رووداو دیجیتاڵ // لە شوباتی ئەمساڵ شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، بەهێزترین بەربژێری خولی 13یەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کۆبوونەوە. ئەوکات میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کە رەئیسی لەو کۆبوونەوەیەدا داوایکردووە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان یەکڕیز و یەکگرتووبن و لە ئەمریکاش دووربکەونەوە.
ئیبراهیم رەئیسی داوای لە شاندەکەی پارتیش کردبوو، ئەوانەی لە ئێران بڕیاری دەستبەسەرکردنیان دەدرێت، هەرێمی کوردستان داڵدەیان نەدات و رادەستی ئێرانیان بکاتەوە.
پەیوەندیی نێوان هەولێر و تاران لەسەر ئاستی حیزبی و حکومییە. ئیرەج مەسجیدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق پەیوەندییەکە بە قووڵ و لەمێژینە ناودەبات و دەڵێت "عێراق بایی 13 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانییان هەیە، زۆربەی ئەو ئاڵوگۆڕەش لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە".
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سیاسەتی ناوچەکە نابێت، بەتایبەتی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ئاماژە بەوە دەکات "لەبەرئەوەی جوگرافیای سیاسی و ئەمنی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جوگرافیایەکی نەگۆڕە، پێویستی بە هاوکاریی زیاترە. بۆیە ئەگەر پەیوەندییەکانی [هەولێر و تاران] پتەوتر نەبن، هیچ گۆڕانکارییەک بەرەو دواوە بەسەر پەیوەندییەکاندا نایەت".
هەرێمی کوردستان، سنوورێکی دوورودرێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە، کە لە داڵانپەڕەوە دەستپێدەکات تاوەکو خوارووی ئێران، هەروەها خاوەنی سێ دەروازەی نێودەڵەتییە لەگەڵ ئێران، ئەوانیش حاجی ئۆمەران، پەروێزخان و باشماخن، لەگەڵ ژمارەیەک خاڵی سنووری.
باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فەرمیی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە "هەرێمی کوردستان بە وڵاتی دووەمی خۆیان دەزانن".
ئێران ماوەی چەندین ساڵە لە هەولێر و سلێمانی دوو کۆنسوڵخانەی کردووەتەوە، کۆنسوڵی هەولێر سیاسەتی وڵاتەکەی بە نەگۆڕ و کۆنسوڵەکەی سلێمانیش پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ هەولێر بە هەمەلایەن ناودەبات.
نەسروڵلا رەشنوودی، سەرکۆنسوڵی ئێران لە هەولێر باس لەوە دەکات "سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسەتێکی روون و ئاشکرایە، بەپێی ئەو رێوشوێنە پێویستانەی بیری لێکراوەتەوە و بڕیارەکانی نیزامی دەیدات، سیاسەتی دەرەوەش هەر بەپێی ئەوە دەڕوات".
مەهدى شووشتەرى، سەرکۆنسوڵی ئێران لە سلێمانى دەڵێت "پەیوەندییەکى زۆر زۆر باشمان لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە لە بوارە جیاوازەکانى کولتووری، سیاسى، ئابووری و بازرگانی. حەوت خاڵ و دەروازەى هاوبەشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زۆر باشمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە. بۆیە بە دڵنیاییەوە هەرکام لە بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار سەربکەون، ئەم سیاسەتە کە سیاسەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە بەهێزییەوە بەردەوام دەبێت".
لە ساڵانی رابردوودا چەندجارێک محەممەد جەواد زەریف وەکو وەزیری دەرەوەی ئێران چووەتە هەرێمی کوردستان و جەختی لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردووەتەوە؛ دوایین سەردانیشی لە کۆتایی نیسانی ئەمساڵدا بوو.
https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iran/180620212