په‌یامی پیرۆزبایی "عه‌باس غه‌زالی" به بۆنه‌ی تۆمارکردنی هەورامان له یۆنسکۆ؛ هەورامان هەوێن و پێگه‌ی فەرهەنگی ڕەسەنی کورد و هەواریی هەرمانی مرۆڤایەتییه

مه‌نسوور جیهانی ـ "عه‌باس غه‌زالی" که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی و نوێنه‌ری پێشووی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان؛ به بۆنه‌ی تۆمارکردنی جیهانی "هەورامان" له یۆنسکۆ په‌یامی پیرۆزبایی نارد. 

 

"عه‌باس غه‌زالی" که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ندامی به‌رچاو و ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراق و نوێنه‌ری پێشووی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان؛ به بۆنه‌ی تۆمارکردنی "هەورامان" له لیستی میراتی جیهانی یۆنسکۆ، له په‌یامێکدا ئه‌م کاره‌ی به گرینگ و هه‌نگاوێکی سه‌رکه‌وتوو و هه‌روه‌ها به دەستکەوتە جیهانییە ناوبرد و پیرۆزبایی له خه‌ڵکی کوردستان و به‌تایبه‌ت خه‌ڵکی سه‌ر‌بڵندی هه‌ورامان کرد. 

 

ده‌قی ته‌واویی په‌یامه‌که‌ی "عه‌باس غه‌زالی" له خواره‌دا هاتووه:  

 

"بە بۆنەی سەرشادی تۆمارکردنی ناوچەی هەورامان لە یۆنسکۆ، وەک میراتێکی فەرهەنگی ڕەسەنی مرۆڤایەتی، کە جێی ژیان و نیشتمانی کوردانە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان، بە تایبەتی خەڵکی سەربەرزی هەورامان، دەکەین. ئەم دەستکەوتە جیهانییە بەرهەمی هەوڵ و هزری ڕووناکبیرانی ڕاستەقینە بووە و زۆر جێی سوپاس و پێزانینە؛ بە تایبەتی ناولێنانی ئەم دەڤەرە هەر بە زاراوە هەورامییەکەی مننەتی تێدایە. هیوادارین ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش، بە تایبەتی بەشی هەورامانی باشووری کوردستان، بەم ڕێگەیەدا بڕۆن.

ئەم شانازییە مەزنە جگە لەوەی لە ڕووی ناساندنی مێژووی کەونارای شارستانییەت و فەرهەنگی دەوڵەمەند و ڕەسەنی کوردیی بە جیهان و نیشاندانی کەرخی مێژوویی پادشایی ماد و ئایینی خۆماڵیی زەردەشت، بەردەوام مۆزەخانەیەکی کراوەیەی مرۆڤایەتی بووە کە ئەوە نیشان دەدات؛ کورد لە هەورامان لە ناو دڵی سروشتێکی سەختیش هەروا ماوە و هەڵیکردووە. بە واتایەک، توخمەکانی ئاشتیخوازی لە ناو کورددا شتێکی سروشتی ناو ناخی خۆیەتی و مادام لەگەڵ ئەم سروشتە سەختەی زاگرۆس، سازگاری هەبووە توانای ئەوەی هەیه لە ناو فەرهەنگی مۆدێرنیشدا ببێتە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک.

گرینگییەکی دیکەی ئەوەیە کە شێوازی بیناسازی پلیکانی و خۆکردانەی کوردیی لە ناوچەیەکی سەخت لە سەر تابڵۆی وێنەوە چووە ناو مەیدانی شوناسی فەرهەنگی بۆ گشت جیهان. بەجیهانی بوونی ئەم فەرهەنگە، جگە لە متمانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە داهاتوودا گرینگایەتی ئابووریی فرەی دەبێت و دەتوانێت ببێتە ڕاکێشەری گەشتیارانی خۆماڵی و بیانی؛ بە جۆرێک کە گەشتیاران جگە لە ناوچەی هەورامان، ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش دەبینن و بێگومان خەڵکی ئەم ناوچانە دەزانن چۆن هەڵسووکەوت لەگەڵ گەشتیاران بکەن و چۆن خۆیان پێ بناسێنن.

بەو هیوایەی ئەم ناوچەیە بەرەو گەشە بڕوات و فەرهەنگی ڕەسەنی هەورامان گرینگی زیاتری پێبدرێت."

 

عەباس غەزالی ـ هەولێر 

8 گەلاوێژی 2721 ـ 30/7/2021

 

 

 

Read کد خبر: 2559

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی