سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆبوونەوە

  • هەینی, 21 ت دووەم 2014

ئەمڕۆ هەینی 21ـی 11ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەحمەد داود ئۆغلو سەرۆك وەزیرانی توركیا كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك وەزیرانی توركیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و سەرەخۆشیی خۆیشی بۆ كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی تەقینەوەی تیرۆریستیی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی شاری هەولێر بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە گرنگی و بایەخی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی ئەوەی دووپات كردەوە كە توركیا لە شەڕی دژی تیرۆریستان هاوكاری هەرێمی كوردستان و عێراق دەبێت. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكوەزیرانی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەیشی خستەڕوو بۆ بەردەوامبوون لە یارمەتیدانی مرۆڤیی بۆ هەرێمی كوردستان لە حەواندنەوەی ئاوارەكان و هەروەها قووڵتركردنەوەی پەیوەندییەكان و فراوانتركردنی بازرگانی و پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوولا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی سەرۆك وەزیرانی توركیای كرد و سەردانی سەرۆك وەزیرانی توركیای بۆ هەرێمی كوردستان بە دەرفەتێكی باش زانی بۆ نەهێشتن و قسەكردن لەسەر ئەو كەموكوڕییانەی لە هاوكاری و هەماهەنگیی هەردوولا لە بوارە جیاجیاكاندا لە ئارادان.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی ڕاوێژ و هاوكاریی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردەوە لە شەڕی دژی تیرۆر و پتەوتركردنی پەیوەندییەكان.

لە تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش و بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە خرایە بەر باس و لەبارەی چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هاوكاریی و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لەم بارەیەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا.

جێگەی ئاماژەكردنە كە لە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی توركیا لە پرێسكۆنفرانسێكدا ئامانجی سەردانەكە و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.

 

 

 

 

Read کد خبر: 941

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی