ئەمڕۆ بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە شاندی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی كرد WEF كە پێكهاتبوون لە میرۆسلاڤ دوسێك بەرپرسی بەشی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا و ماپیو گریگ بەڕێوەبەری پێشكەوتوو كە بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندیەكان و خۆ ئامادەكردن بۆ لوتكەی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە ئیستەنبول ڕۆژی 28-29/9/2014 سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
لە میانەی سەردانەكەدا شاندی ناوبراو دەستخۆشی لە كارو چالاكیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كرد كە توانیان بەرەنگاری گرووپی تیرۆرستى داعش ببنةوه و ژیانی هاووڵاتیان لە مەترسی بپارێزن. هەروەها چەند زانیاریەكیش دەربارەی گۆرانكاریە سیاسی و ئەمنیە نۆیەكان كە بەسەر هەرێم و عیراقدا هاتووە ئاڵوگۆركرا.
لە بەرامبەردا فەلاح مستەفا بەخێرهاتنی شاندی ناوبراوی كرد و سوپاسی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد بۆ ڕزگاركردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاجیاكانی عیراق لە هێرشی تیرۆرستان و پاراستنی مانای دیموكراسی و پێكەوەژیان. بەڕێزیان ئەوەشی خستەڕوو خەڵكی كوردستان متمانەی تەواوی بە تواناكانی پێشمەرگە هەیە و لەو باوەڕەدایە ئەگەر پێكهاتەكانی تری عیراق كۆك بن لەسەر هەمان سیاسەت ئەوا دەتوانرێت شكست بە تیرۆر بهێنرێت.
بەڕێزیان گووتی پێویستە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بەكاربهێنرێت لە نێوان پێكهاتە جیاجیاكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم كێشە قووڵانەی عیراق و كۆتایی بەم شەڕ و ئاژاوە بهێنرێت.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی تازەی عیراق بۆ شاندی میوان خستەڕوو، سەبارەت بە كۆمەك و هاوكاری بۆ ئاوارەكان بەڕێزیان هیوای خواست ووڵاتانی جیهان بەردەوام بن لە پێشكەشكردنی كۆمەك و یارمەتیەكان.