نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ده‌كات

  • دوو شەممە, 03 ت دووەم 2014

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز "هیووز مینگاریللى" سه‌رۆكى یه‌كه‌ى كارى ده‌ره‌وه‌ى نووسینگه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئافریكا له‌ یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كرد كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ نوێنه‌رانى به‌شه‌ جیاجیاكان و باڵیۆزى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ به‌غدا پێك هاتبوو.

له‌ دیدارێكدا شانده‌كه‌ ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوونى ڕه‌وشى سه‌ربازى، ئه‌منى و مرۆیى، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌ و ده‌یانه‌وێ و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریى زیاتر له‌م بوارانه‌دا و له‌ بوارى ژێرخان و وزه‌دا له‌ نێوان هه‌رێمى كوردستان و یه‌كێتیى ئه‌ورووپادا هه‌بێت. شانده‌كه‌ هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌رێمى كوردستان ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌ددیاتى جددى بۆته‌وه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ ڕێزى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕى دژى تیرۆر و باوه‌شى بۆ سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر كردۆته‌وه‌، بۆیه‌ ڕێز و پێزانین و هاوسۆزیى یه‌كێتیى ئه‌ورووپایان بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

شانده‌كه‌‌ هه‌روه‌ها باسیان له‌ سه‌ردانى خۆیان بۆ به‌غدا كرد و ئاماژه‌یان به‌وه‌ دا كه‌ حكوومه‌تى عیراقیان هان داوه‌ هه‌موو لایه‌ك و ته‌واوى پێكهاته‌كان به‌شدارى حكوومه‌ت و پرۆسه‌ى سیاسى بن و ده‌سه‌ڵاتى زیاتر بده‌نه‌ ناوچه‌ و هه‌رێمه‌ جیاكانى عیراق، كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غداش چاره‌سه‌ر بكرێن. له‌گه‌ل توركیاش باسیان له‌ هاوكارى و هه‌مانگیى نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و هه‌ولێر كردووه‌ بۆ ڕێگه‌دان به‌و‌ هێزانه‌ى پێشمه‌رگه كه‌ بۆ پشتیوانى له‌ كۆبانێ، ده‌ر‌بازى ئه‌وێ بوون.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، سوپاسى سه‌ردان و تێبینییه‌كانى شانده‌كه‌ى كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ڕۆڵێكى كاراى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر گێڕاوه‌ و داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ پێویستى به‌ چه‌كى زیاتر و به‌تایبه‌تى چه‌كى قورس و ڕاهێنان هه‌یه. ده‌رباره‌ى كه‌یسى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیش، ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وێڕاى كه‌مى و سنوورداریى تواناكان، پێشوازى لێ كردوون و به‌ره‌وامیش ده‌بێت، به‌ڵام ده‌بێ یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌گشتى، هه‌روه‌ها عیراقیش زیاتر به‌ هاناى ئاواره‌كانه‌وه‌ بچن و هاوكارییان بكه‌ن.

پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى و ئه‌ورووپا و وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و ناردنى هێزى پشتگیریى پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانێ، به‌شێكى دیكه‌ى گفتوگۆى دیداره‌كه‌ بوو.  ‌

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 886

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی