دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە سەردانەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیری عیراق بۆ تێگەیاندنی حكومەتی تاران و فشارخستنەسەر هەرێمە تاوەكو ڕیفراندۆم ئەنجامنەدرێت، نوێنەری حكومەتی هەرێمیش لەتاران هاتەدەنگ و زانیاری گرنگ لەبارەی سەردانەكەی عەبادی بۆ تاران ئاشكرادەكات.
نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران لەلێدوانێكی تایبەتدا بەSNNی ڕاگەیاند، "سەردانەكەی عەبادی بۆ تاران بۆ گفتوگۆكردن بوو سەبارەت بەدۆخی ئەمنی عیراق و كێشەكانی ئەو وڵاتە لەئێستاداو هەنگاوەكانی داهاتوی عیراق بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی داعش، نەك ڕیفراندۆم".
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەبارەی سەردانەكەی عەبادیەوە بڵاوبۆتەوە، نازم دەباغ وتی:"حكومەتی تاران پێشتر ئاشكرایكردوە، پێویستە كێشەكانی كورد لەگەڵ حكومەتی بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەربكرێت و تەئكیدشی لەسەر كاركردن بەدەستوری عیراق و پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق كردۆتەوە، ئیتر هەڵوێستی ئێران ڕون و ئاشكرایە".
سەبارەت بەسەردانی وەفدی هەرێمیش بۆ تاران كە بڕیاروایە بەمنزیكانە سەردانی ئەو وڵاتە بكات نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم وتی:"تائێستا هیچ وادەیەك دیارینەكراوە بۆ سەردانی بەرپرسانی هەرێم بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران".