ناس كورد- ئه‌حمه‌د مسته‌فا // نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له تاران ڕایگه‌یاند، ئێران دووپاتى دروستبوونى حكومه‌تێكى به‌هێز له هه‌رێمى كوردستان به به‌شدارى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كاته‌وه، ده‌شڵێت، ناردنى زیاده‌ى نه‌وت له هه‌رێمى كوردستانه‌وه بۆ تاران به‌رده‌وامه و له هه‌نارده‌كردنى نه‌وته‌كه‌دا هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كى جیاواز له‌نێوان هه‌ریم و به‌غدا ناکرێت.
نازم ده‌باغ، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له تاران تایبەت به ناس كورد-ى ڕاگه‌یاند: “ئێران ده‌ستوه‌ردان ناكات لە كاروبارى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام ئه‌وكاتانه‌ى پرسى پێده‌كرێت سه‌قامگیرى و ئاسایشى هه‌رێمى كوردستانى به‌لاوه گرنگه، ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ش به ته‌بایى هێزه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دروست ده‌بێت”.
ده‌رباره‌ى گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌تى هەرێم و ڕای تاران لەو بارەیەوە، نوێنەرەکەی هەرێم وتی: “كۆمارى ئیسلامى ئێران دووپاتى پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێز له هه‌رێمى كوردستان به به‌شدارى هه‌موو لایه‌نه‌كانى ده‌كاته‌وه”.
“تائێستا گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌ت نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و قۆناغه‌ى كه لایه‌نێكى سیاسى داوا له كۆمارى ئیسلامى بكات نێوه‌ندگیری و پشتگیرى بكات له‌گفتوگۆكاندا، ئێران هه‌میشه حكومه‌تێكى به‌هێزى له هه‌رێمى كوردستان و یه‌كپارچه‌ى خاكى عێراقى به‌لاوه مه‌به‌سته بووە” نازم دەباغ وای وت.
ئاماژەی بەوەشکردووە: “ئه‌گه‌ر هێزێكى سیاسى خۆى تواناى نه‌بێت و هێزى نه‌بێت، داوا له وڵاتانى ده‌روبه‌ر یاخود كۆمارى ئیسلامى ئێران بكات تا پشتیوانى بكات، گه‌ر بۆخۆى تواناى نه‌بێت ئێران ده‌توانێ چى بۆبكات، وه‌كو نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له تاران ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری هه‌رێمی كوردستان مه‌حكوم ده‌كه‌م”.
له‌لایه‌كى دیكه‌وه، ده‌رباره‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و كه‌ركوك بۆ ئێران به تانكه‌ر، ئه‌و نوێنه‌ره‌ى حكومه‌تى هه‌رێم له تاران ئه‌وه‌یخسته‌روو، تا ئێستا هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم بۆ ئێران له ناوچه‌كانى دیكه‌ى عێراق و كه‌ركوكەوە بەردەوامە، ئەو نەوتەش ئه‌و زیاده‌یه‌یه‌ى له هه‌رناده‌ى نه‌وت بۆ به‌نده‌رى جه‌یهانى توركیا ده‌مێنێته‌وه به تانكه‌ر له ڕێگه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه ڕه‌وانه‌ى ئێران ده‌كرێت”.
نازم دەباغ ئاشکراشی کرد، ڕۆژانه 15 بۆ 25 هه‌زار به‌رمیل نەوت به تانكه‌ر له ڕێگه‌ى خاڵه سنورییه‌كانى ئێرانه‌وه هه‌نارده ده‌كرێت بۆ بازاڕه‌كانى جیهان، ڕه‌تیشیكرده‌وه كۆمارى ئیسلامى ئێران و هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراق، هیچ جیاوازییه‌كیان هه‌بێت له‌و مامه‌ڵه بازرگانییه‌ى له‌نێوانیاندا هەیە.