نازم دەباغ، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە تاران بە (رووداو)ى راگەیاند :"ئێرانییەکان بە تایبەتى ئاغاى حاجى قاسم سولەیمانى چاودێریى شوێنگرەوەى کاک نەوشیروان مستەفا دەکەن، چونکە بەلایانەوە گرنگە ئاسایش و ئارامیى ناوچەکە پارێزراو بێت.
لە دواى دروستبوونى بزووتنەوەى گۆڕان، تاکە وڵات کە نەوشیروان مستەفا بە فەرمى سەردانى کردبێت کۆمارى ئیسلامیى ئێران بوو کە لە تەمموزى 2012 سەردانى کرد. لە دواى کۆچى دوایی نەوشیروان مستەفا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کە لە باشووری کوردستان و عێراقدا کەسایەتییەکی ناسراوە، پرسەنامەیەکی ئاراستەی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد.
نازم دەباغ، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە تاران بە (رووداو)ى راگەیاند :"ئێرانییەکان بە تایبەتى ئاغاى حاجى سولەیمانى چاودێریى شوێنگرەوەى کاک نەوشیروان مستەفا دەکەن، چونکە بەلایانەوە گرنگە ئاسایش و ئارامیى ناوچەکە پارێزراو بێت و سەقامگیریى سیاسى هەبێ، بە تایبەتى لە سنوورى سلێمانى، بە بۆچوونى خۆم ئەوان تەدەخول لەوە ناکەن کێ ببێتە رێکخەرى گشتى، بەڵام چۆن پەرۆشى نێوخۆى یەکێتى بوون و دڵسۆزیى خۆیان پیشاندا، بە هەمانشێوە بۆ گۆڕانیش وان".
نازم دەباغ، کە هاوکات نوێنەرى یەکێتییە لە تاران، دەڵێ: "هەر کاتێک حاجى قاسم هاتبێتە هەولێر و سلێمانى، سەردانى کاک نەوشیروانى کردووە، جگە لەوە ئەو کاتەى جێگرى سکرتێرى گشتیى یەکێتى و سکرتێرى کۆمەڵە بووە پەیوەندى باش و دۆستانەى لەگەڵ ئێران هەبوو، زۆربەى سەرکردە سیاسى و فەرماندە سەربازییەکانى ناسیوە، بۆیە ئێرانییەکان پەرۆشى کۆچى دوایى کاک نەوشیروانن، بە جدیش دەیانەوێ درێژە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گۆڕان بدەن".