هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا دەكات

ڕۆژی سێشەممە 27ـی 10ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بڕێت مەكگورك نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی دەولیی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و ئەفسەری سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی دەولیی دژی داعش باسی لە بایەخی ئۆپڕاسیۆنی هاوبەشی هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا و هێزی دژەتیرۆری پێشمەرگە لە حەوێجە كرد كە زۆر سەركەوتووانە ئەنجام درا و بەهۆیەوە ژیانی خەڵكێكی زۆر ڕزگار كرا و ئەو سەركەوتنەی بۆ لێهاتوویی و سەركردایەتییكردنی سەرۆك بارزانی و هەروەها ئەو هاوبەشی و هەماهەنگییە گەڕاندەوە كە لە نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستاندا هەیە و بەهۆی ئەو ئۆپڕاسیۆنەیشەوە هاوبەشیی سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە زۆر بە باشی پێشانی جیهان درا. نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەمەریكا بەردەوام دەبێ لە هاوكاری و هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە هەموو قۆناغ و بارودۆخێكدا.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ئۆپڕاسیۆنی هاوبەشی ئازادكردنی دیلەكان لە دەستی داعشی بە ئەزموونێكی دەوڵەمەند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش زانی كە بە ڕوونی دەریخست، داعش ئەو هێزە نییە كە خۆی وێنا كردبوو و لە هەر كات و شوێنێكدا دەكرێ گورزی كاریگەر لە تیرۆریستانی داعش لێبوەشێندرێت. هەروەها ئۆپڕاسیۆنەكەی حەوێجەی بە نموونەیەكی سەركەوتووی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا وەسف كرد. سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە سەرۆك و گەلی ئەمەریكا كرد بۆ لەدەستدانی سەربازێكی ئەمەریكی لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی دیلەكان لەدەستی داعش و ئەوەی خستەڕوو كە ئەو سەربازە لەپێناو بەهاكانی مرۆڤایەتی و ئازادیدا گیانی خۆی بەخشی و شەهیدی مرۆڤایەتییە. سەرۆك بارزانی باسی لە ڕەهەندە مرۆڤییەكانی ئازادكردنی دیلەكان كرد و ئەوەی خستەڕوو كە ڕزگاركردنی ژیانی مرۆڤەكان بابەتێكی زۆر پیرۆز و مەزن و بەهادارە و دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمەریكییە بەشداربووەكانی ئەو ئۆپڕاسیۆنە كرد كە توانیان ژیانی 69 مرۆڤ لە چنگی تیرۆریستانی داعش ڕزگار بكەن.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و هەروەها بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا گفتوگۆی لەبارەیەوە كرا.

بروسكەی ماتەمینیی سەرۆك بارزانی بۆ خانەوادەی فەهمی دەمیر و سەركردایەتیی هاكپار

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بۆ خانەوادەی خوالێخۆشبوو فەهمی دەمیر و سەركردایەتیی پارتی ماف و ئازادییەكان

بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو فەهمی دەمیر سكرتێری پارتی ماف و ئازادییەكان (هاكپار)ـمان بیست كە لە ڕووداوێكی دڵتەزێندا ڕۆژی یەكشەممە 25ـی 10ـی 2015 چووە بەر دلۆڤانیی خودا. بە ڕوودانی ئەم كارەساتە زۆر خەمبار بووین. سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و كەسوكار و ئەندام و لایەنگرانی هاك پارتی دەكەین و هاوبەشی خەمتانین. لە خودای مەزن داواكارم ئەوە دوایین خەمتان بێت و خواڵێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە هەموو لایەكمان ببەخشێت.

انا لله و انا الیه راجعون

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

25ـی 10ـی 2015

 

ساڵیادى رۆژى نیشتمانى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو

بەبۆنەى رۆژى نیشتمانى وڵاتى هەنگاریا ئێوارەى دوێنێ بە ئامادەبوونى د. فوئاد حوسێن نوێنەرى بەرێز سەرۆک بارزانى و سەفین دزەیى نوێنەرى بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و پارێزگارى هەولێرو ژمارەیەک لە بەرپرسان و نوێنەرانى وڵاتانى بیانى لە هۆڵى هوتێل رۆتانا مەڕاسیمێک بەرێوەچوو.

بە مەبەستى پیرۆزبایی کردن و گەیاندنى پەیامى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ رۆژى نیشتمانى ووڵاتى هەنگاریا، فەلاح مستەفا بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ووتەیەکە پێشکەش کردو پیرۆزبایى لە گەل و حکومەتى هەنگاریا کرد بە بۆنەى (٥٩) مین ساڵیادى رۆژى سەربەخۆیی ووڵاتەکەیان و رزگار بوون لە ژێر دەستى و حکومى دیکتاتۆرى و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی و دیموکراسى لە ووڵاتەکەیاندا.

 

بەڕێزیان ئاماژەى بە هەوڵەکانى حکومەتى هەنگاریا دا لە پێشخستنى پەیوەندی دوو قۆڵی ووڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و بەردەوام بوون لە هەماهەنگى کردن و هاوکارى کردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى بە داعش و هاوکاریکردنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و یارمەتیدانى ئەو ئاوارە و پەناهەندانەى کە روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە.

 

هاوکات، بەرێز کابا ڤێزیکێنیا کونسوڵى گشتى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان کە بەشێک لە ووتارەکەى بە زمانى کوردى پێشکەشکرد سوپاس و پێزانى خۆى ئاراستەى ئامادەبووان کرد بە بۆنەى (٥٩) مین ساڵیادى رۆژى سەربەخۆیی هەنگاریا. پاشان بەرێزیان ئاماژەى بە هەنگاوەکانى حکومەتى هەنگاریا بۆ یارمەتى دانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد بۆ رووبەروو بوونەوەى شەڕى دژ بە تیرۆر لە هەرێمەکەدا ئەویش بە پێشکەشکردنى یارمەتى و هاوکارى سەبازى بۆ هێزى پێشمەرگە کرد.

لە کۆتاییدا، بەڕێزیان ئاماژەى بە کردنەوەى نووسینگەى کونسوڵگەرى ووڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى ڕابردوو کرد بە مەبەستى پتەوکردنى پەیوەندیە دوولایەنەکانى نێوان هەردوولا لە رووى دابینکردنى کورسى خوێندن و پەرەپێدانى پەیوەندیە کەلتورى و زانستى و بارزگانیەکان لەماوەى دەست بەکاربوونیان لە هەرێمى کوردستاندا.

بۆ جارى سێیەم وەزیرى بەرگرى ئەڵمانیا سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات

ئێوارەى ئەمڕۆ د. ئۆرسولا ڤۆندەر لین، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بە یاوەرى شاندێک گەیشتە هەولێر و لەلایەن كەریم سنجارى وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و دڵشاد بارزانى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەڵمانیا پێشوازى لێکرا. 

بڕیارە د. ئۆرسولا ڤۆندەر لین سبەی سێشەممە لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حکومەتى هەرێمی كوردستان كۆببێتەوەو هاوکات سەردانى بنکەى مەشقى هێزەکانى پێشمەرگە بکات .

لە 25ی سێپتێمبەری ساڵی 2014 دا، د. ئۆرسولا ڤۆندەر لین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە یەکەم سەردانیدا گەیشتە هەولێر، لەسەردانەکەیدا بەڕێزیان لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان كۆبووەوەو دووپاتیشیکردەوە وڵاتەکەی پشتگیری سەربازی پیشکەشى هەرێمى کوردستان دەكات دژی داعش.

 

لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2014 دا ئەڵمانیا ناردنی 100 راوێژکاری سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان راگەیاند، بۆ ئەوەی مەشقی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە بکەن.

لە 12ی مانگی یەکی 2015 دا، واتە ئەمساڵ، ئۆرسولا ڤۆندەر لین، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆ دووەمجار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نیشتەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی کوردستان، بەردەوامی شەڕی دژی داعشیان دووپاتکردەوە.

 

سێیەمن سەردانی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆ هەولێر ئاماژەیەکە بە فراوانبوونی پەیوەندییە سەربازییەکانی هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئەڵمانیا، هاوکات دووپاتکردنەوەیەکیشە بۆ هاوکارییەکانی حکومەتی بەرلین بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حكومەتی هەرێمی کوردستان.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراقی فیدڕاڵ دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 21ـی 10ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فڕانك بێیکەر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ و ڕەوشی بەرەکانی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستان، خرایە بەر باس و لەبارەی چۆنیەتیی سەرخستنی پلانی تێکشکاندنی تیرۆریستان لە عێراق گفتگۆ كرا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەکە دوای دەستێوەردانی سەربازیی ڕووسیا لە سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەر شەڕی دژە تیرۆریستانی داعش گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنە باس لە ڕەوشی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا و لەبارەی ڕێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی داراییەوە گفتوگۆ کرا.

 

 

 

 

كونسڵی ئەڵمانیا: لە داهاتوویەكی نزیكدا هەرێمی كوردستان دەبێتە شوێنێكی گونجاو بۆ سەرمایەگوزاری

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 25/10/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز مارك ئایشهۆڕن كونسڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دێدارێكدا بەڕێز ئایشهۆڕن خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بە پەیوەندییە پتەوەكانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ حكوومەتی ئەڵمانیا هەوڵی داوە لە هەموو قۆناغەكاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆردا كە پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی بوێرانە ڕووبەڕووی ببێتەوە و پلانەكانیان تێك بشكێنێت و هەموو جیهان لەو مەترسییە دوور بخاتەوە، ئەمەش بووە هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئەڵمانیا بڕیارێكی دەگمەن لە مێژووی خۆیدا بدات كە یارمەتیی سەربازی بنێرێتە دەرەوەی وڵاتەكەی و لە هاوكارییەكانیشیان بەردەوام دەبن.

هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌ كە تیمی مەشقكارانی سەربازیی ئەڵمانیا خۆشحاڵن بە ئاستبەرزیی پێشمەرگە لە مەیدانەكانی مەشق و ڕاهێناندا و باسی له‌ بواری ئابووریی هەرێمی كوردستانیش كرد و دووپاتی كردەوە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا هەرێمی كوردستان دەبێتە شوێنێكی گونجاو بۆ سەرمایەگوزاری و هەوڵ دەدەن بارودۆخی هەرێمی كوردستان بۆ سەرمایەگوزار و كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا ڕوون بكەنەوە، بۆ ئەوەی كاری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركە نوێكەیدا، هەروەها جەختی لە پته‌وكردنى زیاترى پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا كردەوە و سوپاسی حكوومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ بڕیارى بوێرانەی ناردنی هاوكاریی سەربازی بۆ پێشمەرگەی كوردستان، بە تایبەتی ناردنی هەندێك چەك كە كاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر مەیدانی جەنگ هەبووە و بۆتە هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى پارسەنگی هێز بۆ بەرژوەندیی پێشمەرگە بشكێتەوە، بۆیە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان بەڕێزەوە سەیری ئەم هاوكارییانە دەكەن. هه‌روه‌هاهیوای خواست پەیوەندییەكانى هه‌ردوولا لە هەموو بوارەكاندا بەرەو پێشەوە بچن.

تاوتوێكردنى بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و لەمبارەیەشەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی دەربڕی كە سەردانی بەغدا بكەن بۆئ ەوەی ئەو گرفتانەی لە نێوان هەردوولادا هەن بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن.

پەڕەى 161 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی