سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی كەنادا دەكات

  • پێنج شەممە, 04 ئەیلول 2014

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی 9ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆن بیڕد وەزیری دەرەوەی كەنادا و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك پارلەمانتاری ئەم وڵاتە و باڵیۆزی كەنادا لە عێراق.

لە دیدارێكداوەزیری دەرەوەی كەنادا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانی بۆ كوردستان نیشاندا و ڕایگەیاند كە گەلی كەنادا و حكوومەت و لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەكەی ئامادەن پاڵپشت و هاوكاری كوردستان بن لە شەڕی دژی تیرۆردا و ئەوەیشی خستەڕوو كە لەگەڵتان و شانبەشانتان دەبین لەشەڕی تیرۆریستاندا بۆ ئەوەی سەربكەون و وڵاتێكی گشتگیر و ئازاد و سەقامگیر و ئاشتیخواز بنیات بنێن. وەزیری دەرەوەی كەنادا ئاماژەی بەوەدا كە وڵاتەكەی و جیهانی ئازاد بە هیچ شێوەیەك وەحشیگەریی تیرۆریستان قبوڵ ناكەن و نیگەرانیی خۆیشی نیشاندا لەمەڕ ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق بە تایبەت ئەو شوێنەی كە جێگەی ئومێدی هەموو لایەكە. وەزیریدەرەوەیكەنادا هێمای بە نێودەوڵەتیبوونی هەڕەشەی تیرۆر دا و شەڕكردنی لەدژی تیرۆری بە ئەركێكی هەمەلایەنە زانی.

شاندە یاوەرەكەی وەزیری دەرەوەی كەنادا دەستخۆشییان لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد بۆ حەواندنەوە و پاراستنی ئەو هاووڵاتییانەی ڕوویان لە كوردستان كردووە و سوپاسی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد كە ڕێگەیان لە گەشە و پێشڕەویی تیرۆریستان كردووە و هەروەها سەرەخۆشییان لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد و هاوخەمیی خۆشیان نیشاندا بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە بەرەكانی جەنگ بوونەتە قوربانی و شەهید بوونە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی وەزیریدەرەوەیكەنادا و شاندە یاوەرەكەی كرد و ڕایگەیاند ئەو سەردانە پەیامێكی بەهێزی گەلی كەنادایە بۆ خەڵكی ئێمە كە لەم شەڕەدا كوردستان لەسەر ڕێگەی ڕاستە و تەنیا نییە و سوپاسی حكوومەت و گەلی كەنادا و جیهانی ئازادی كرد كە پاڵپشتی گەلی كوردستانن لەشەڕی تیرۆریستاندا. سەرۆك بارزانی هێمایشی بەوەدا كە جێگەی شانازییە پێشمەرگە و گەلی كوردستان لەبری جیهانی ئازاد و بۆ پاراستنی بەها مرۆڤییەكان شەڕی تیرۆریستانی دەكات.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕوو كە لەژێر ئابلوقەی دە ساڵە و بەو ئیمكانیاتە متوازەعەی لە دەستی پێشمەرگە دایە پێشمەرگە بە ئیرادەی خۆی توانی ڕێگە لە پێشڕەویی دەوڵەتێكی پڕچەكی تیرۆریستی بگرێت و ئێستا لە بەرەكانی شەڕ دەستپێشخەری لەدەستی پێشمەرگەیە و هێزە سەرەكییەكانی داعش گورزی كاریگەرییان بەر كەوتووە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی ڕاگەیاند كە بە یارمەتیی دۆستان و جیهانی ئازاد پێشمەرگە لە شەڕكردن و تێكشكاندن و ڕاوەدونانی تیرۆریستان بەردەوام دەبێت.

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ شاندی میوان شی كردەوە كە ئاستی كارەسات و ژمارەی ئاوارەكان ئەوەندە بەرزە كە لە تواناكانی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە و تەنانەت بەهۆی بوونی ئاوارەكان لەناو قوتابخانەكان گرفت بۆ پڕۆسەی خوێندنی قوتابیان دروست بووە. پەیوەست بە چارەسەریی كێشەكانی ئاوارەكان سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە چارەسەری سەرەكیی ئەوەیە بتوانرێت ئاوارەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان بگەڕێنەوە و بشپارێزرێن.
پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان كەنادا و هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

 

 

 

 

Read کد خبر: 788

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی