هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری كۆمیساری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 21ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو كەتی گیلمۆر جێگری كۆمیساری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا جێگری كۆمیساری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە هەروەها ستاییشی سەركردایەتیكردنی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و پاراستنی پێكهاتەكان و بە سەرنجڕاكێشی وەسف كرد. هەروەها ڕاشیگەیاند كە جیهان ئەو پێشوازییەی گەلی كوردستان لەبیر ناكات كە سەرباری بوونی تەحەدیاتی ئەمنی و ئابووری لە ئاوارە و لێقەوماوان كردوویەتی. جێگری كۆمیساری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان وێڕای ئاماژەدان بە نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان و عێراق، هێمای بەوەدا كە بە بەراورد لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عێراق، كوردستان مەودایەكی بەرینە بۆ ئومێد و كەرامەتی مرۆڤ. هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ ئەوەی كوردستان لەسەر بنەمای لێبوردەی و دادپەروەری و پاراستنی یاسا و مافی مرۆڤ بنیات نراوە و جێگەی خۆشحاڵیی كۆمەڵگەی جیهانییە كە كوردستان تەنانەت لە چركەساتەكانی شەڕ و تاریكی و سەختیشدا پابەندی پڕەنسیپە مرۆڤییەكانە، هەر ئەو ڕەفتارەیش خۆی لەخۆیدا وەڵامێكی كاریگەرە بۆ ئەوانەی زوڵم و كارەساتیان دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجامداوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و باسی لەو نەهامەتییانە كرد كە لە مێژووی عێراق و لە كاتی پەلاماری تیرۆریستان بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە و ڕایگەیاند كە گەلەكەمان مافی پێشێل كراوە بۆیە زۆر بە باشی لە مانای ماف و پاراستنی مرۆڤ دەكات و جەختیشی كردەوە كە نەهجی كوردستان لە كاتی شەڕ و ئاشتی و ململانێكاندا پاراستنی مافەكانی مرۆڤە. سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە تیمە نێودەوڵەتییەكانی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ كرد و بە پێویستی زانی ئامۆژگاری و بیروبۆچوون و تێبینییەكانیان لەبارەی پێشێلكارییەكان بەهەند وەربگیرێن و بەدواداچوونیان بۆ بكرێت. هەروەها ئەوەی بۆ شاندی میوان خستەڕوو كە كوردستان ئومێدی بە كار و چالاكیی ئەوان هەیە و ئامادەی هەموو جۆرە هەماهەنگی و هاوكاریی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانە و داوایشی كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەر جۆرە پێشێلكارییەكی مافەكانی مرۆڤ ئاگادار بكەنەوە.

بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان و چۆنییەتی یارمەتیدان و هاوكاریكردنیان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو و تێیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان سەرباری بوونی شەڕ و كێشەی زۆر یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارەی بە ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانی زانیوە و حكوومەتی عێراقی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش وەك پێویست هاوكاریی هەرێمیان نەكردووە لە یارمەتیدانی ئاوارەكاندا.

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نەمسا بۆ لە عێراق و ئۆردون دەكات

ڕۆژی دووشەممە 25ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە میشێل دیزێر باڵیۆزی تازەی وڵاتی نەمسا بۆ عێراق و ئۆردون كرد.


لە دیدارەكەدا باڵیۆزی تازەی وڵاتی نەمسا بۆ عێراق و ئۆردون سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ڕایگەیاند كە سڵاوی گەل و حكوومەتی نەمسای بۆ گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی هێناوە و هاتووە بۆ ئەوەی كار بۆ قووڵتركردنی پەیوەندییەكان بكات و بزانێ كە چۆن وڵاتەكەی بتوانێ زیاتر هاوكاریی گەلی كوردستان بكات. هەروەها ئەوەیشی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو كە گەلی نەمسا سۆزێكی زۆری بۆ گەلی كوردستان هەیە و ئاگاداری گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانن لەبەرانبەر تەحەدیاتەكاندا، پێزانینیشی هەبوو بۆ میوانداریی و دڵفراوانیی گەلی كوردستان كە بوونەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماو.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی تازەی نەمسا لە عێراق و ئۆردون خواست و وێڕای ئاماژەپێدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی كوردستان و نەمسا ستاییشی گەلی نەمسای كرد كە دۆست و پشتیوانی گەلی كوردستانن و پێشوازیشی كرد لە قووڵتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا. سەرۆك بارزانی لە درێژەی گوتەكانیدا باسی لە شەڕی داعش و ئەو تەحەدیاتانە كرد كە ڕووبەڕووی گەلی كوردستان بوونەتەوە. پەیوەست بە شەڕی داعش و تیرۆر سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە شەڕی داعش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی جدیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و شكستدانی داعشیش تەنیا ڕەهەندی سەربازی نییە بەڵكو پێویستە لەڕووی فكری و ئابووری و سیاسیشەوە داعش و تیرۆر تێكبشكێندرێت.

هەر لەم دیدارەدا باس لە ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی موسڵ و پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم و ئاییندەی گەلی كوردستان كرا و بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسییەكانی توركیا و سووریا ئاڵوگۆڕ كرا.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆكی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا و شاندێكی یاوەری دەكات

ڕۆژی دووشەممە 11ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مەهدی ئەكەر جێگری سەرۆكی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە حوسێن ئاكسوی پارێزگاری دیاربەكر و ژمارەیەك پارلەمانتاری كورد لە پارلەمانی توركیا.

لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و سڵاوی سەرۆك وەزیرانی توركیای گەیاندە سەرۆك بارزانی و باسیشی لە كردنەوەی هێڵی ئاسمانیی نێوان هەولێر و دیاربەكر كرد و بە هەنگاوێكی گرنگی لە قەڵەمدا بۆ قووڵتركردنی پەیوەندییەكان و كاری هاوبەشی ئابووری و بوارەكانی تر لە نێوان هەردوولا.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەدا شاندی میوان باسی بارودۆخی شاری دیاربەكریان كرد و نیگەرانیی خۆیان لە گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییە نیشاندا و جەختیان لە پێویستیی ئارامی و سەقامگیری و گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ ژیانی سرووشتی و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوانی سوپاسی سەرۆك وەزیرانی توركیای كرد و هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی ڕاگەیاند بۆ كردنەوەی هێڵی ئاسمانیی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەولێر و دیاربەكر. لە وتەیەكدا باسی لە بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و دۆزی ڕەوای كورد كرد و ئاماژەیشی بەو بەهایانەدا كە گەلی كوردستان لە خەباتی چەكداری و قۆناغەكانی تر و لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵكی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەكان پابەندی بووە. سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە گرژی و ئاڵۆزییەكانی كوردستانی توركیا ئەوەی دووپات كردەوە كە دە ساڵ چاوەڕێكردنی ئاشتی زۆر باشترە لە یەك كاتژمێر شەڕ و هیوایشی خواست كە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتیان بگەڕێتەوە و كۆتایی بە گرژی و كێشەكان بهێندرێت.

 

"ژیان لەسەر سنوور" بەشداریی لە فیستیڤاڵی فیلمی "ڤیلنیوس"ی لیتوانیا دەکات

مەنسوور جیھانی  ـ  فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی "بەھمەن قوبادی" بەشداریی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤیلنیوس" لە لیتوانیا دەکات.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی" کە لە لایەن "ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie ئەستێرەی بەناوبانگی سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان پشتیوانی لێدەکرێت، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ٢ و ٧ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە بەشی "نمایشی تایبەت" لە بیست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤیلنیوس" Vilnius لە وڵاتی لیتوانیا نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە کە بە "بەھاری فیلم" Kino Pavasaris ناسراوەو یەکێکە لە ڕووداوە گرینگە فەرھەنگییەکانی لیتوانی و بەنرخترین فیستڤاڵی سینەمایی ئەم وڵاتە دێتە ئەژمار، بیست و یەکەمین خولی بە بەشداریی زیاتر لە ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراجۆری جیھان لە ڕۆژانی ٣١ی مارس  تا ١٤ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە شاری ڤیلنیوس پێتەختی وڵاتی لیتوانیا بەڕێوەچوو.

مافی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی "ژیان لەسەر سنوور" لە ئەستۆی کۆمپانیای "ئیلۆمینا فیلمس"ی Illumina Films ھۆڵەندییە و لە بەھاری ئەمساڵەوە ئەم فیلمە لە سینەماکان و فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر ئاستی جیھان بڵاودەکاتەوە.

ئەم فیلمە کوردییە کە کۆدەنگی ژیان و باروودۆخی منداڵانی کۆبانێ و شنگال لە چاوی خۆیانەوە وێنەگیراوە، لە یەکەمین نمایشی جیھانی خۆیدا بە ئامادەبوونی سینەماکاری ناوداریی کورد بەھمەن قوبادی لە بەشی "نمایشی کورتە فیلمەکان" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" Busan لە وڵاتی کۆریای باشوور نمایشکرا و لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە بەشی "نمایشی تایبەتی مافووری سوور" لە شەست و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە ئەڵمانیا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵی گرینگی فیلمی "بەڕڵیناڵە"وە ڕێکخرا و بەم بۆنەیەوە ئەم ھەشت دەرھێنەرە منداڵە بۆ شاری بەڕڵین بانگھێشتکران تا لە کاتی نمایشی فیلمەکەدا ئامادەبن، بەڵام بە ھۆی نەبوونی پاسپۆڕتەوە بەداخەوە نەیانتوانی کە بەشداریی لەم فیستیڤاڵەدا بکەن.

ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە میانەی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردیی "کۆپێنھاگ" نمایشکرا، ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلمی سینەمایی و دیکۆمێنتاریی لە دەرھێنانی سینەماکارانی کورد لە ڕۆژانی ١٧ تا ٢١ فێبرییەی ٢٠١٦ لە شاری کۆپێنھاگ لە وڵاتی دانیماڕک بەڕێوەچوو.

 

بۆ زانیاریی زیاتر:

http://kinopavasaris.lt/en/programa/5422-life-on-the-border

 

 

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سكرتێری حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان دەكات

ڕۆژی دووشەممە11ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە محەمەدی حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان كرد.


لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و قەیرانی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و هەروەها تیشك خرایە سەر شەڕی داعش و ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای شەڕی داعش.

هەر لەم كۆبوونەوەیە بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێم و قەیرانی دارایی ئاڵوگۆڕ كرا.

 

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا شەڕی داعش و بارودۆخی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ كرد

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 11ـی 4ـی 2016 بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.


لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق خرایە بەر باس و بیروڕا لەبارەی چارەسەركردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی پڕۆسەی سیاسی هاوڕابوون و جەختیش لە هەماهەنگی و ڕاوێژی هەردوولا كرایەوە بۆ پشتگیریكردنی سەقامگیریی سیاسی و چارەكردنی پڕۆسەی سیاسی.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ڕۆشنایی خرایە سەر شەڕی داعش و ئامادەكارییەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و تەئكید لەسەر كاری هاوبەش و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هێزە هاوپەیمانەكان و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی كرایەوە لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش.

 

 

 

 

پەڕەى 134 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی