هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

ڕۆژی یەكشەممە 24ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.


لە دیدارەكەدا كە ماتیۆس میتمان كۆنسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادە بوو بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا خرایە بەرباس و گفتوگۆ و باسیش لە ئامادەكارییەكانی هێزی هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی و پێشمەرگە كرا بۆ ئۆپڕاسیۆنی ئازادسازیی موسڵ كرا.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاكان تاوتوێ كرا.

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی پێشووی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 20ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەحمەد عاسی ئەلجەربا سەرۆكی پێشووی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق و سووریا و دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەكان لە سووریا تاوتوێ كرا. لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا پێشڤەچوونی دانوساندنی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و حكوومەت و هەروەها ئاییندەی سووریا و كۆنفڕانسی جنێڤ خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ خۆڕاگری و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان هەبوو كە لە هێڵی یەكەمی شەڕی تیرۆر دایە و ئامادەیی خۆیشیان بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگییەك لەگەڵ هەرێمی كوردستان نیشاندا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.

 

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرانك باكێر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 20ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرانك باكێر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوا و پارێزگاكانی تری عێراق و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەختیش لە هەماهەنگی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی كرایەوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی قەیرانی ئابووری و ڕێگەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە و هەروەها كێشە و قەیرانە سیاسی و تاییفییەكانی عێراق و ئاشتەوایی نیشتیمانی ئاڵوگۆڕ كرا.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەرۆک بارزانی سەرخۆشیی لە خانەوادەی هونەرمەندی کۆچکردوو کەریم کابان دەکات

 

بە بۆنەی کۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی کوردستان، مامۆستا کەریم کابان، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوخەمیی ئاراستەی خانەوادەی ئەو هونەرمەندە و سەرجەم هونەرمەندانی کوردستان کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتی:



بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

خانەوادەی بەڕێزی هونەرمەندی کۆچکردوو مامۆستا کەریم کابان

هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری کوردستان مامۆستا کەریم کابان هەموومانی خەمبار کرد. ئەو هونەرمەندە نیشتیمانپەروەرە هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردنی هونەری کوردستان تەرخان کرد و بەرهەمێکی زۆری پێشکەشی گەلەکەمان کرد و جێ دەستی دیارە و کۆچی دواییشی کەلێنێکی گەورەیە.

لەم بۆنە خەمناکەدا هاوخەمیی خۆم ئاراستەی خێزان و کەسوکار و هاوڕێ و هەوادارانی ئەم هونەرمەندە گەورەیە و سەرجەم هونەرمەندانی کوردستان دەکەم و له‌ پەروەردگاری مەزن داواكارم سه‌بووریی و دڵنه‌وایی به‌ هه‌موو لایه‌ك ببه‌خشێت و خوالێخۆشبوویش بخاتە به‌ر دلۆڤانیی خۆی.

انا للە وانا الیە راجعون

مسعود بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

١٤ـی١ـی٢٠١٦

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بریتانیا دەكات

 

 

 

 

ڕۆژی پێنجشەممە 14ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ تۆم بەكێت نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و ڕاوێژكاری سەربازیی بریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بریتانیا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی لە ئازادكردنی شنگال و شكستدانی تیرۆریستان كرد و پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی ئەو سەركەوتنانەدا هەبوو و ڕایگەیاند كە جیهان ڕێزی هەیە بۆ ڕۆڵی میحوەریی پێشمەرگە كە لەسەر ئەرزی واقعدا ڕووبەڕووی تیرۆریستان بووەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئاگاداری ئەو گوشارە ئابوورییانەن كە لە ئەنجامی تێچوونەكانی شەڕ و هاتنی ئاوارەكان و دابەزینی نرخی نەوت بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی بریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمانی كرد كە لە شەڕەكاندا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە بوون و پشتیوانییە ئاسمانییەكانی بە كاریگەر وەسف كرد. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال كرد و هەروەها تیشكی خستەسەر قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان لە تێپەڕاندنی تەحەدیاتەكان.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی شەڕ كرا. بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە و هەروەها ئاییندەی عێراق و قۆناغی دوای داعش و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی تەوەری دیكەی دیدارەكە بوون.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان لە هەولێر كۆبۆوە

ڕۆژی چوارشەممە 6ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك نەریتێكی ساڵانە بە مەبەستی گەیاندنی بیروبۆچوون و سیاسەتی گشتیی هەرێم بە نوێنەری وڵاتان لەسەر پرسە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و دەولییەكان، لەگەڵ سەرجەم كونسوڵ و سەرۆكی نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەولێر كۆبۆوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی بۆ ئامادەبووان پێشكەش كرد و تێیدا وێڕای بەخێرهێنانیان پیرۆزبایی ساڵی تازەی زایینی لە نوێنەری وڵاتان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن. سەرۆك بارزانی لە گوتەكەیدا بە تێروتەسەلی باسی هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعشی لە عێراق كرد و مەترسییەكانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییەی بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و كۆی مرۆڤایەتی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە و باسی لە قۆناغەكانی شەڕی پێشمەرگە و داعشی كرد كە تێیدا پێشمەرگە بە قوربانیدانێكی زۆر سەرەتا هەوڵی دا خەڵك و پێكهاتەكان ڕزگار بكات و بیانپارێزێت و دواتر ڕێگە لە پێشڕەویی تیرۆریستان بگرێت و دواجاریش بكەوێتە قۆناغی هێرشبردن و شكستدانی تیرۆریستان. لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی پێزانینی هەبوو بۆ قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و سوپاسی هاوكاری و پشتیوانیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانیشی كرد كە بوونە هۆی ئەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە خێراتر ببن و ئاستی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بە زۆر سەركەوتوو وەسف كرد. پەیوەست بە قۆناغی دوای داعش و ئازادكردنی موسڵ هێمای بەوەدا كە زۆر گرنگە بتوانرێ لە قۆناغی دوای داعش بارودۆخ و ئیجرائاتێكی وا بگیرێتەبەر كە كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە و خەڵكی ناوچەكە لە ئاییندەی خۆیان دڵنیا بن. لەبارەی ئاییندەی ناوچە ئازادكراوەكانیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئێمە هیچ سیغەیەك ناسەپێنین و پێمانوایە كە دەبێ ڕێگە بە خەڵكی ناوچەكان بدرێت لەڕێگەی ڕاپرسی بڕیار لەسەر داهاتوویان بدرێت و ڕێز لەم بڕیارە بگیرێت. لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشیش سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە داعش هەڕەشەیەكە بۆ هەموو جیهان و پێویستە وڵاتان ناكۆكییەكانیان تێكهەڵ بە شەڕی تیرۆر نەكەن و تەنیا تەركیز لەسەر لەناوبردنی داعش بكەن.

باسكردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی تری قسەكانی سەرۆك بارزانی بوو و تێیدا ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان یارمەتیی حكوومەتی تازەی عێراقی داوە و لە دیالۆگ و گقتوگۆ بەردەوام دەبێت. بە پێویستیشی زانی كە شەراكەتێكی ڕاستەقینە بێتەئارا یان ڕێككەوتن لەسەر سیغەیەكی تازە بكرێت بە شێوازی ئاشتیانە و بە دیالۆگ بۆ ئەوەی بتوانین بە ئاشتیانە و برایانە لەتەك یەكتردا بژیین و چیتر كارەسات و نەهامەتی دووبارە نەبنەوە.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا سەرۆك بارزانی پێداگیری لەسەر ڕاپرسی كرد بۆ ئەوەی هەموو جیهان بزانێ كە گەلی كوردستان چی دەوێت و چۆن بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات و جێبەجێكردنی ئیرادەی خەڵكی كوردستانیش لە كاتی گونجاو و بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی دەبێت. سەرۆك بارزانی باسی لە بارودۆخی ئابووریی هەرێمیش كرد و ئاماژەی بەوەدا كە بڕینی بودجە و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و میوانداریی 1.8ملیۆن ئاوارە هۆكاری دروستبوونی قەیرانی ئابوورین و داوایشی لە وڵاتان كرد كە زیاتر هاوكاری پێشمەرگە بن و لە یارمەتیدانی ئاوارەكاندا هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن چونكە بارێكی زۆر قورسە و لە ئاستی تواناكانی حكوومەتی هەرێم چووەتەدەر.

لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێم سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە لەپێناو یەكڕیزی و تێپەڕاندنی تەحەدیات حكوومەت و پارلەمان لەسەر بنەمای تەوافوق پێكهات بەڵام دوای پێشێلبوونی تەوافوق ئەوە پێویست دەكات حكوومەت و پارلەمان لەسەر بنەمایەكی تازە بەردەوام بن لەسەر كارەكانیان. سەرۆك بارزانی باسی لەوەیش كرد كە ناكۆكییەكانی ناوخۆی ناكۆكی مەترسیدار و قووڵ و تاییفی نین بەڵكو ناكۆكیی سیاسین و قابیلی چارەسەرن، لەگەڵ حزبەكاندا هەوڵ دەدەن لەسەر كۆی گرفتەكان بگەنە ئەنجامێك.

سەرۆك بارزانی لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لە سیاسەتی گشتی هەرێمی كوردستان كرد بەرانبەر ململانێ ناوچەیی و تاییفییەكان و ڕایگەیاند كە ململانێی تاییفی بابەتێكی مەترسیدارە و گەلی كوردستانیش نە كێشەی تاییفی هەیە و هەرگیز نابێتە بەشێك لە ململانێی تاییفی لە ناوچەكەدا. سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە لەپێناو بردنەوەی ئاشتیدا پێویستە كۆتایی بە تۆڵە و ململانێی تاییفی بهێندرێت. ئەگەر وڵاتان بەردەوام بن لەم ململانێكان داعشیش تەواو بێت ئەوە دیاردەی مەترسیدارتر لە داعش سەر هەڵدەدات.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان لە هەولێر سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و هیوای سەركەوتنیان بۆ گەلی كوردستان خواست و ستاییشی پێشمەرگە و سەركردایەتی هێزی پێشمەرگە كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هەروەها پێزانینیان هەبوو بۆ خۆڕاگری گەلی كوردستان و فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبوردەی گەلی كوردستان. هەروەها لەبارەی شەڕی تیرۆر و بارودۆخی ئابووریی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی كۆبوونەوەی دایەوە.

پەڕەى 143 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی