هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ ڤيه‌ننا: نه‌مسا خوازياره‌ بره‌و به‌ په‌يوه‌نديى سياسى و ئابوورى بدات

دواى كۆتاييهاتنى سه‌ردانه‌ يه‌ك ڕۆژييه‌كه‌ى بۆ نه‌مسا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز ئه‌لکسه‌نده‌ر فان دێر بێلن سەرۆككۆماری نەمسا، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا تیشكی خستە سەر ئامانج و ئەنجامی سەردانەكەی بۆ نەمسا و چەند پرسێكی پەیوەست بە عێراق و هەرێمی كوردستانه‌وه‌.

سەرەتا بەڕێزیان گوتی: “سەبارەت بە سەردانمان بۆ نەمسا، هەروەك خۆتان ئاگادارن پەیوەندییەكی زۆر كۆنمان لەگەڵ نەمسا هەیە كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی زۆر كۆن و كۆتا جار كە وەزیری دەرەوەی نەمسا سەردانی هەرێمی كوردستان و عێراقی كرد، داوەتێكی بۆ ئێمە نار بۆ ئەوەی سەردانی نەمسا بكەین، ئێمەش لەسەر ئەم داوەتە هاتووین. ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی زۆر باش و دوورودرێژمان هەبوو لەگەڵ به‌ڕێز وەزیری دەرەوە، ئێستاش لەگەڵ به‌ڕێز سەرۆككۆمار. لەم كۆبوونەوانەدا باسی چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی نێوان عێراق بە شێوەیەكی گشتی و هەرێمی كوردستان كرا هەم لەگەڵ سەرۆككۆمار و هەم لەگەڵ وەزیری دەرەوە وا هەست دەكەین نەمسا خوازیاری ئەوه‌يه‌ ئەم پەیوەندییە هەم لەڕووی سیاسییەوە و هەم لەڕووی ئابوورییەوە، پەرەی پێ بدرێت. بێگومان ئەوان ئێستا باڵیۆزخانەی خۆیان لە بەغدا كردۆتەوە، داوامان كرد كە كونسوڵخانەش لە هەولێر بكرێتەوە. جەنابی باڵیۆزی خۆمان، باڵیۆزی عێراق بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەكات و ئەوەی كە بینیم تێگەیشتنێكی باشیان هەیە هەم بۆ پەیوەندیی ئابووری و هەم بۆ پەرەسەندنی پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ عێراق و لەگەڵ هەرێمی كوردستان. سوپاسی پێشوازيی ئه‌مڕۆى سەرۆككۆمارمان كرد و هیوادارین ئەم پەیوەندییە بەرەوپێشەوە بڕوات لە هەموو ڕوویەكەوە”.

دواتر لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لە قۆناغی ئێستادا، بەڕێزیان ڕایگەیاند: “پێموایە ئێستا پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ئاستێكی باشدایە، ئەمە مانای ئەوە نییە بڵێم هەموو كێشەكانمان چارەسەر كردووە، بەڵام ئەو سەردانانەی بۆ بەغدا ئەنجاممان دا، من خۆم و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، هەروەها شاندی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمانە هەمووی لەو چوارچێوەیەدایە كە بتوانین ئەو كێشانەی هەیە چارەسەر بكرێن. ئەوەی من دەبینم بەغداش هەر بەو شێوەیە هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكات، بەغداش جددیيە لەوەی هەوڵێكی جددی بدات بۆ ئەوەی ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن. لەو باوەڕەدا نیم ئەم كێشانە لە شەو و ڕۆژێكدا هەمووی چارەسەر ببن، بەڵام هەنگاوەكانی ئێستای هەردوولامان بەرەو چارەسەری كێشەكانە. بێگومان وەك ڕۆڵی خۆمان لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو كێشانەی هەیە چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە و لە ئەنجامدا ئێمە لەو جوگرافیایەدا دەژین، لە ئەنجامدا بەغدا پایتەخی ئێمەشە و دەبێت هەوڵی جددی بدەین ئەو كێشانەی كە هەیە بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، چارەسەر بكرێن”.

دواتر سەبارەت ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی هۆكاری سووتاندنی بازاڕەكان له‌ شارەكانی هەولێر و كەركووك و دهۆك و دەستگیركردنی چەند كەسێك بەو هۆیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتى: “خۆتان بینیتان ئەوانەی كە دەستگیر كران لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشى بەغدا بوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان كە هەماهەنگییەكی تەواویان لەگەڵ بەغدا هەبوو لەسەر ئەم بابەتە. پرسەكە یەكلایەنە نەبووە، پرسەكە ئەوە نییە هەرێمی كوردستان یەكلایەنە ئەمانەی دەستگیر كردوون، ئەمە لە ئەنجامی كارێكی هاوبەشی نێوان دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا كراوە و ئەوەی كە باس كراوە، ئەوەی كە دیارە و ڕوونه‌ پەكەكە لە پشت ئەم مەسەلەیە بووە، هەم ئەمانەی كە لە هەولێر ڕوویداوە و هەم ئەوانەی لە كەركووكیش ڕوویداوە. ئەوەی پەیوەندیی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە هەبێت، هیچ بەڵگەیەك نییە كە یەكێتیی نیشتمانی وەكو حزب پاڵپشتیی ئەم پرسەی كردبێت و لەو لێكۆڵینەوەیەی كە كراوە لە بەغدا و هەمووتان بینیتان لە تەلەڤزیۆنەكان پشاندرا، وەكو ڕێكخستن ڕه‌نگه‌ چه‌ند كه‌سێك هەبن وەكو كه‌س ئەندام بن یان پێشتر ئەندام بووبن، ئەمە پرسێكی دیكەیە، بەڵام وەكو هێزێكی سیاسی، هیچ بەڵگەیەكی وا نییە كە هێزێكی سیاسی وەكو یەكێتی لە پشت ئەم مەسەلەیەوە بێت.

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-in-vienna-austria-wants-to-promote-political-and-economic-relations/

 

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی نه‌مسا تاوتوێی په‌یوه‌ندییه‌کان ده‌کات

پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٠٢٤/٧/٢ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌ ڤیه‌ننا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌لکسه‌نده‌ر فان دێر بێلن سه‌رۆکی کۆماری نه‌مسا، ده‌رباره‌ی هاریکاریی هاوبه‌ش و په‌یوه‌ندییه‌کانی نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

وێڕای ستایشی مێژووى په‌يوه‌ندييه‌كان و ئاستی ئێستايان، هه‌ردوولا خواستی بره‌وپێدان و فراوانکردنیان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا دووپات کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها دۆخی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، گفتوگۆی هه‌ولێر – به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدراڵى و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانیان خسته‌ به‌ر باس.

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ هاوکاری و پشتگیریی به‌رده‌وامی نه‌مسا له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها ستایشی ئاماده‌یی و ڕۆڵی نه‌مسای له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشدا کرد. لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى نه‌مسا به‌رده‌واميى پشتگيرى و هاوسۆزيى وڵاته‌كه‌ى بۆ گه‌لى كوردستان و مافه‌كانى دووپات كرده‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له پێكه‌وه‌ژيان و دۆخى پێكهاته‌كان و مافه‌كانيان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرا. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێویستیی یارمه‌تیدانی ئێزدییان له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه كه‌ يه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترين قوربانيانى ده‌ستى تيرۆرستانى داعشن.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ به‌ڕێزان باڵیۆزی عێراق و نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ نه‌مسا ئاماده‌ی بوون، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، گۆڕانی ئاووهه‌وا و گرنگیی هاریکاریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌کانی.

https://presidency.gov.krd/president-of-the-kurdistan-region-he-will-discuss-relations-with-the-austrian-president/

 

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كۆبووه‌وه‌

نيوه‌ڕۆى ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 2024/7/2 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڤيه‌ننا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌لکسه‌نده‌ر شالنبێرگ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستا‌ن، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سه‌ر دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵى نه‌مسا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى نيشاندانى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى، ستايشى په‌يوه‌نديى له‌مێژینه‌ى نه‌مساى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا كرد و پێزانينى بۆ هاوكارى و پشتگيريى نه‌مسا له‌ گه‌لى كوردستان و مافه‌ ڕه‌واكانى له‌ ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌كاندا، ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا، خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی و ئاستی په‌یوه‌ندییه‌کانی وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا ده‌ربڕی و به‌رده‌واميى پشتگيريى نه‌مسا‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپات كرده‌وه.

به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی نوێنه‌رایه‌تیی نه‌مسا له‌ هه‌رێمی کوردستان، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر – به‌غدا، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، مه‌ترسییه‌کانی داعش، كۆچ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو که‌ به‌ڕێزان باڵیۆزی عێراق و نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ نه‌مسا، ئاماده‌ی بوون.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-met-with-the-austrian-foreign-minister/

 

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌خت له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى گۆڕانى ئاووهه‌وا ده‌كاته‌وه‌

به‌يانيى ڕۆژی يه‌كشه‌ممه‌ 2024/5/12 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له‌ كۆڕبه‌ندى (گۆڕانى ئاووهه‌وا و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى له‌سه‌ر عێراق)دا كرد به‌ به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان د. له‌تيف جه‌مال ڕه‌شيد سه‌ركۆمارى عێراقى فيدراڵ، مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان و ئه‌كاديمى و لێكۆڵه‌ران و ميوانانى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ ڕێوره‌سمى كردنه‌وه‌ى كۆڕبه‌نده‌كه‌دا، به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان وتارێكى ده‌رباره‌ى كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى گۆڕانى ئاووهه‌وا له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمى كوردستان و گرنگيى هه‌بوونى پلان و ستراتيژى به‌ره‌نگاربوونه‌وەى مه‌ترسييه‌كانى پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى:

بەڕێز جەنابی د. لەتیف سەرۆكی كۆماری عێراقی فیدراڵ،

جەنابی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاك مەسروور بارزانی،

جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاك قوباد تاڵه‌بانى،

ئامادەبووانی بەڕێز،

ڕۆژتان باش،

هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن بۆ كۆڕبه‌ندى (گۆڕانى ئاووهه‌وا و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى له‌سه‌ر عێراق). ده‌ستخۆشى له‌ ڕێكخه‌رانى ده‌كه‌م، هيوادارم سه‌ركه‌وتووانه‌ كاره‌كانى ته‌واو ببن و ئه‌نجام و ڕاسپارده‌ و پێشنيارى باش و كرده‌يى، بۆ چۆنيه‌تيى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كان، پێشكه‌ش بكات.

به‌داخه‌وه‌، عێراق كاريگه‌رييه‌كى زۆرى گۆڕانى ئاووهه‌واى له‌سه‌ره‌. به‌پێى نوێترين ڕاپۆرتى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان، له‌سه‌ر ئاستى جيهان له‌ ڕيزبەندی پێنجه‌مدايه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ لێكه‌وته‌ى خراپى بۆ سه‌ر ته‌واوى بواره‌كانى ژيان له‌ عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه‌ هه‌يه‌. چه‌ندين مه‌ترسى دروست كردووه‌ و ده‌كات، وه‌ك به‌بيابانبوونى زياتر و له‌‌ناوچوونى زياترى زه‌ويى كشتوكاڵى. به‌پێى ئاماره‌كان ساڵانه‌ سەدان كيلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ زه‌ويى كشتوكاڵى له‌ عێراق ده‌بێته‌‌ وشكايى و بيابان.

هه‌روه‌ها كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام و زياترى ئاوى سه‌ر زه‌وى و ژێر زه‌وى، لاوازبوونى ئاسايشى خۆراك، زيادبوونى كۆچ له‌ شوێنه‌ زيانبه‌ركه‌وتووه‌كانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانى ديكه‌ى عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

ئاماره‌كانى (IOM) ده‌ڵێن: ئه‌م ساڵانه‌ى‌ دوايى تا مانگى ده‌ى ساڵى ڕابردوو، (130) هه‌زار كه‌س له‌ باشوورى عێراق ناچار بوون شوێنى ژيانيان چۆڵ بكه‌ن. ئه‌مه‌ وێڕاى تێكچوونى ئاسايشى كۆمه‌ڵگه‌يى و زيادبوونى ڕێژه‌ى بێكارى و هه‌ژارى، زيادبوونى كێشه‌ى ته‌ندروستى و كاره‌ساتى سروشتى و چه‌ندين لێكه‌وته‌ى ديكه‌ش.

دۆخى ڕابردوو وايكردووه‌ عێراق وه‌ك پێويست نه‌پڕژێته‌ سه‌ر گرنگى و جددييه‌تى ئه‌م بابه‌ته‌. بۆيه‌ ئێستا ئێمه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان زياتر له‌ وڵاتانى ديكه‌ پێويستيمان به‌ كارى خێرا و دانانى پلان و ستراتيژى هه‌نووكه‌يى و كورتخايه‌ن و درێژخايه‌ن هه‌يه،‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسيی گۆڕانى ئاووهه‌وا ببينه‌وه‌ و به‌ر به‌ لێكه‌وته‌ و كاره‌ساته‌كانى بگرين.

بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ ئه‌م پرسه‌ ببێته‌ كارى له‌پێشينه‌ و مه‌ودا و ڕووبه‌ڕێكى زياتر و جدديتر له‌ سياسه‌ت و به‌رنامه‌ى كارى حكوومه‌تى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بگرێت و پێكه‌وه‌ هاوكار بن.

بودجه‌ى پێويست لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە بۆی دابین بكرێت و دامه‌زراوه‌ و ده‌زگاى تايبه‌تى هه‌بێت كه‌ ده‌سه‌ڵات و توانای زياتریان هەبێت له‌وانه‌ى ئێستا هه‌ن و له‌ ئاستى مه‌ترسى و ئاڵنگارييه‌كان و فراوانيى لێكه‌وته‌كانيدا بن.

گرنگ و پێويسته‌ سيسته‌م و پرۆگرامه‌كانى خوێندن و په‌روه‌رده‌، بايه‌خى زياتر به‌ هۆشيارى و كولتوورى ژينگه‌پارێزى و پاراستنى ئاو و پيسنه‌كردنى هه‌وا و كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌كارهێنانى وزه و كه‌مكردنه‌وه‌ى زبڵ و خاشاك بده‌ن‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام له‌ ڕێگه‌ى ميديا و ناوه‌نده‌ ڕۆشنبيرييه‌كان، ته‌نانه‌ت ئايينييه‌كانيشه‌وه‌، ئاستى هۆشياريى تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌رهه‌ق به‌م پرسه‌ گرنگ و ژيانييه‌ به‌زر بكه‌نەوه‌‌.

به‌ڕێزان..

له‌گه‌ڵ گۆڕانى ئاووهه‌وا و لێكه‌وته‌كانیدا، ‌‌بايه‌خ و گرنگيى ئاو زياتر ده‌بێت و ده‌بێ باشتر به‌ڕێوه‌ ببرێت. عێراق به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى زۆرترين ئاوى ڕووباره‌كانى له‌ وڵاتانى دراوسێوەیە‌، ناچاره‌ بايه‌خێكى زياتر به‌م پرسه‌ بدات، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت ئاسايشى ئاوى خۆى مسۆگه‌ر بكات.

جگه‌ له‌وه‌ى ئێمه‌ له‌ عێراق ده‌بێ ده‌ستوبرد بكه‌ين و له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌‌ و جيهاندا هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى هاوبه‌شمان فراوان بكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين به‌ره‌نگارى مه‌ترسى و ئاڵنگارييه‌كانى گۆڕانى ئاووهه‌وا ببينه‌وه‌، گرنگه‌ له‌ ناوخۆشدا پلان و ستراتيژێكى نيشتمانيى تۆكمه‌ ئاماده‌ بكه‌ين و تا زووتره‌ بيخه‌ينه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌‌.

هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رچاوه‌يه‌كى زۆرى سامانى ئاو ده‌وڵه‌مه‌نده. ده‌بێ بايه‌خ و گرنگيى تايبه‌ت به‌ پرۆژه‌كانى به‌نداو و پۆندى گلدانه‌وى ئاو له‌ هه‌رێمى كوردستان و لە عێراق بدرێت. گرنگه‌ له‌م بواره‌دا و بۆ چاندنى دارستانه‌كانيش پێویستە حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ يارمه‌تییەكی تەواوی هه‌رێمى كوردستان بدات.

هه‌ڵكه‌وته‌ و تۆپۆگرافياى هه‌رێمى كوردستان زۆر يارمه‌تيده‌ره‌ بۆ دروستكردنى چه‌ندين به‌نداو و سه‌دان پۆند كه‌ ده‌كرێ ئاوێكى زۆر گلبده‌نه‌وه‌ و هاوكارێكی باش بن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى گۆڕانى ئاووهه‌وا له‌سه‌ر عێراق. داوا له‌ جه‌نابى سه‌رۆككۆماريش ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ ته‌شريفی هێناوە و لێره‌یە‌، له‌مباره‌يه‌وه‌ هاوكار و يارمه‌تيده‌ری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت.

هه‌ر لێره‌دا ده‌مه‌وێ ده‌ستخۆشى له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكه‌م كه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ ژماره‌يه‌ك‌ پۆندى له‌ چه‌ندین شوێنى هه‌رێمى كوردستان دروست كردووه‌ و ساڵانه‌ ڕێژه‌يه‌كى باش ئاوی گلداوەتەوە‌، ئەم هەنگاوە جێی دەستخۆشی و پێزانینە.

به‌ڕێزان..

هه‌ميشه‌ به‌رژه‌وه‌نديى درێژخايه‌نمان له‌ كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان گه‌وره‌تره‌ و ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و بڕوا و بنه‌مايه‌ كار بكه‌ين. له‌ ماوه‌ى چه‌ندین هه‌فته‌ى ڕابردوودا له‌ عێراق هه‌نگاوى باشمان بۆ پته‌وكردنى متمانه‌ و كۆبوونه‌وه‌ى هه‌موومان به‌ ده‌ورى نه‌خشه‌ڕێگه‌يه‌كى نيشتمانييانە‌ هه‌ڵناوه‌.

ئه‌وه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌رێنى ده‌بێت به‌سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ش كه‌ خێرى بۆ ته‌واوى عێراق ده‌بێت. ئێمه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ هاوكارى و پێكه‌وه‌يى، ده‌توانين خزمه‌تى زۆر باشتر بكه‌ين و وا بكه‌ين داهاتوو بۆ هه‌موومان باشتر بێت.

ئەو هەنگاوانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم ماوەیەدا ناویەتی بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا، هەنگاوی زۆر گرنگ و جێی دەستخۆشین. ئێمە داوا لە حكوومەتی فیدراڵ دەكەین، داوا دەكەین كە بەپیر ئەو داواكارییانەوە بێت و بە زووترین كات كێشەكان چارەسەر بكات، چونكە ئەوەی ئێستا هەیە ئەوه‌يە كە دەبێت حكوومەتی فیدراڵ ئەركەكانی خۆی بەرامبەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.

له‌ كۆتاييدا، هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ ده‌خوازم. سوپاس و ده‌ستخۆشى پێشكه‌ش به‌ ناوه‌ندى فه‌ره‌نسى بۆ توێژينه‌وه له‌سه‌ر عێراق، زانكۆى كوردستان ـ هه‌ولێر و دامه‌زراوه‌ى به‌حر ئه‌لعلووم ده‌كه‌م بۆ ڕێكخستنى ئه‌م چالاكييه‌ گرنگه‌. هيوادارم ئه‌نجامى باش و سوودبه‌خشى لێ بكه‌وێته‌وه‌.

زۆر سوپاس بۆ هه‌موو لايه‌كتان،

هيواى ڕۆژيكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم و بە خێر بێن..

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-emphasizes-deterring-climate-change-concerns/

 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا دەكات

نيوه‌ڕۆى ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 2024/5/9 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو ئەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا ئاماده‌ى بوون، جه‌خت له‌ پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ، بره‌ودان به‌ ديموكراسى و ئازادييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرايه‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕۆڵ و كاريگه‌ريى ڕێكخراوه‌ ناحكوومييه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا بيروڕايان ده‌رباره‌ى هه‌ندێ تێبينى و كه‌موكووڕيى له‌ بواره‌كانى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كاندا گۆڕييه‌وه‌ و هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌شى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌ردوولا بۆ باشتركردنى ئه‌و بوارانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها داكۆكييان له‌ بره‌ودان به‌ به‌ها هاوبه‌شه‌كان و پاراستنى مافى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئايينييه‌كان كرده‌وه‌.

خاتوو زييا وێڕاى ده‌ربڕينى ستايش بۆ كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و فره‌يى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ييى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى وڵاته‌كه‌ى بۆ يارمه‌تيدانى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو بره‌ودان به‌ بواره‌كانى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان و ديموكراسى و ڕۆڵى ياسا ده‌ربڕى و هه‌رێمى كوردستانى به‌ هاوبه‌شێكى گرنگى ئه‌مه‌ريكا له‌ قه‌ڵه‌م دا.

ڕه‌وشى ئێزدييان و گرنگيى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ى ئاواره‌كان، ژيان و گوزه‌رانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كاندا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

https://presidency.gov.krd/kurdistan-regional-government-president-barzani-receives-a-delegation-from-the-us-state-department/

 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌ركۆمارى عێراق كۆبووه‌وه‌

ئێوارەی ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 2024/5/11 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە هەولێر لەگەڵ بەڕێز د. لەتیف جەمال ڕەشید سه‌ركۆمارى عێراقى فيدراڵ کۆبووەوە.

لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا کە به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك و ژمارەیەك لە وەزیر و به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان ئامادە بوون، بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەكه‌ تاوتوێ کران و جەخت لەسەر گرنگيی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و به‌رده‌وامى هه‌وڵه‌كان و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرايه‌وه‌.

به‌ڕێز سەرکۆمار ئاماژەی بەوە کرد کە هاوکار دەبێت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، هه‌روه‌ها کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی جووتیارانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حکوومەتی عێراق.

لاى خۆیەوە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگيى هەوڵه‌کان بۆ پاراستنى ئارامی و سه‌قامگيرى و تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی هه‌ولێر ـ به‌غدا كرد، هه‌روه‌ها پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى دوايين سەردانی بۆ کۆماری ئیسلاميی ئێران و پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێراندا خسته‌ ڕوو.

په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیهان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

https://presidency.gov.krd/kurdistan-regional-government-president-barzani-meets-with-iraqi-president-2/

 

پەڕەى 2 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی