سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی بریتانیا دەكات

  • چوار شەممە, 27 ئاب 2014

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پایەبەرزی حكوومەتی بریتانیا كرد كە پێكهاتبوو لە خاتوو هۆن جاستین گرینینگ وەزیری پەرەپێدانی نێودەوڵەتی و تۆبیاس ئێڵوود وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سایمۆن كۆڵس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق.

لە دیدارێكدا شاندی پایەبەرزی حكوومەتی بریتانیا سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەم دیدارە و ڕایگەیاند كە هاتووین بۆ ئەوەی لە نزیكەوە قەیرانی مرۆیی و ئەو تەحەدیاتانە ببینین كە ڕووبەڕووی كوردستان بووەتەوە و بزانین كە چیتان پێویستە و چی بۆ ئاوارەكان بكەین. شاندەكە دەستخۆشی لە دەستكراوەیی و پێشوازیی گەلی كوردستان كرد لەبەرانبەر هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر بۆ هەرێمی كوردستان. شاندی حكوومەتی بریتانی جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتی و هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و ئەوەشی خستەڕوو كە لەپێناو گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ ئاوارەكان بە باشترین شێوە پێویستە هەماهەنگیی تەواو لەنێوان ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان و دەزگە خێرخوازەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها بەغدایش هەبێت.

لەم دیدارەدا شاندی حكوومەتی بریتانی ڕێكخراوی داعشی بە هەڕەشەیەكی جدی زانی بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەماهەنگی و یەكگرتوویی كار بۆ نەهێشتنی ئەم ڕێكخراوە بكات. شاندەكە جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا كردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان یەكێكە لە خاڵە گەشەكانی عێراق و بەردەوامیی ئەو پێشكەوتنە ئامانجێكی ستراتیژیی حكوومەتی بریتانیایە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی حكوومەتی بریتانیا دەستخۆشیی لە هەرێمی كوردستان كرد كە سەرباری بوونی تەحەدیاتی زۆر دەرفەتێكی نوێی بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق داوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی حكوومەتی بریتانیای كرد و پاڵپشتیی و هاوكارییەكانی وڵاتی بریتانیای بە بەرز نرخاند. سەرۆك بارزانی بە وردی شاندی حكوومەتی بریتانیای لە بارودۆخی ئاوارەكان و هەڕەشەی تیرۆریستان و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان ئاگادار كردەوە و ڕایگەیاند كە ئێستا دەستپێشخەری لە دەستی پێشمەرگەیە و هێزەكانی پێشمەرگە كەوتوونەتە دۆخی هێرشبردن. سەرۆك بارزانی لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستان ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی ئامانجی مەترسیدار و دڕندەیی و پڕچەكیی و ئەو ئیمكانیاناتەی لەبەردەست تیرۆریستانە نابێ بە سادەیی سەیریان بكرێت و تێكشكاندنیان پێویستی بە هەوڵێكی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتی هەیە. پەیوەست بە دۆخی ئاوارەكانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕاگەیاند كە بە هەموو توانایەك یارمەتیی حەواندنەوەیان دەدەین و شانازییش بەوە دەكەین كە بە قەناعەتەوە دەیانپارێزین و یارمەتییان دەدەین، بەڵام ژمارە و ئاستی كارەساتەكە زۆر گەورەیە و لە تواناكانی حكوومەتی هەرێمی تێپەڕیوە و پێویستە جیهان یارمەتیی ئێمە بدات بۆ ئەوەی بتوانین ئاوارەكان بحەوێنینەوە و دواتریش بیانگەڕێنینەوە ناوچەكانیان.

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەو قەیران و كارەسات و هەڕەشانەی ئێستا لە عێراقدا هەیە هەموو لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حكوومەتەكانی پێشووتر بووە و لە دە ساڵی ڕابردوو كار لەسەر تێكدان هەموو بوارەكانی ژیانی عێراق كراوە و ڕاشیگەیاند هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات یارمەتیی پڕۆسەكە بدات بۆ ئەوەی حكوومەتێكی باش دروست ببێ بەڵام نابێ بە هیچ شێوەیەك هەڵەی حكوومەتەكانی ڕابردوو دووبارە ببێتەوە چونكە ئەنجامەكەی خەراپتر دەبێ لەوەی ئێستا هەیە.

 

 

 

 

Read کد خبر: 773

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی