هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

له‌ئێرانه‌وه‌ په‌یامێكی به‌په‌له‌ ده‌درێته‌ حكومه‌تی هه‌رێم

نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌تاران په‌یامێك ئاراسته‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و داواده‌كات، كه‌سانی پسپۆڕو شاره‌زا بۆ نرخی شتومه‌ك و كه‌لوپه‌لی ئێرانی دیاریبكات و ڕێگری له‌گرانبونی كه‌لوپه‌لی ئێرانی بكرێت، سه‌باره‌ت به‌گرانبونیش به‌هۆی‌ دراوی ئێرانیه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست ده‌دات.

نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌تاران به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "له‌هه‌رێمی كوردستان نرخ گرانده‌كرێت به‌هه‌مانشێوه‌ی ئێران، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی نرخ له‌ئێران گرانبوه‌، له‌كاتێكدا ڕاسته‌ به‌دراوی تمه‌ن نرخی كه‌لوپه‌له‌كان زیادیانكردوه‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و كاڵاو بابه‌ته‌ی پێشتر به‌دۆلارێك ده‌كڕدرا له‌ئێران ئێستا نیو دۆلاری پێویسته‌".

نوێنه‌ره‌كه‌ی هه‌رێم هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌دات و ده‌شڵێت:"ئه‌گه‌ر له‌ڕابردودا تێچوی تۆنێك 100 هه‌زار تمه‌ن بوبێت، ئێستا بۆته‌ دوو سةد هه‌زار، به‌ڵام به‌دیناری عیراقی یان به‌دۆلار نرخه‌كه‌ی هه‌رزانتره‌ هه‌ر ئه‌و برنجه‌ پێشتر به‌دۆلارێك بوو، ئێستا به‌نیو دۆلاره‌".

نازم ده‌باغ په‌یامێك ئاراسته‌ی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت:"په‌یامم بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌، كه‌سی پسپۆڕو شاره‌زا بۆ جێگریكردن و دیاریكردنی نرخه‌كان ڕابسپێرێت، تائه‌و بازرگانه‌ چاوچنۆكانه‌ی به‌بێ هۆكار پاره‌ی زیاد له‌هاوڵاتیان وه‌رده‌گرن سزا بدرێن".

 

نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ نادیا موراد ده‌كات

 به‌بۆنه‌ى به‌خشینى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتییه‌وه‌ به‌ خاتوو نادیا موراد، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایى لێكرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

به‌بۆنه‌ى به‌ده‌ستهێنانى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتییه‌وه‌، پڕ به‌ دڵ پیرۆزبایى له‌ خاتوو نادیا موراد ده‌كه‌ین. هه‌ر وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ كار و چالاكییه‌كانى، مایه‌ى شانازى و خۆشحاڵیى ئێمه‌ بوون، پێدانى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتیش به‌ خاتوو نادیا مایه‌ى شانازى و خۆشحاڵیى ئێمه‌ و هه‌موو خه‌ڵكى كوردستانه‌.

هیوادارین ئه‌م خه‌ڵاته‌ هه‌ندێ دڵنه‌واییى خاتوو نادیا بداته‌وه‌ له‌و هه‌موو ئازار و مه‌ینه‌تیانه‌ى به‌سه‌ر خۆى و خانه‌واده‌كه‌یدا هاتووه‌، هه‌روه‌ها دڵنه‌واییى خوشك و برایانى ئێزدى بداته‌وه‌ له‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ریاندا هات، چونكه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ ته‌نیا بۆ تاقه‌ كه‌سێك نییه‌، به‌ڵكوو بۆ خۆڕاگرى و قوربانییه‌كانى ئێزدییان و ته‌واوى گه‌لى كوردستانه‌.

خاتوو نادیا موراد كه‌ سیمبولى قوربانییه‌كانى ئێزدییان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر و هه‌ڵگرى په‌یامى ئاشتى و مرۆڤایه‌تییه‌ له‌ جیهاندا، هه‌میشه‌ له‌ كار و چالاكییه‌ مرۆییه‌كانیدا پشتگیریى ته‌واوى ئێمه‌ى هه‌بووه‌ و ده‌بێت. هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ ده‌خوازین و دووباره‌ پیرۆزبایى لێده‌كه‌ین.

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆك وه‌ه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
5/10/2018

 

نێچیرڤان بارزانى: له‌ هه‌ڵبژاردندا خه‌ڵكى كوردستان براوه‌یه‌

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30/9/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ یه‌كێك له‌ بنكه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ولێر، به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد.

دوای پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێزیان له‌ وته‌یه‌كدا گوتی "ده‌نگدان مافی هه‌ر كه‌س و تاكێكه‌ له‌م وڵاته‌دا و هیوادارم ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ به‌ ئارامی و به‌ شێوه‌یه‌كی ئارام به‌ڕێوه‌ بچن و ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی كوردستان بچنه‌ سه‌ر سه‌ندوقه‌كانی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی خۆیان له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا. داوا له‌ هه‌موو هاووڵاتیان و ده‌زگاكانی ئه‌منی و ئاسایش ده‌كه‌م هێمنی بپارێزن و زۆر گرنگه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌ و ڕێكوپێك به‌ڕێوه ‌بچێت. ئه‌م هه‌ڵبژارنه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ و بۆ ده‌ستنیشانكردنی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه‌ و به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت له‌ ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ی كه‌ براوه‌یه‌ خه‌ڵكی كوردستانه‌. ئه‌و خه‌ڵكه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وه‌ێ له‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا له‌م وڵاته‌ نوێنه‌رانی خۆیان هه‌ڵبژێرن. بێگومان ده‌بێت هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین په‌نا به‌ خوا كوردستان له‌ قۆناغێكه‌وه‌ به‌ره‌و قۆناغێكی باشتر ببه‌ین".

دواتر له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ قسه‌ی به‌ڕێزیان بۆ پارت و لا‌یه‌نه‌كانی دیكه‌ و ئه‌و كێشه ‌و گرفتانه‌ی كه‌ له‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت به‌ گشتی دروست بوون، به‌ڕێزیان گوتی "له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا هه‌ندێك جار هه‌ندێك كێشه‌ دروست ده‌بن و دوور نین له‌ كێشه‌، به‌ڵام تا ئێستا ئێمه‌ نابینین كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ هاتنبێته‌ پێشه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌تیشدا به‌ شێوه‌یه‌كی ئارام به‌ڕێوه‌ چوو و هه‌ندێك كێشه‌ هه‌بوو و ئه‌م كێشانه‌ هه‌م كۆمسیۆن له‌سه‌ری ده‌وه‌ستێت كه‌ كاری خۆیانه‌ و نامه‌وێ ده‌ست بخه‌مه‌ ناو كاروباره‌كانیان و هه‌میش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ری ده‌وه‌ستێت. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌ هێمنی دوور له‌ كێشه‌ به‌ڕێوه‌بچێت".

ده‌رباره‌ی ئه‌و زمانه‌ تونده‌ی كه‌ له‌ نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردن به‌كارهێنرا و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دروستبوونی شه‌ڕ و ناكۆكی، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاشكرای كرد "هیچ ئه‌گه‌رێكی دروستبوونی شه‌ڕ له‌نێوان ئێمه‌ و یه‌كێتیدا نییه‌ و خۆی سروشتی هه‌ڵبژاردن وایه‌ كه‌ كه‌مپه‌ین له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت لایه‌ن و كاندیده‌كان قسه‌ به‌ یه‌كتری ده‌ڵێن و ده‌یانه‌وێ خۆیان باشتر پیشان بده‌ن و پرۆگرامی خۆیان باشتر بخه‌نه ‌ڕوو. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌موو شته‌كان زۆر زۆر ئاساییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ گرژییه‌كی گه‌وره‌ له‌نێوان لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی هه‌بێت، من وه‌ك شه‌خسی خۆم ئه‌وه‌ نابینم و پێشم وایه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن هه‌رچۆنێك بێت، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن كه‌ نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نه‌كانی تێدایه‌، بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌دات. له‌ كۆتاییدا ئه‌مه‌ وڵاتی ئێمه‌یه‌ و ده‌بێت به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی به‌رین".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك پاڵێوراو بۆ پۆستی سه‌ركۆماری عێراقی فیدرال ڕێكده‌كه‌ون یان هه‌ریه‌كه‌ و به‌ پاڵێوراوی خۆیه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو پرۆسه‌كه‌وه‌، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد "بابه‌تی سه‌رۆك كۆمار په‌یوه‌ندی به‌ پێكهاته‌ی كورد و كوردستانییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه،‌ براده‌رانی یه‌كێتی پاڵێوراوی خۆیان به‌ڕێز د. به‌رهه‌م ساڵح ناردووه‌ و پارتیش به‌ڕێز د. فوئاد حوسێنی پاڵاوتووه‌، لێره‌دا كام یه‌ك له‌م به‌ڕێزانه‌ ده‌بن به‌ نوێنه‌ری كورد یان ئه‌وانی دیكه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ش خۆیان هه‌ڵبژاردووه‌. ئێمه‌ بۆ ده‌رچوون له‌و كێشه‌یه‌ پێشنیارمان كردووه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ئه‌وانه‌ی به‌شدارن له‌ په‌رله‌مانی عێراق كۆببنه‌وه‌ و له‌ناو خۆیاندا یه‌ك كه‌س ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به‌ كاندیدی كورد. ئێمه‌ پێمان باشتره‌ و دروستریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورده‌كان خۆیان و كوتله‌ كوردییه‌كان خۆیان ڕێككه‌ون و یه‌ك كاندید دیاری بكه‌ن، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌و كاندیده‌ نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بكات به ‌شێوه‌یه‌كی گشتی. له‌ گفتوگۆداین له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ قبووڵ بكه‌ن و هیوادارم قبووڵی بكه‌ن. پێویست به‌وه‌ ده‌كات كورد به‌ یه‌ك كاندید بچێته‌ ناو په‌رله‌مان و یه‌ك كاندید ده‌ستنیشان بكات، ئه‌گه‌ر بۆ په‌رله‌مانی جێبهێڵین و سه‌یری بكه‌ین سوننه‌كان خۆیان كاندیدی خۆیان هه‌ڵبژارد و بوو به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، برایانی شیعه‌ خه‌ریكن یه‌ك كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده‌ ده‌كه‌ن و ببێته‌ كاندیدیان، بۆ ئێمه‌ی كورد و بۆ به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌وه‌ دروستتره‌ و هیوادارم له‌مباره‌یه‌یه‌وه‌ بگه‌ینه‌ لێكتێگه‌یشتن".

ده‌رباره‌ی بڕیاره‌كانی دوێنێ شه‌وی كۆمسیۆن و ناڕازیبوونی هه‌ندێك لایه‌ن به ‌تایبه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڕێیان ڕایگه‌یاند "هیوادارم نه‌گاته‌ ئه‌وه‌، بێگومان وه‌ك باسم كرد كۆمسیۆن سه‌ربه‌خۆیه‌ و چۆن ئێوه‌ ڕێنماییه‌كانی كۆمسیۆنتان له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن بیستووه‌، منیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بیستوومه‌، ئێمه‌ نه‌ ته‌ده‌خولمان كردووه‌ و نه‌ ویستوومانه‌ به‌ هیچ لایه‌كدا بڕوات و كۆمسیۆن خۆی به‌پێی ئه‌و دۆخه‌ی هاتۆته‌ پێش هه‌ندێك بڕیاریان ده‌ركردووه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌كانیش تێیدا به‌شدارن بوون. پێموایه‌ ئه‌و ڕێنماییانه‌ی كه‌ ده‌ریانكردووه‌، ته‌نیا بۆ لایه‌نێك نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو لایه‌ن و حزب و ئه‌و پێكهاتانه‌یه‌ كه‌ به‌شدارن له‌و پرۆسه‌یه‌دا و ڕاستی و دروستییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ڕێزی ئه‌و بڕیارانه‌ بگرین، چونكه‌ بابه‌تێكی ته‌كنیكییه‌ و هیچ بابه‌تێكی سیاسی تێدا نییه‌ كه‌ بڵێی ئه‌م بڕیارانه‌ به ‌هۆكارێكی سیاسی دراون. ئه‌م بڕیارانه‌ بڕیاری ته‌كنیكین و له‌ ڕووی ته‌كنیكییه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ بابه‌ته‌كه‌ كردووه‌ و بڕیاره‌كه‌یان داوه‌ و هیوادارم ئه‌مه‌ نه‌بێته‌ كێشه‌یه‌ك".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ی پێكهێنانه‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت و گفتوگۆكانی له‌مباره‌یه‌وه‌، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "پێموایه‌ با جارێ هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌واو ببێت و ئه‌نجامه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ڕابگه‌یه‌نرێت، ئه‌وكات به‌رچاوی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان زیاتر ڕوون ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانن پێكهاته‌ی كابینه‌ی حكوومه‌تی داهاتوو به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت".

ده‌رباره‌ی په‌یامی سه‌رۆك حكوومه‌ت بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ئارامبی ده‌نگدان و پرسی پۆستی سه‌ركۆماری عێراق ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ ڕێككه‌وتنێك، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی "پێشتر په‌یامم به‌ ده‌زگاكانی ئه‌منی داوه‌ و ڕێنمایی پێویستیشم پێیان داوه‌ كه‌ هه‌رچییه‌ك پێویست بێت بۆ هاوكارییكردنی كۆمسیۆن ئه‌نجامی بده‌ن له‌ هه‌موو كوردستان و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌وه‌ی كه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك پێویست بكات، كۆمسیۆن داوای هاوكاربی ئێمه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكات، ئێمه‌ له‌ خزمه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌بین و له‌ خزمه‌تی ئه‌وه‌داین كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێكوپێك پرۆسه‌كه‌ به‌ئه‌نجام بگات. سه‌باره‌ت به‌ پۆستی سه‌ركۆماریش به‌رژوه‌ندی له‌وه‌دا نییه‌ ئێمه‌ به‌ دوو كاندیدی سه‌ركۆماره‌‌وه‌ بچینه‌ ناو په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ كراوه‌ بێت بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ ده‌نگ به‌ پۆستێك بده‌ن كه‌ هی حزب و لایه‌نێك نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌. ڕێگه‌ی دروستی ئه‌م باسه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ناو فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كاندا یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، ئه‌وان كۆببنه‌وه‌ و به‌ڕێزێك یه‌كلا بكه‌نه‌ و به‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ بڵێن كه‌ كاندیدی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌. ئه‌وه‌ باش نییه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ بچینه‌ ناو په‌رله‌مان، چونكه‌ یه‌ك حزبه‌ داوای ئه‌و شته‌ ده‌كات و گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بچین ئه‌و كات لایه‌نه‌كانی دیكه‌ هه‌ست ناكه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌وان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق كۆببنه‌وه‌ و له‌سه‌ر یه‌ك كاندید ڕێككه‌ون، ئه‌و كاندیده‌ كاندیدی هه‌موو هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت".

ده‌رباره‌ی به‌ده‌ستنه‌هێنانی كاندیدى پۆستی سه‌ركۆمار بۆ ده‌نگی پێویست له‌ناو په‌رله‌مانی عێراقدا، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "هه‌ڵبژاردن هه‌مووی ڕیسكه‌ كه‌س له‌ ئه‌نجامی سه‌ت له‌ سه‌دت هیچ هه‌ڵبژاردنێك دڵنیا نییه‌ تا بزانێت چۆن ده‌بێت، به‌ڵام بێگومان پێمانخۆش نییه‌ بگاته‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ كێبڕكێوه‌ بچینه‌ ناو په‌رله‌مانی عێراق. حه‌ز ناكه‌ین وابێت، جوان نییه‌، بۆ كورد ناشرینه‌ و ده‌مانه‌وێ به‌ر له‌وه‌ی بچینه‌ ناو په‌رله‌مان هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان دانیشین و له‌سه‌ر یه‌ك كاندید ڕێكبكه‌وین و بۆ پۆستی سه‌ركۆماری عێراق كاندیدى بكه‌ین. ئێمه‌ وه‌ك پارتی له‌خۆمان پشتڕاستین و له‌وه‌ ناترسین به‌ كاندیدی خۆمانه‌وه‌ بچینه‌ ناو په‌رله‌مانی عێراق، به‌ڵام ئه‌مه‌ باش نییه‌ و ناشرینه‌".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به‌ ماوه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت و كه‌ ئایا ئه‌وه‌نده‌ی حكوومه‌تی عێراق ده‌خایه‌نێت، به‌ڕێزیان گوتی "نا په‌نا به‌خوا ئه‌وه‌نده‌ ناخایه‌نێت، با ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌ربچێت دوای ئه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌ زووترین كات حكوومه‌ت پێكبهێنرێت."

 

نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران: یه‌کێتی و پارتی کاندیدێکی هاوبه‌شیان هه‌بێت

 نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران ده‌ڵێت: یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌بێت له هاوپه‌یمانییه‌کدا، کاندیدێکی هاوبه‌ش وه‌کوو کاندیدی کۆتایی سه‌رۆک کۆماری راگه‌یه‌نن.

نازم ده‌باغ نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران، له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی "برنا" سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری داهاتووی عێراق ده‌ڵێت: لایه‌نگری لایه‌نه سیاسییه‌کان و رای گشتیی عێراقییه‌کان بۆ به‌رهه‌م ساڵح کاندیدی یه‌کێتی نیشتمانییه.

ئه‌و سه‌باره‌ت به هه‌ڵسه‌نگاندنی نێوان دوو کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار واتا هوشیار زێباری له پارتی دیموکرات و به‌رهه‌م ساڵح له یه‌کێتی نیشتمانیی ده‌ڵێت: هه‌رکام له‌مانه تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه. به‌ڵام رای من ئه‌وه‌یه ئه‌م دو حزبه رێکه‌ون و کاندیدێکی هاوبه‌ش بنێرنه به‌غدا، له ئێستادا یه‌کێتی له‌سه‌ر دکتور به‌رهه‌م پێداگره‌و به پێی ئه‌و لایه‌نگری و خواسته‌ی که لایه‌نه سیاسییه‌کانی عێراق و جه‌ماوه‌ر بۆیان هه‌یه، که‌سی گونجاو دکتور به‌رهه‌مه.

 

ده‌باغ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: به سه‌رکه‌وتنی دکتور به‌رهه‌م دڵخۆشم به‌ڵام وام وایه که یه‌کێتی و پارتی به هاوپه‌یمانییه‌ک یه‌ک که‌س بۆ ئه‌م پۆسته کاندید بکه‌ن.

ده‌باغ له درێژه‌دا ده‌ڵێت: به پێی زانیاری خۆم و رای گشتیی، لایه‌نگری زۆربه‌ی خه‌ڵكی عێراق بۆ سه‌رۆکایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح ئه‌رێنییه.

ئه‌و هه‌روه‌ها پێی وایه به پێی بارودۆخی ئیستای عێراق باشترین بژارده بۆ سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیرانی عێراق عادڵ عه‌بدولمه‌هدی‌یه.

 

ئه‌م کارسانه سیاسییه له کۆتاییدا سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عه‌لی عه‌له‌وی وه‌زیری پێشووی دارایی ده‌ڵێت: ئه‌م ده‌نگۆیانه هه‌یه به‌ڵام من پێم وایه باشترین بژارده له بارودۆخی ئێستادا عادل عه‌بدولمه‌هدی‌یه.

 

ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌

 ده‌رباره‌ى بۆمبارانى سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆى كۆمارى ئێسلامیى ئێران بۆ سه‌ر بارەگاکانی حیزبی دێموكراتى ئێران (حدکا) و حیزبى دێموكراتى كوردستان (حدك) لە قەزای کۆیە، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاگه‌یانراوێكى بڵاو كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

ڕاگەیەنراوێک لە سه‌رۆكایه‌تیى ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێمى كوردستانەوە:

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ۸/۹/۲٠۱۸ بارەگاکانی حیزبی دێموكراتى ئێران (حدکا) و حیزبى دێموكراتى كوردستان (حدك) لە قەزای کۆیە له‌لایه‌ن كۆمارى ئیسلامیى ئێرانه‌وه‌ بۆمباران كران كه‌ له‌ ئه‌نجامدا چه‌ند كه‌سێك گیانیان له‌ ده‌ست دا و ژماره‌یه‌كى دیكه‌ش بریندار بوون.

وێڕاى ئیدانەکردنى ئه‌و بۆمبارانه‌، دووپاتى ناڕەزایەتیی خۆمان لە بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانى دراوسێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵكراو نییه‌ و ده‌بێته‌ هۆى تێكدانى ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستان، بۆیه‌ داواكارین دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، ڕێز له‌ یاساكانى هه‌رێمى كوردستان بگیریت و هه‌رێم نه‌كرێته‌ گۆڕه‌پانیى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ململانێكان.

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ كه‌سوكارى قوربانییان ده‌كه‌ین و هیواى زووچاكبوونه‌ بۆ بریندارن ده‌خوازین، هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئه‌ركى خۆى بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان جێبه‌جێ ده‌كات و تیمەکانی فریاگوزاریمان ڕاسپاردووە بە هەموو توانایەکی خۆیانه‌وه‌ فریای زیانلێکەوتووان و خه‌ڵكى سڤیلى ناوچه‌كه‌ بکەون.

سه‌رۆكایه‌تیى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
۸ی ئەیلولی ۲٠۱۸

 

نازم دەباغ: پارتی و یەكێتی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان لە هێرشە مووشەكییەكە ئاگاداركردبووەوە

 

خەندان-  

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران لەبارەی موشەك بارانكردنی بارەگای سەرەكی(حدك) لە قەزای كۆیە رایگەیاند، مانگ و نیوێك پێش مووشەك بارانكردنەكە لە ڕێگای شاندێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتیەوە لایەنە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران ئاگاداركراونەتەوە.

نازم دەباغ بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، "شاندێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتیەوە لایەنە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران ئاگاداركراونەتەوە، كە ئێران بەنیازە گورزی كوشندەیان لێبدات، بەڵام ئەو لایەنە كوردییانە گوێَان نەگرتووە و لەو ڕۆژەدا ئەو كۆبونەوەیەیان( پلنیۆم)ی حیزبیان ئەنجامداوە، لەبارەی لەسێدارەدانی سێ گەنجی كوردی ئێران لەهەمان ڕۆژی موشەك بارانەكە".

كاتژمێر 10:45 خولەكی رۆژی شەممە كۆماری ئیسلامی ئێران هێرشی مووشەكی كردە سەر بارەگای سەرەكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستان، كە ئەو دوو پارتە دوو پارتی ئۆپۆزسیۆنی كوردین.

نازم دەباغ وتیشی، "ئێمە بەو تۆپبارانەی كە چەندین تێكۆشەر و چەندین كورد لەپێناوی هەندیك بابەتدا ژیانیان لەدەستدا كە ئێـمە پێشتر پێمان وتن كە كۆماری ئیسلامی ئێرانی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە، ئەگەر بەردەوام بن لەم چالاكیانە لەناوخاكی ئیراندا بەدڵنیاییەوە وەڵامیان دەبێت وەڵامەكەشیان كوشندە دەبێت".

نازم دەباغ روونیكردەوە، "بەداخەوە ئەوەی ڕۆژی شەممە ڕەویدا پێشتر ئاگادارمان كردونەتەوە هەروەها هەموو ئەوانەی ئەندامی دەفتەری سیاسی و مەركەزی و ئەنجومەنی سەركردایەتی لایەنە سیاسیەكانی كوردن لە هەرێمی كوردستان ئەگەر تۆزێك بەویژدانەوە گوێ لە قسەكانی بەندە بگرن ڕاست و دروستی قسەكانی من دەزانن، كە ئەو شاندانە ئاگادارییان كردوون، تكاتان لێدەكەین كارێكی وامەكەن كە كۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی توندی هەبێت كەچێ بێ گوێدان ئەم جۆرە كۆبونەوەشیان(پلنیۆم)ەیان كرد كە ئەم زیانەیان كرد".

لەبارەی ئەوەی ئێران چۆن زانی حیزبی دیموكراتی كوردستان لەو كاتەدا پلنیۆمی حیزبییان هەیە و موشەك بارانی كردن؟ نازم دەباغ وتی، "من نازانم ئەوە لەخۆیان بپرسن، ڕەنگە هەر لەناو خۆیاندا كەسێك هەبێت ئەو هەواڵەی دابێت، پێشتر چەند جارێكی تر ئەوە ڕووی داوە چونكە، دواتر ئاشكرا بووە كەسەكە لەناو خۆیاندا بووە."

نازم دەباغ ئەوەشی وت، "ئەو شاندەی تایبەتی حكومەتی هەرێم كە سەردانی ئەو لایەنە كوردییە ئێرانیانەیان كرد پێشتر ئاگاداریان كردنەوە پێكهاتبوو لە یەكێتی و لە پارتی كە زۆرترین ئەندامی شاندەكە لەبرادەرانی پارتی بوون سەردانی ئەو لایەنانەیان كرد تكایان لێكردن، وە پێێان وتن ئەم چالاكیانە وەڵام دانەوەیان دەبێت".

رۆژی یەكشەمە سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، "بە حەوت مووشەكی مەودا كورتی زەوی بە زەوی هێرشی كردووەتە سەر كۆبوونەوەیەك و ناوەندێكی مەشق پێكردنی دیموكراتەكان".

سوپای پاسداران راشیگەیاندووە، لە ئەو هێرشەدا لە "یەكەی ئاسمانی سوپاو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان" كەڵكی وەرگرت.

سەبارەت بەوەی ئایا وەك نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم داوای ڕونكردنەوەیان لە حكومەتی ئێران كردووە لەسەر موشەك بارانەكە؟ نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران وتی، " ئێـمە لە تاران لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بە زارەكی ئەو پرسیارەمان لە بەرپرسانی ئێرانی كرد بەڵام ئەو وەڵامەمان پێگەیشت كە لەبەیاننامەكەی سوپای پاسداراندا هاتبوو."

بەهۆی هێرشەكانی سوپای پاسدارانەوە بۆ سەر بارەگانی هەردوو حزبی حزبی دیموكراتی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستان ئێران 15 فەرماندەو پێشمەرگە شەهیدبوون و زیاتر لە 40 كەسی دیكەش برینداربوون.

نازم دەباغ وتیشی، "وەك خۆمان نامانەوێت لەخاكی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە هێرش بكرێتە سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ وەناشمانەویت وڵاتانی دراوسێ بەهۆی بونی حیزبێكی سیاسیەوە بۆردومانمان بكەن"

 

 

پەڕەى 122 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی