نازم دەباغ: ئێران كارێك ناكات گومانەكان لەسەری زیاد بن

پاش ئەوەی هێرشی موشەكی كرایە سەر چەند ناوچەیەكی نزیك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و گومانەكان ڕوو بە گروپەكانی سەر بە ئێران بوون، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران ڕەتیدەکاتەوە کە لەم کاتەدا ئێران دەست ببات بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، "ئێران لەم كاتەدا گومانەکان لەسەر خۆی زیاد ناکات، پێشتریش لە سەردانی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ تاران، کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەوەکردووەتەوە کە دەستیان لەو هێرشانەدا نییە، سەرکۆنەی هیرشەکانی سەر نوێنەرایەتی و سەرجەم باڵیۆزخانەکان دەکات لە بەغداد".

نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم لە تاران وتیشی، "ئێران لەم کاتەدا بە ئاڕاستەکردنی موشەک بۆ هەولێر گومانەکان لەسەر خۆی زیاد ناکات، جگە لەوەی کە لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی لە باشترین ئاستدان".

دەباغ ئاماژەی بەوەشکرد، موشەکەکان پەرتەوازە بوون و ئامانجەکانیان نەپێکاوە جگە لەوەش زانیارییەکان باسلەوەدەکەن، لە موسڵەوە ئاڕاستەکراون، هەمیشە کاتێک نزیکبوونەوە لەنێوان عێراق و ئێران هەبووە ئەمجۆرە ئاڵۆزییانە دروستکراون و ئێرانی پێ تۆمەتبار کراون.

"ئێران بیەوێت هێرش بکاتە سەر نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەکان هاوشێوەی ئەو هێرشانە دەیکات کە پێشتر بۆ سەر بارەگای حزبی دیموکرات لە هەرێمی کوردستان ئەنجامیدا، ئێران لەم کاتەدا بە کۆمەڵێک موشەک کە ئامانج نەپێکێت گومانەکان لەسەر خۆی زیاترناکات"، نازم دەباغ وای وت.

شەوی ڕابردوو چوارشەممە 30ی ئەیلول، لە کاتژمێر 8:30 بە کاتی هەولێر، شەش موشەک ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کران، لە کاردانەوەی ئەو هێرشانەشدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "حکومەتی هەرێم لێبوردە نابێت بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی کوردستان و وەڵامی تووندی دەبێت".

لە کاردانەوەکانی ئەو هێرشانەدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند، "هێرشەکان لە ناوچەیەکی ژێردەسەڵاتی لیوای 30ی حەشدی شەعبی ئەنجامدراون".

https://esta.krd/news.aspx?id=9789&mapid=1
Read کد خبر: 2384

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی