هەرێمی کوردستان
وەزیرانى دەرەوەو بەرگرى سوید گەیشتنە هەولێرى پایتەخت
لە چوارچێوەى بایەخى نێودەوڵەتى بە بارودۆخى هەرێمى کوردستان و پشتگیرى کردنى حکومەتى لە شەڕى رووبەڕووبوونەوەى تیرۆرستانى داعش و کۆمەک کردنى ئاوارەو پەنابەرانى نیشتەجێى هەرێم، ئێوارەى ئەمڕۆ خاتوو مارگۆ ڤالسترۆم وەزیرى دەرەوەى وڵاتى سوید و بەڕێز پیتەر هولتکڤیست وەزیرى بەرگرى سویدو شاندێکى یاوەریان گەیشتنە هەولێرى پایتەخت و لەلایەن بەڕێزان کەریم سنجارى وەزیرى ناوخۆو وەزیرى پێشمەرگە بە وەکالەت و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و خاتوو سوهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەو شۆڕش قادر رەحیم نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە سوید پێشوازیان لێکرا.
ئەمەو بڕیارە بەرێزان خاتوو مارگۆ ڤالسترۆم وەزیرى دەرەوەى وڵاتى سوید و پیتەر هولتکڤیست وەزیرى بەرگرى سوید لەگەڵ هەر یەک لە بەرێزان مسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ونێچیرڤان بارزانى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆببنەوە.
مارگۆ ڤاڵسترۆم و پیتەر هولتکڤیست كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2-11-2015 گەیشتبوونە بەغدا، بەمەبەستی پشتگیركردنی هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش هاتوونەتە هەولێر و دەیانەوێت بە راهێنانكردن بە پێشمەرگە هاوكاری كوردستان بكەن.
نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵ دەدات پشتگیریی زیاتری پێشمەرگە بكرێت
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 3/11/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز یان كۆبیش نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا باس لە دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و لەمبارەیەوە بەڕێز كۆبیش ئاماژەی بەوە دا كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیریی تەواوی دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بە ئەنجامێكی گونجاو كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەموو عێراقدا بێت و هیوای خواست لە داهاتوودا كۆبوونەوە و دانوستانی نێوان هەردوولا ئەنجام بدرێن.
لە بەردەوامیی قسەكانیدا باسی لە بارودۆخی شەڕی هێزی پێشمەرگە دژی تیرۆرستانی داعش و هەوڵەكانی بنەبڕكردنی ترس و هەڕەشەی تیرۆری كرد و لەمبارەیەشەوە ڕۆڵ و نەبەردی و ئازایەتیی پێشمەرگەی بەرز نرخاند كە توانیویەتی ئەو هەڕەشەیە دوور بخاتەوە و بەسەر تیرۆردا زاڵ بێت. جەختی لەوەش كردەوە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵی ئەوە دەدات پشتگیریی زیاتری پێشمەرگە بكرێت.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای خواست ئەو ڕۆڵە پۆزەتیڤەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە ڕابردوو و ئێستادا هەیبووە، بەردەوام بێت بەتایبەتی بۆ دانوستان و لێكگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا. هەروەك پوختەیەكی دەربارەی دوا پێشهاتەكان و بارودۆخی هەرێمی كوردستان و شەڕی پێشمەرگە دژی تیرۆرستانی داش پێشكەش كرد.
تاوتوێكردن و گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر چەند بابەت و تەوەرێك، لایەنێكی دیكەی دیدارەكەبوو.
سوید ئامادەیە لە هەموو ڕوویەكەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 1/11/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێزان خاتوو مارگۆت واڵسترۆم وەزیری دەرەوە و پیتەر هۆڵتكڤێست وەزیری بەرگریی سوید و شاندێكی یاوەریان كرد.
لە دیدارێكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەیان بەوە دا كە پێویست بوو زۆر زووتر ئەو سەردانە ئەنجام بدەن، بەڵام دەرفەتی سەردان بۆ هەرێمی كوردستان ئێستا ڕێككەوت، هەروەك باسیان لە سەركەوتنە یەك دوای یەكەكانی هێزی پێشمەرگە لە دژی تیرۆر كرد و نەبەردی و ئازایەتیی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند كە بەرگری لە هەرێمی كوردستان و هەموو جیهان دەكات.
خاتوو واڵسترۆم دەربارەی مەبەستی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كرد كە ئەوان هاتوون پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە ڕابگەیەنن و ئامادەییی خۆیان بۆ هەر هاوكارییەك پیشان دا. دووپاتیشی كردەوە ئەفسەرانیان لە هەرێمی كوردستان لەسەر مەشقكردن بە هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن و خۆشحاڵیی خۆیشی پیشان دا كە ئەمڕۆ خۆیان لەنێو دۆستەكانیاندا لە هەرێمی كوردستان دەبیننەوە.
لای خۆیەوە بەرێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە گرنگە و تێبینییە بەنرخەكانی شاندی میوانی كرد و دووپاتی كردەوە كە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی تایبەتیان لەگەڵ خەڵك و حكوومەتی سوید هەیە و سوپاسی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەو هاوكارییانە دەربڕی كە تا ئێستا لەلایەن سویدەوە پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كراون. هەروەك سوپاسی خەڵك و حكوومەتی سویدی كرد كە لە كاتە سەختەكاندا و كاتێك ژمارەیەكی زۆری خەڵكی كوردستان ڕوویان لەو وڵاتەكە كرد، باوەشیان بۆ كردنەوە و بە باشترین شێوە پێشوازییان لێ كردن.
سەبارەت بە پەیوەندیی دوولایەنەش، بەرێزیان جەختی لەوە كردەوە كە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا، هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك پێشكەش بكەن و بەردەوامیش دەبن لە پتەوتركردنی ئەو پەیوەندیانە.
تاوتوێكردنی بارودۆخی عێراق و ناوچەكە بە گشتی، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو۰
وەزیری دەرەوەی کۆمارى تورکیا گەیشتە هەولێر
ئەمشەو بەڕێز فەریدون سنیرلی ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی کۆمارى تورکیا گەیشتە هەرێمى کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن بەڕێزان کەریم سنجارى وەزیرى ناوخۆو فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و سەفین دزەیى وتەبێژى فەرمى حکومەت پێشوازى لێکرا.
لەگەڵ گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر، وەزیری دەرەوەی کۆمارى تورکیا بەمەبەستى کۆبوونەوە بەرەو نووسینگەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوت.
ئەمەو بڕیارە وەزیرى دەرەوەى کۆمارى تورکیا لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانى سەرۆکى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆببێتەوەو ئینجا بەشدارى لە دیداری مێری بکات.
نێچیرڤان بارزانی و سینیرلی ئـۆغلو، دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
ئێوارەی ئـەمڕۆ سێشەممە 3/11/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز فەرەیدوون سینیرلی ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بەرێز سینیرلی ئۆغڵو سوپاسی ئەو پێشوازیەی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە ماوەیەكە نیازی ئەو سەردانەی هەبوو، بەڵام لەبەر بارودۆخی ناوخۆی توركیا دەرفەت نەبوو زووتر ئەنجامی بدات.
هەروەك باسی لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەكەدا درووست بوون كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە هەموو بوارەكاندا زیاتر پەرەیان پێ بدرێت بە تایبەتی لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و هێرشی تیرۆر و بنەبڕكردنی لە ناوچەكە بە یەكجاری، چونكە توركیا هەرێمی كوردستان بە كارەكتەری سەقامگیریی ناوچەكە دەزانێت، هەر بۆیە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندی و هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان هەردوولا كارێگی گرنگ و سوودبەخشە بۆ ناوچەكە بە گشتی.
لای خۆیەوە بەرێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و پیرۆزباییی خۆیشی ئاراستەی خەڵكی توركیا كرد كە سەركەوتووانە كۆتاییان بە پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەكەیان هێنا و هیوای خواست حكوومەتی داهاتووی توركیا بە زووترین كات پێكبهێنرێت و ئەو پەیوەندییە تۆكمەیەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا هەبووە، بەردەوام بێت و زیاتر گەشەی پێ بدرێت.
هەروەها باسی لە بارودۆخی ئابووری و سیاسی و ئەمنیی هەرێمی كوردستان كرد و لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بە كێشە ناوخۆییەكان دا و دووپاتی كردەوە كە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ. سەبارەت ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعشیش، بەرێزیان ئاشكرای كرد كە هێزی پێشمەرگە لە سەركەوتنەكانی بەرامبەر تیرۆرستانی داعش بەردەوامە، بەڵام هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاتری دۆستانی خۆی هەیە بە تایبەتی كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمە جگە لەو قەیرانە داراییەی كە ڕووبەڕووی هەرێم بووەتەوە.
ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەسەر چەندین بابەت و تەوەری جیا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك كۆماری توركیا کرد
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ٢ـی ١١ـی ٢٠١٥ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە ڕەجەب تەییب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا كرد.
لەم پەیوەندییەدا سەرۆك بارزانی بە بۆنەی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەلبژاردنەکانی تورکیا، پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆماری توركیا كرد و هیوای ئەوەیشی خواست كە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ببێتە هۆی سەقامگیریی تورکیا و ناوچەکە و بەرەوپێشچوونی توركیا لە گشت بوارەكاندا و بەدی هاتنی ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتییان و سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات