سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك دەكات

  • پێنج شەممە, 27 ت دووەم 2014

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی 11ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لووبۆمیر زاورالیك وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك و شاندێكی یاوەری كرد كە لە توماس كۆچتا جێگری وەزیری بەرگری و ئەلەكساندەر لانگەر باڵیۆزی كۆماری چیك لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری حكوومەتی چیك پێكهاتبوو.

لە دیدارەكەدا كە مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم ئامادە بوون، وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك ستاییشی پێشكەوتن و خۆشگوزەرانیی هەرێمی كوردستانی كرد لەو ناوچەیەی كە پڕە لە ململانێ و كێشە و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی بە بایەخەوە سەیری كوردستان دەكات و بەنیازە ئاستی نوێنەرایەتییشی لە نووسینگەی هەماهەنگی بۆ كردنەوەی كونسوڵخانە لە هەرێم بكاتەوە. وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك وێڕای ئاماژەدان بە پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان پاڵپشتیی كۆماری چیكی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی ئامادەیە لە بوارە جیاجیاكاندا پشتیوان و هاوكاری هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی بێت و هەروەها لە بواری ئاوەدانكردن و ئابووری بەشداری پڕۆسەی پێشكەوتنی هەرێم بێت.

وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك هەوڵەكانی هەرێمی كوردستانیشی لەبارەی یارمەتیدانی ئاوارەكان و پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە هەڕەشەی تیرۆریستانی بەرز نرخاند و، ویستی وڵاتەكەیشی ڕاگەیاند كە لە بواری مرۆیی و یارمەتیدانی ئاوارەكان بەپێی تواناكانی خۆی هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك و شاندی یاوەری كرد و وێڕای ئاماژەدان بە خواستی پێشكەوتن لە ناو گەلی كوردستان ئەوەیشی باس كرد كە ئاوەدانی و پێشكەوتنی كوردستان نیشان دەدات كە گەلەكەمان ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت دەتوانێ پێش بكەوێت و وڵاتی خۆی ئاوەدان بكات. سەرۆك بارزانی سوپاسی پشتگیریی گەل و حكوومەتی چیكی كرد و پێشوازیشی لە بڕیاری كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتی چیك لە شاری هەولێر و فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرد.

لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئەمنی و هەڕەشەكانی تیرۆر و ئەوەی بۆ شاندی میوان شی كردەوە كە گەلی كوردستان بە درێژایی 1500 كیلۆمەتر شەڕی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی دڕندە دەكات كە ئیمكانیات و چەكی دوو دەوڵەتی لە دەستە. ئەو ڕێكخراوە سوپایەكی پێكهێناوە كە پڕە لە تیرۆریستی بیانی كە لە سەرانسەری جیهان و هەموو كیشوەرەكان هاتوون و پەلاماری گەلی كوردستان دەدەن. سەرۆك بارزانی سوپاسی پاڵپشتی وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە بۆ گەلی كوردستان جێگەی شانازییە كە پێشمەرگە شەڕی تیرۆریستان دەكات و بەرگری لە وڵاتی خۆی دەكات و ئاوارەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانیش دەپارێزێت. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بە بارودۆخی ئاڵۆز و گەشەسەندنی تیرۆر لە سووریا دا و باسی لە چوونی پێشمەرگە كرد بۆ یارمەتیدانی كۆبانێ و ڕایگەیاند كە لە سووریا تەنیا گەلی كورد توانیویەتی لەبەرانبەر داعشدا خۆڕاگر بیت و پەلاماری تیرۆریستان تێكبشكێنێت.

Read کد خبر: 966

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی