانە كرد كە بەسەر گەلی كورددا هاتوونە لەگەڵ ئەوەیشدا گەلی كورد هەمیشە بەها و ڕەسەنایەتیی خۆی لە پێكەوەژیان و لێبووردەیی پاراستووە و ئاماژەیشی بەوەدا كە كوردستان بەوە ناسراوە كە هەموو نەتەوە و ئایینێكی لەخۆ گرتووە و ئەو پارچە خاكەی كە هەموو جیاوازییەك لەخۆ دەگرێت بۆ ئێمە زۆر بە نرخە و پێویستە هەموو دونیا بیناسێت.
نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان لە درێژەی قسەكانی خۆیدا سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد و هێمای بەوەدا كە ئێستا پێشمەرگە لە ئەورووپا بووەتە سیمبوڵی خۆڕاگری و شەڕكردن لەسەر حەق و جەختیشی لەوە كردەوە كە كۆدەنگییەكی زۆر باش لەنێو وڵاتانی ئەورووپاییدا دروست بووە كە دەبێ پاڵپشتی كوردستان بن لە هەموو ڕوویەكەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی نامەكەی قەداسەتی پاپای كرد و ڕایگەیاند كە نامەی قەداسەتی پاپا نیشانەی ئەوەیە كە كوردستان پشتیوانێكی بەهێزی هەیە. سەبارەت بە هەڕەشەی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان خستەڕوو كە كوردستان لەبری هەموو جیهان لەدژی دەوڵەتێكی تیرۆریستییدا شەڕ دەكات، دەوڵەتێك كە دژی هەموو نەتەوە و ئایینێكە و دژی ژیانە. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە هەتا دوایین هەناسە لەدژی تیرۆریستان دەجەنگین و خوشك و برا مەسیحی و ئێزیدی و هەموو پێكهاتەكان دەپارێزین و داوایشی لە خوشك و برا مەسیحییەكان كرد كە بیر لە كۆچ و جێهێشتنی وڵاتیان نەكەنەوە و لەگەڵ یەكتر كوردستان دەپارێزین، یان هەموومان بە سەربەستی و ئازادی دەژیین یان پێكەوە دەمرین.
سەرۆك بارزانی سوپاسی هاوكاری و یارمەتیدانی وڵاتانی دۆستی كوردستانی كرد و ڕایگەیاند كە ئێمە كەوتووینەتە هەڵوێستی هێرشبردن بۆ سەر تیرۆریستان و شەڕەفێكی گەورەیشە كە پێكهاتەكان بپارێزێ بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا تیرۆر دیاردەیەكی جیهانییە بۆیە هەوڵێكی جیهانیش بۆ تێكشكاندنی پێویستە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە لە سەركەوتنمان دڵنیاین و ڕەنگە گەلێك لەڕووی سەربازییەوە تووشی شكست بێت بەڵام نابێ ئیرادەی بشكێت و پێویستە ئیرادەی مانەوەی هەبێت.
سەرۆك بارزانی لە كۆتایی دیدارەكەدا سڵاو و ڕێزی تایبەتی خۆی بۆ قەداسەتی پاپا نیشان دا ڕایگەیاند كە لەوە دڵنیا بێت ئێمە خوشك و براكانمان لە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان دەپارێزین.