نازم ده‌باغ: من په‌یامێكی‌ تایبه‌تی‌ قاسمی‌ سلێمانیم گه‌یاند به‌یه‌كێتی‌‌و حكومه‌تی‌ كوردستان

 نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌تاران، نازم ده‌باغ له‌م گفتوگۆیه‌ی‌ ئاوێنه‌دا ده‌ڵێت “دڵنیام له‌قۆناغی‌ ئاینده‌دا ئێران هه‌وڵده‌دات هاوپه‌یمانی‌ كوردو شیعه‌ بپارێزێت”.


ئا: ئاوێنه‌
ئاوێنه‌: وه‌ك باسده‌كرێت قاسمی‌ سلێمانی‌ له‌دوای‌ راگه‌یاندنی‌ واده‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیای‌س كورد چڕ كردبۆوه‌‌و به‌رده‌وام له‌كوردستان بوه‌، ئایا راسته‌؟
نازم ده‌باغ: له‌كاتی‌ راگه‌یاندنی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ ریفراندۆم ئه‌نجامدرا، شاندی‌ ئێران 70 تا 80 كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركرده‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان ئه‌نجامدا، به‌ڵام هه‌مو شانده‌كان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ حاجی‌ قاسم نه‌بون.
ئاوێنه‌: ئایا قاسمی‌ سلێمانی‌ خۆی‌ رۆژانی‌ پێش ریفراندۆم زیاتر هاته‌ سه‌ر خه‌ت؟
نازم ده‌باغ: به‌ڵێ‌، مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌ بو ریفراندۆم نه‌كرێت چونكه‌ توشی‌ شكستێكی‌ گه‌وره‌ ده‌بین.
ئاوێنه‌: ئایا خۆت په‌یامی‌ قاسمی‌ سلێمانیت گه‌یاندوه‌ به‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان؟
نازم ده‌باغ: به‌ڵێ‌، من په‌یامێكی‌ تایبه‌تی‌ قاسمی‌ سلێمانیم به‌نامه‌ی‌ ره‌سمی‌ نارد بۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و به‌ته‌له‌فون‌و زاره‌كیش ناردومه‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. قاسمی‌ سلێمانی‌ له‌و په‌یامه‌یدا پێیوتم به‌سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كوردستان بڵێ‌ كه‌ ئاماده‌یی‌ ئه‌وه‌ین له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستور‌و یه‌كپارچه‌یی‌ عێراقدا به‌رگری‌ له‌مافه‌كانی‌ ئێوه‌ بكه‌ین‌و ماده‌ی‌ 140یش جێبه‌جێ‌ بكه‌ین
ئاوێنه‌: وه‌ك باسده‌كرێت قاسمی‌ سلێمانی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ دو قۆڵی‌‌و زۆر تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ بارزانی‌ كردوه‌ پێش ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم؟
نازم ده‌باغ: به‌لًێ‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ دو قۆڵی‌ له‌گه‌ڵ‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌‌و سه‌ركرده‌ی‌ هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان كردوه‌‌و به‌ڵێنیشی‌ پێداون ده‌توانن له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستوری‌ عێراق كێشه‌كانتان چاره‌سه‌ر بكه‌ن‌و وتویه‌شیه‌تی‌ درك به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ عێراق هه‌مو داخوازییه‌كانی‌ كوردی‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كردوه‌، به‌ڵام هه‌مو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی‌ هه‌شتانه‌ له‌سایه‌ی‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی‌ ئێستای‌ عێراقدایه‌.
ئاوێنه‌: باشه‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ سه‌ربازییه‌ یان وه‌ك دبلۆماتكار رۆڵ‌ ده‌بینێت؟
نازم ده‌باغ: حاجی‌ قاسم پیاوێكه‌ له‌روی‌ بیركردنه‌وه‌و قسه‌كردنه‌وه‌ پیاوێكی‌ دیبلۆماتكاره‌، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا له‌روی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ مه‌یدانییه‌.
ئاوێنه‌: له‌كه‌یه‌وه‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ ده‌ناسیت؟
نازم ده‌باغ: له‌ساڵی‌ 1991ه‌وه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆم له‌گه‌ڵ‌ حاجی‌ قاسم هه‌یه‌، كه‌ ئه‌وكات نوێنه‌ری‌ مام جه‌لال بوم له‌تاران‌و له‌گه‌ڵ‌ شاندێك دیدارمان كرد. حاجی‌ قاسم په‌یوه‌ندییه‌كی‌ نزیكی‌ له‌گه‌ڵ‌ مام جه‌لال‌و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و نێچیرڤان بارزانیش هه‌بوه‌.
ئاوێنه‌: ئایا قاسمی‌ سلێمانی‌ رۆڵی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بینێت له‌دیاریكردنی‌ سیاسه‌تی‌ ئێران به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی‌ كوردستان؟
نازم ده‌باغ: من پێموایه‌ له‌وه‌ش كاریگه‌رتر‌و واوه‌تره‌، من خۆم دیومه‌ كه‌ زۆر شت به‌بێ‌ كاریگه‌ریی‌ ئه‌و نه‌كراوه‌.
ئاوێنه‌: ئایا ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ره‌ كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان به‌قسه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵسوڕێن؟
نازم ده‌باغ: ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی ئه‌ویان بكردایه‌ ریفراندۆمیان نه‌ده‌كرد.
ئاوێنه‌: ئایا هاتنه‌ناوه‌وه‌ی‌ ئیسرائیل‌و پشتگیریی‌ له‌ریفراندۆمه‌كه‌ كاریگه‌ری‌ نه‌بو له‌سه‌ر كاردانه‌وه‌ی‌ توندی‌ ئێران به‌رامبه‌ر به‌كوردستان؟
نازم ده‌باغ: هاتنه‌ناوه‌وه‌ی‌ ئیسرائیل ته‌نها مانایه‌كی‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رچی‌ وڵاتانی‌ ئیسلامییه‌ ئه‌گه‌رچی‌ خۆشیان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵی‌ هه‌بێت، لێتده‌كات به‌دوژمن، ئێرانیش كه‌ وه‌ك دوژمنێكی‌ سه‌رسه‌ختی‌ خۆی‌ سه‌یری‌ ئیسرائیل ده‌كات، نایه‌وێت روبه‌رێكی‌ وه‌ك هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ پشتیوانی‌ بكرێت كه‌ سنوری‌ به‌سنوره‌كه‌وه‌یه‌تی‌. له‌كاتێكدا كه‌ هه‌مومان ده‌زانین سه‌رزه‌مینی‌ كورد له‌بنه‌ڕه‌تدا سه‌رزه‌مینی‌ ئاریاییه‌و له‌رابردودا به‌شێك بوه‌ له‌ئیمپراتۆریه‌تی‌ ئێرانی‌.
ئاوێنه‌: ئه‌ی‌ بۆچی‌ ئێستا ئێران پشتگیری‌ هێزێكی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌كات له‌دژی‌ ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ ئاریاییه‌؟
نازم ده‌باغ: ئێران پشتیوانی‌ عه‌ره‌بی‌ نه‌كردوه‌، وتویه‌تی‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ سبه‌ینێ‌ توشی‌ شه‌ڕ بن ئێمه‌ پشتیوانیتان ناكه‌ین، حكومه‌تی‌ عێراقیش حكومه‌تێكی‌ شیعه‌یه‌، دڵنیاشم له‌قۆناغی‌ ئاینده‌دا ئێران هه‌وڵده‌دات هاوپه‌یمانی‌ كوردو شیعه‌ بپارێزێت. كه‌واته‌ ئێران دژی‌ كورد نییه‌، به‌ڵكو دژی‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ په‌یڕه‌و كرا.
ئاوێنه‌: سیاسه‌تی‌ ئێران له‌م قۆناغه‌دا به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی‌ كوردستان چۆن ده‌بێت پاش ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌؟
نازم ده‌باغ: من سیاسه‌تی‌ ئێستای‌ نازانم، سه‌باره‌ت به‌ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ كه‌سانێكی‌ ئه‌وتۆم نه‌بینیوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕیینه‌وه‌ بۆ رابردوی‌ ئێران‌و كه‌سی‌ حاجی‌ قاسم زۆرجار گوێم لێبوه‌ وتویه‌تی‌ كه‌ پێویسته‌ كورد كاریزماكانی‌ خۆیان بپارێزن‌و نه‌یانشكێنن، به‌دڵنیایی‌ مادام ئێران بیر له‌هاوپه‌یمانی‌ كوردو شیعه‌‌و به‌شێك له‌سوننه‌ ده‌كاته‌وه‌، دبێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد بكات.
ئاوێنه‌: ئایا ئێران پشتگیریی له‌دروستكردنی‌ دو ئیداره‌یی‌ له‌هه‌رێمدا ده‌كات؟
نازم ده‌باغ: من وا هه‌ستناكه‌م، چونكه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌گه‌لی‌ كوردستان خۆیه‌وه‌تی‌، سبه‌ینێ‌ ئه‌گه‌ر پارێزگای‌ سلێمانی‌ جیابێته‌وه‌ خۆ ئێران ناتوانێت به‌زۆر به‌هه‌ولێره‌وه‌ی‌ بلكێنێته‌وه‌، وه‌ك چۆن ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ پێپه‌كنه‌خرا.
ئاوێنه‌: ئایا ئێران ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم پێخۆشه‌؟
نازم ده‌باغ: ئه‌م پیاوه‌ به‌درێژایی‌ په‌نجا ساڵه‌ شكست‌و سه‌ركه‌وتنی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینوه‌و كه‌سێكه‌ حسابی‌ بۆ ده‌كرێت، پێموانییه‌ ئێران پێیحۆش بێت سه‌ركرده‌كانی‌ كورد بزر بن، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ئێران به‌زیانی‌ ده‌زانن‌و هه‌وڵیشدا ئه‌وه‌ رونه‌دات به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ نه‌كرا.
ئاوێنه‌: واته‌ ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ بكرایه‌ چاره‌نوسی‌ كورد وای‌ لێنه‌ده‌هات؟
نازم ده‌باغ: ئه‌مه‌ هه‌ر له‌قاسمی‌ سلێمانیدا قه‌تیس مه‌كه‌ن، هه‌مو دنیا داوای‌ لێكردین ریفراندۆم نه‌كه‌ین، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی‌ دۆسته‌كان‌و هاوپه‌یه‌مانه‌كانمان بكردایه‌ وامان لێنه‌ده‌هات، ئێستاش ده‌بێت دراوسێكانمان له‌پێشتر بن بۆ نێوانگیریی‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌ن‌و سبه‌ینێ‌ به‌جێمانده‌هێڵن‌و ده‌ڕۆنه‌وه‌، كه‌ به‌درێژایی‌ مێژو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان مسۆگه‌ر كرابێت پشتیان تێكردوین.
ئاوێنه‌: به‌ڵام باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئێران‌و قاسمی‌ سلێمانی‌ ئه‌ندازیاری‌ گرتنه‌وه‌ی‌ موسڵ‌‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بون؟
نازم ده‌باغ: باشه‌ بۆچی‌ ئێمه‌ بۆ هۆكاره‌كان نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌؟ كه‌ دۆستێكی‌ دێرینی‌ كوردی‌ عێراق كه‌ رۆڵی‌ هه‌بوه‌ له‌هاوكاری‌ كردنی‌ به‌رنامه‌یه‌ك داده‌نێیت ئه‌و ئه‌زمونه‌ی‌ هه‌ته‌ بیشێوێنێ‌؟ بۆچی‌ په‌یامه‌كه‌ وا ناگه‌یه‌نن كه‌ بڵێن بۆ حاجی‌ سلێمانی‌ وایلێهات به‌شداری‌ بكات له‌گه‌ڵ‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بۆ په‌لاماردانی‌ كوردستان؟

 

 

 

Read کد خبر: 2005

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی