وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هیواخوازین پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر قووڵتر ببنەوە

رووداو - هەولێر


وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەمیانەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە "راوێژی بەکەڵک" ئەنجامدراوە و هیوادارن پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر قووڵتر ببنەوە.

لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا، بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بە سەردانی دوو رۆژەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری بۆ تاران گوتی: "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ تاران راوێژی بەکەڵکی لەگەڵ سەرۆککۆمار و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئەنجامداوە".

بەهرام قاسمی دەشڵێت "هیواخوازین بە لەبەرچاوگرتنی سنوور و دەروازە هاوبەشە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە داهاتوودا قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر ببینن".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەت رۆژی شەممە 20-1-2018 گەیشتە تاران. شاندەکە پێکهاتبوون لە قوباد تاڵه‌بانی جێگری، سه‌رۆكوه‌زیران و فوئاد حوسێن، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و سه‌فین دزه‌یی، گوته‌بێژی حكومه‌ت.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 21-1-2018 شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ حه‌سه‌ن رووحانی، سه‌رکكۆمار، عه‌لی شه‌مخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران‌ و عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.

 

Read کد خبر: 2042

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی