هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌به‌رامبه‌ر سزاكانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران

شارپرێس:

لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق هه‌ڵوێستیان له‌به‌رامبه‌ر سزاكانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران ده‌ربڕیوه‌، به‌جۆرێك له‌ئاستی هه‌ڵوێسته‌كان له‌زۆر تونده‌وه‌ بۆ میانڕه‌و به‌دیده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیار نییه‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمی حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌باره‌ی سزاكانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ دۆناڵد تره‌مپ-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا قۆناغی یه‌كه‌می گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێرانی كاراكرده‌وه‌، هۆشداریشیدایه‌ وڵاتان كه‌ مامه‌ڵه‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران نه‌كه‌ن، پاش كاراكردنه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران شه‌پۆلێك هه‌ڵوێستی پاڵپشتی‌و دژایه‌تی بۆ گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراقه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌ندرا، به‌ڵام تا ئێستا حزبه‌كانی باشووری كوردستان هه‌ڵوێستیان به‌فه‌رمی له‌باره‌ی ئه‌و سزایانه‌ی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران ده‌رنه‌بڕیوه‌.

نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌كۆماری ئیسلامی ئێران تایبه‌ت به‌شـارپـرێـس-ی ڕاگه‌یاند، "هه‌ڵوێستی كۆتایی هه‌رێم په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك كوردێك وایده‌بینم، ده‌بێت كورد خۆی نه‌كاته‌ قوربانیی ململانێكان، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاینده‌كه‌ی بزانێت، باشتر وایه‌ ئێمه‌ ته‌ماشای دراوسێ مێژووییه‌كانمان بكه‌ین، كه‌ ناتوانین لێیان جياببینه‌وه‌، به‌ڵام ناشبێ ببینه‌ به‌شێك له‌ساغكردنه‌وه‌ی ململانێكان".

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌تاران، هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عێراقی له‌باره‌ی سزاكانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران، به‌ "شه‌رمنانه‌" وه‌سفكرد، چونكه‌ ئه‌و پێی وایه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێستا حكومه‌تی عێراق بوه‌ته‌ حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر، بۆیه‌ ناتوانێت خاوه‌ن بڕیار بێت.

نازم ده‌باغ باسی له‌وه‌شكرد، له‌ڕابردوودا ئه‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر ئێراندا ده‌سه‌پێندران، نه‌ده‌كرا عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك خۆی پێوه‌ی پابه‌ند بن.

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆچوونی وایه‌، لایه‌نه‌ كوردییه‌كان هه‌ڵوێستێكی جیاوازتریان نابێت له‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌به‌رامبه‌ر سزاكانی سه‌ر ئێران هه‌یبوو.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌شارپرێس-ی ڕاگه‌یاند، "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م كابینه‌یه‌ی ئێستای حكومه‌تی عێراق به‌ره‌و كۆتایده‌چێت، بۆیه‌ كورد چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێستی حكومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌كات، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حكومه‌تی نوێش ده‌بێته‌ هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، جا هه‌ڵوێسته‌كه‌ هه‌رچییه‌ك بێت".

پارتی دیموكراتی كوردستان جیاواز له‌یه‌كێتی بۆچونی وایه‌، "كورد ده‌بێت ده‌ست به‌كڵاوی خۆیه‌وه‌ بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی با نه‌یبات".

عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی به‌شارپرێس-ی ڕاگه‌یاند، "براده‌رانی زۆنه‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌كه‌ هه‌موو ڕۆژێك خۆپیشاندانیان ده‌كرد‌و ده‌یانگوت، ده‌بێت گومرگه‌ سنورییه‌كان ڕاده‌ستی حكومه‌تی عێراق بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ په‌یوه‌ست به‌په‌یوه‌ندی ئابووری نێوان عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێراندا، ئه‌وه‌ حكومه‌تی عێراق لێی به‌رپرسه‌".

له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی ئه‌و نه‌وته‌ی به‌تانكه‌ر له‌عێراقه‌وه‌ به‌خاكی ئێراندا ده‌ڕوات‌و ده‌فرۆشرێت عه‌لی عه‌ونی باسی له‌وه‌كرد، "هه‌رێم ڕێگه‌ی دیكه‌ی هه‌یه‌ كه‌ نه‌وتی لێبفرۆشێت".

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی بۆچونی وایه‌، "ئیشه‌كه‌ له‌ئێمه‌ گه‌وره‌تره‌‌و ئێمه‌ ژماره‌ نین له‌و بابه‌ته‌دا".

 

 

Read کد خبر: 2111

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی