ڕوداوە سیاسیەكان رۆژ لەدوای رۆژ رەنگدانەوە و دەركەوتەكان و هۆكارەكان زیاتر دەبێت. لەدوای چەندین ساڵ ڕاپەرین و هەڵبژاردن و دروستكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و تازە رۆژ لە دوای رۆژ قەیران و گەندەڵییەكان زیاتر دەبێت و نارەزاییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان تا دەگاتە عێراقیش زیاتر دەبێت و خۆی كشاندووە بە خۆپیشاندان و نارەزایەتی كۆمەڵانی خەڵك.
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان داوادەكەن و سەركردە و پارتە سیاسیەكان دەبێت گوێیان لێ بگرن و خۆیان تەكان بدەن لە پێناوی بەدیهێنانی داخوازییەكانیان و دانانی پلان و پێشنیار و پرۆژە بۆ جێبەجێ كردنی داخوازییەكان و ڕوبەروبوونەوەی گەندەڵی ...
ئەدی ئەو هەموو سەركردە مەزن و خاوەن ئەزموون و ڕابوردوو لە كوێن؟ و كام پرۆژەیان پێشكەش كردووە بە نووسین؟ تەنها لە ڕێگای ڕاگەیاندنەكان چەند وشەیەك دەگوترێت ئەویش ئەبێ بەرامبەر بە گەندەڵی و گەندەڵكاران بوەستینەوە و ئەبێت و نابێت ... قەیرانەكان چارەسەر بكەین و پرسی نەوت شەفاف بێت و هێزی پێشمەرگە یەك بخرێت و بەشداری ... هتد.
لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە؛ ئەدی نابێت یەكێك لەو سەركردانە بێت و جورئەت بە خۆی بدات وەكوو پێشمەرگەیەكی قارەمان چۆن پەلاماری دوژمن دەدات و چاوەرێی شەهیدبوون و سەركەوتنە؛ ئاوها ڕاشكاوانە راكانی دەربڕێت و بیكاتە پڕۆژە؟
ئەوەی ئەم كارەی كرد مەگەر دكتۆر بەرهەم نییە؟ كە بوێرانە هات بە نووسین پرۆژەیەكی دیاریكراوی پێشكەشكرد. ئەدی باشە مەگەر ئەم پرۆژەیە وەڵامی هەموو ئەو دروشمانە نییە كە داوای سازان و چارەسەری كێشەكان و قەیرانەكان دەكرێت؟ ئەو پێشنیار و رێگاچارەسەر دەستنیشان دەكات.
دەكرێت پرسیارێك بكەین بۆ ئەوانەی پڕۆژەكە ڕەتدەكەنەوە چ بنەمایەكیان بۆ ڕەتكردنەوە هەیە؟ ...
یان هەر ئەوەیە رڕەتكردنەوە بۆ ڕەتكردنەوەیە یان بۆ پێشكەش كردنی پڕۆژەیەكی تازەیە؟
ئەگەر باس لە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێم دەكرێت خۆ پڕۆژەكە هیچی لەم بارەیەوە تێدانیە. باشە ئەوانەی لە ( ٣٠ ی حوزەیران ٢٠١٣ ) ماوەی درێژكردنەوەیان ئەنجامدا چ پڕۆژەیەكی چاكسازی بۆ چارەسەری قەیرانەكانیان پێ بوو؟
ئەگەر هەموو دژی خۆسەپاندن و تاكڕەوی ببنەوە ئەی سازان لەسەر چی دەكرێت و كێ هەیە ببێتە ناوبژیوان؟ وە لەهەر لایەك كەمێك كەم بكرێتەوە و لە داوا هاوبەشەكان پڕۆژەیەكی هاوشێوەی پڕۆژەكەی دكتۆر بەرهەم پێشكەش بكەن.
لێرەوە دەست خۆشی لە بوێری و سیاسەتی دكتۆر بەرهەم دەكەم و ئومێد دەكەم ئەوانەی پڕۆژەكەی دكتۆر بەرهەم ڕەتدەكەنەوە پڕۆژەی خۆیان بۆ سازان و چارەسەریی قەیرانەكان و بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی و یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و یەك ووتاری پێشكەش بكەن.
ئومێد دەكەم نمونەی دكتۆر بەرهەم لە پێشكەشكردنی پرۆژەی چاكسازی و رێگا چارە بۆ سازان و قەیرانەكان زیاد و زیاتر بێت؛ بۆ ئەوەی سیاسییەكانی تر و جەماوەر دادوەری بكەن كە كامیان باشتر و ساز ترە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێز ئەحمەد داود ئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا بە یاوەری شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، گەیشتە هەرێمی كوردستان و لە شاری سلێمانی لەلایەن بەڕێزان د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و بەهرۆز محمد پارێزگاری سلێمانی و باڵیۆزی توركیا لە عیراق و كونسوڵی گشتی توركیا لە هەرێم پێشوازیان لێكرا.
ئەمەو بڕیارە بەڕێزیان وێڕای بەشداری كردن لە كۆڕبەندی ساڵانەی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی كە باس لە كێشەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت، لەگەڵ بەڕێزان مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.
سێ شەممە, 04 ئازار 2014
ئێوارەتان باش، هەموو لایەكتان بەخێربێن....
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشدار دەبم لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی لقی هەولێری بانكی ستاندەرد چارتەرد.
سەرەتا دەمەوێ سوپاسی هەریەك لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و كونسوڵگەریی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و، هەروەها سوپاسی گەرمی دەستەی بەڕێوەبردنی بانكی ستاندەرد چارتەرد بكەم، بۆ هەوڵەكانیان لە پێناو كردنەوەی لقی ئەم بانكە لە هەرێمی كوردستان ، بۆ هێنانەدی ئەو تێڕوانینەی كە بۆ كردنەوەی ئەم بانكە هەیانبووە.
زۆر بەخێرهاتنیان دەكەم و سوپاسیان دەكەم.
هاوكات دەمەوێ دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەت بكهم، بۆ پشتگیریكردنیان لە كردنەوەی ئەم پڕۆژەیە. هیوادارم ئەم دەستكەوتەی ئەمڕۆ ببێتە سەرەتایەك بۆ هاندان و هاتنی زیاتری بانكە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان، كە دەرئەنجام سوودی بۆ كوردستان و چالاكیی بازرگانی لە كوردستان و لە هەموو عیراقدا هەیە.
بەڕێزان،
شاراوە نیە كە ئابووریی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پێشكەوتنی خێرا و فراوان و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، بۆیە دەكرێت ئێمە پێشبینیی بەردەوامیی گەشە و خۆشگوزەرانیی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بكەین.
خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی زۆریان داوە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ئەم هەرێمە و بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەكان، كە پێشتر مایەی نەهامەتی بووە بۆیان. بۆیە حكوومەتی هەرێم كاری كردووە و هەوڵی جددی دەدات بۆ گۆڕینی بۆ قۆناغێك كە ببێتە سەرچاوەیەك بۆ سوود وەرگرتن و دەستبەركردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستاندا.
دیارە هیچ كەرتێكی ئابووری لە سیستەمی نوێی جیهانگیریدا، ناتوانێ بە تەنها سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەگەر ئەم كەرتە بە بازنەكانی بەرهەمهێنانی جیهانییەوە گرێ نەدرێ. دڵنیام لەوەی بوونی ئەم بانكە، هاوكارمان دەبێ لە چۆنیەتیی چوونە ناو بازاری بەرهەمهێنان و بازاڕەكانی جیهانەوە. ئێمە ئەوەش دەزانین كەوا بانكەكانی كەرتی گشتی لە ڕابردوو، گرفتیان زۆر بووە و ڕۆڵی خۆیان بە باشی نەبینیوە.
مانەوی بانكەكان لە ژێر ڕكێفی كەرتی گشتیدا، ڕۆژێك لە ڕۆژان نەبووەتە مایەی سەقامگیریی دارایی، بۆیە دەكرێ لە ئایندەدا بیر لە كاراكردنی ئەو جۆرە بانكانەش بكەینەوە و شێوەی بوونیان وەك كەرتی گشتی بگۆڕین، بەمەبەستی بەهێزكردنی توانای كێبڕكێكردنیان لەگەڵ كەرتی تایبەت.
لە كاتێكدا هاووڵاتیان و كۆمپانیا ناوخۆییەكان لە هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەرچاویان لە ڕووی ئابووریەوە بەدەست هێناوە، دەبێت ئەوەشمان لە یاد نەچێت كە ئێمە ڕووبەڕووبوونەوەی تازە و نوێمان لە بەردەمدایە. ئەویش بریتیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەدامەزراوەییكردنی زیاتری لایەنی دارایی و بانكی و مۆدێرنێتەكردنیان. بۆیە ئێمە بانكی ستاندەرد چارتەرد بە یەكێك لە چارەسەرەكان دەبینین بۆ ئەم ڕووبەرووبوونەوانە، لەبەر ئەوەی:
یەكەم: بوونی بانكی ستاندەر چارتەرد وەكوو بانكێكی نێودەوڵەتی، زیاتر یارمەتیی گەشەسەندنی چالاكیی دارایی دەدات لە هەرێمی كوردستان.
دووەم: بوونی بانكێكی باوەڕپێكراوی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان، هاووڵاتیان و بازرگانانی ناوخۆ هان دەدات، بەشدار بن لە كاری دارایی جیهانی لە ڕووی وەبەرهێنان و قەرزی خانووبەرە و جۆرەكانی دیكەی قەرزی بانكی و ئامرازەكانی دارایی تریشەوە، كە بە داخەوە تاكوو ئێستا هەرێمی كوردستان لێی بێبەش بووە.
سێیەم: بوونی بانكی ستاندەرد چارتەرد دەبێتە هێمایەكی كرنگ بۆ كۆمەڵگای بازرگانیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەشە و پێگەیشتنی لایەنی ئابووری و بازرگانیی هەرێمی كوردستان.
بەڕێزان..
لێرەوە داوا لە هاووڵاتیان و بازرگانان دەكەم، زیاتر بیر لەوە بكەنەوە كە چۆن سەرمایەكانیان بە باشترین و مۆدێرنترین ڕێگا بە كار بهێنن.
لە ڕابردوودا وا باو بووە كە هاووڵاتیان سەرمایەكانیان بە شێوەی كاش لە ماڵەوە هەڵبگرن. دەتوانم ئەوە بخەمە ڕوو كە ئەمەش دەرئەنجامێكی نادروستی سیستەمی بانكی بووە لە لایەن ڕژێمی پێشوو، كە بووە هۆی ناشرینكردنی سیستەمی بانكی لە دیدی هاووڵاتیانی سەرجەم عێراق، بەتایبەتی هەرێمی كوردستان.
خۆم لەو باوەڕەدام كە بوونی بانكی ستاندەرد چارتەر یارمەتیمان دەدات لە هەنگاونان بەرەو ئاڕاستەی تێگەیشتن لە سیستەمی نوێی بانكی. ئەمەش دەرفەتێكی باشە بۆ تێگەیشتن و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی جددی دەربارەی ڕێكارە داراییە نێودەوڵەتییەكان، تاكوو یارمەتیی هاووڵاتیان و بازرگانانی هەرێم بدات بۆ باشتر بەڕێوەبردنی سەرمایەكانیان و تێكەڵاوبوونیان بە سیستەمی بازرگانی و داراییی نێودەوڵەتی.
لە كۆتایی قسەكانمدا، هیوای سەركەوتن بۆ بانكی ستاندەرد چارتەرد لە هەولێر دەخوازم، دەمەوێ دڵنیاشیان بكەمەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری لەو بانكە و هەموو بانكێكی دیكەی نێودەوڵەتی دەكات كە لە داهاتوودا دەیانەوێت لە هەرێمی كوردستان پێگەیان هەبێ و كار بكەن.
زۆر خۆشحاڵم ئەمڕو كە تەشریفیان هێناوە بۆ هەولێر، بەخێر بێن بەسەر چاو، سوپاسی هەموو لایەكتان دەكەم.
ئێوارهى ئهمڕۆ دووشهممه 3ى ئادارى 2014، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وهزیرانى هەرێمی كوردستان، له ڕێوڕهسمێكدا لقی هەولێری بانكی ستاندارد چارتەرد ـ ی نێودهوڵهتیى بەریتانی وەكوو یەكەمین لقی ئەو بانكە لە هەرێمی كوردستان كردهوه.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە كونسوڵى گشتیى بهریتانیا و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بهرپرسانى باڵاى بانكهكه و خاوەنكاران ئامادەی بوون، فی شانكار بەڕێوەبەری بانكهكه له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریكا و ئەمەریكا، لە وتەیەكدا وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆك وهزیران و میوانان، دووپاتی كردەوە كه ئهگهر پاڵپشتیی حكوومەتى ههرێمى كوردستان نەبووایە، ئەم بانكە نەیدەتوانی لقی خۆی تیایدا بكاتەوە و ڕوونى كردهوه ئەم بانكە زیاتر لە 150 ساڵە كار دەكات و بوونی لە عیراقیش تازە نیە و هاتنیان بۆ هەولێر لەو سۆنگەیەوەیە كە دەرفەتێكی گەورە بۆ سەركەوتنی ئەوان تیایدا دەبیندرێت. ئاماژهى بهوهش دا كه بانكەكەیان دەبێتە پاڵپشتێكی گەورەی بواری ئابووری و وەبەرهێنان بۆ هەرێم و هەموو عیراق لە بواری جیاجیادا.
لاى خۆیهوه نێچیرڤان بارزانى سەرۆك وهزیرانى هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا سوپاسی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و كونسوڵگەریی گشتیی بەریتانیاى لە هەرێمی كوردستان و، دەستەی بەڕێوەبردنی بانكی ستاندەرد چارتەرد كرد، بۆ هەوڵەكانیان لەپێناو كردنەوەی لقی ئەم بانكە لە هەرێمی كوردستان، بۆ هێنانەدی ئەو تێڕوانینەی كە بۆ كردنەوەی ئەم بانكە هەیانبووە.
هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەت كرد، بۆ پشتگیریكردنیان لە كردنەوەی ئەم پڕۆژەیە، هیواشی خواست ئەم دەستكەوتەی ئەمڕۆ ببێتە سەرەتایەك بۆ هاندان و هاتنی زیاتری بانكە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی ڕوونى كردهوه كه ئابووریی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پێشكەوتنی خێرا و فراوان و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و پێشبینیی بەردەوامیی گەشە و خۆشگوزەرانیی زیاتری لە هەرێمی كوردستان لێ دەكرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا كه خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی زۆریان داوە بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەكان، كە پێشتر مایەی نەهامەتی بووە بۆیان.
دووپاتیشی كردەوە بۆیە حكوومەتی هەرێم كاری كردووە و هەوڵی جددی دەدات بۆ سوودوەرگرتن و دەستبەركردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستان.
سەرۆك وهزیران ههروهها گوتى: هیچ كەرتێكی ئابووری لە سیستەمی نوێی جیهانگیریدا، ناتوانێ بە تەنها سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەگەر بە بازنەكانی بەرهەمهێنانی جیهانییەوە گرێ نەدرێ و دڵنیایی خۆی لەوە نیشان دا كە بوونی ئەم بانكە، هاوكار دەبێت لە چۆنیەتیی چوونە ناو بازاڕی بەرهەمهێنان و بازاڕەكانی جیهانەوە، بەتایبەتی كە بانكەكانی كەرتی گشتی لە ڕابردوودا ڕۆڵی خۆیان بە باشی نەبینیوە.
نێچیرڤان بارزانى نەیشاردەوە كه ئێستا ڕووبەڕووبوونەوەی تازە لە بەردەم خەڵكی هەرێمدایە كە بریتیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەدامەزراوەییكردنی زیاتری لایەنی دارایی و بانكی و مۆدێرنكردنیان و لەبارەی گرنگیی بوونی ئەم بانكە لە هەرێم ڕایگهیاند: ئەم بانكە زیاتر یارمەتیی گەشەسەندنی چالاكی دارایی دەدات لە هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیان و بازرگانانی ناوخۆ هان دەدات بەشدار بن لە كاری داراییی جیهانی لە زۆر بوار كە هەرێمی كوردستان لێی بێبەش بووە و تیشكى خسته سهر ئهوهش كه دەبێتە هێمایەكی گرنگ بۆ كۆمەڵگای بازرگانیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەشە و پێگەیشتنی لایەنی ئابووری و بازرگانیی هەرێمی كوردستان.
سەرۆك وهزیران داوای لە هاووڵاتی و بازرگانان كرد، زیاتر بیر لەوە بكەنەوە كە چۆن سەرمایەكانیان بە باشترین و مۆدێرنترین ڕێگا بە كار بهێنن و متمانەی خۆی بەوە نیشان دا كە بوونی بانكی ستاندەرد چارتەر یارمەتیدهر دهبێت لە هەنگاونان بەرەو ئاڕاستەی تێگەیشتن لە سیستەمی نوێی بانكی.
نێچیرڤان بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ بانكی ستاندەرد چارتەرد لە هەولێر خواست و دڵنیاشی كردنەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری لەو بانكە و هەموو بانكێكی دیكەی نێودەوڵەتی دەكات كە لە داهاتوودا دەیانەوێت لە هەرێمی كوردستان پێگەیان هەبێ و كار بكەن.
پاشان هیوو ئیڤانز كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم خۆشحاڵیی خۆی بە ئامادەبوون لەو ڕێوڕەسمەدا دهربڕى و ئاماژەی بەوە دا ئەم بانكە كە ماوەی زیاتر لە 150 ساڵە كار دەكات، گرنگیی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت كە زیاتر قورسایى دهخاته سەر بابهتى پشتگیریى دارایى و خزمەتگوزاریی بانكی و لە ئەنجامدا پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەرێم و بەریتانیا بەهێزتر دەكات، بەتایبەتی كە ئێستا زیاتر لە 120 كۆمپانیای بەریتانی لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن.
هاوكات ئاماژەی بە وتەكانی باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق دا كاتێك مانگی ڕابردوو كردنەوەی لقی ئەم بانكەی لە هەولێر ڕاگەیاند، ڕوونیشى كردهوه كه ئابووریی هەرێم ساڵانە بە ڕێژەی 10% گەشە دەكات و لە ڕەوشێكی ئارامدا دەژیت بەتایبەتی كە لە شوێنێكی مەترسیداردایە لە عیراقێك كە تا ئێستا لە ڕووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ تیرۆر.
كونسوڵی گشتیی بەریتانیا ئاماژهى بهوه دا كه خاكی هەرێمی كوردستان بە سامانی سروشتی و سامانی ژێرزەوی و زەویی كشتوكاڵی دەوڵەمەندە و لە ڕووی گەشتوگوزاریشەوە یەكێكە لە شوێنە هەرە دیارەكانی ناوچەكە، بە بەڵگەی وەرگرتنی نازناوی پایتەختی گەشتیاری لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی.
دواتر لە لایەن نێچیرڤان بارزانى و بەرپرسانی بانكەكەوه، كردنەوەی لقی هەولێری ئەم بانكە ڕاگهیهنرا.
لقی بانكی ستاندەرد چارتەر 74 چوارەمین بانكی ئەهلییە لە كوردستان كە سەرمایەی هەموویان 18 تریلۆن و 500 ملیار دیناری عیراقییە و بەشێك لەو بانكانە نێودەوڵەتین. بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی داراییی عیراقیش دەبێت هەر بانكێك 250 ملیار دینار سەرمایەی بێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە لە حكوومەتی عیراقییەوە مۆڵەتی كاركردنیان پێ دەدرێت و لەلایەن بانكی ناوەندیی هەولێر و سلێمانییەوە سەرپەرشتی دەكرێن
دوو شەممە, 03 ئازار 2014
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات