یاریده‌ده‌ری ڕۆحانی: ڕه‌وشی ئه‌منی کوردستان باشتره‌ له‌ تاران

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ئینتکه‌کان جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ له‌ ئێستادا ڕه‌وشی ئه‌منی کوردستان باشتره‌ له‌ تاران و ده‌وڵه‌ت هیچ نیگه‌رانییه‌کی نییه‌ له‌مه‌ڕ ئینیکه‌کانی ناوخۆی ئێران چونکوو هه‌موو خه‌ڵکی ئێران یه‌ک گه‌لی یه‌کگرتوون.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس: عه‌لی یوونسی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ئیتنیکه‌کان له‌ دیمانه‌یه‌کی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌ریی ئیستای ئێران سه‌باره‌ت به‌ ڕوانگه‌ی ده‌وڵه‌تی حه‌سه‌ن ڕۆحانی، سه‌رۆک کۆماری ئێران سه‌باره‌ت به‌ کورد و دیکه‌ی ئیتنیکه‌کانی ئێران جه‌ختی کرده‌وه‌: پێگه‌ی سه‌رجه‌م ئیتنیکه‌کان له‌ یاسای بنه‌ڕه‌تی وڵاتدا پێشبینی کراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مافی هه‌موو تاکێکی گه‌لی ئێران مسۆگه‌ر بکرێت.
وتیشی: من له‌سه‌ر وشه‌ی یه‌ک گه‌ل جه‌خت ده‌که‌م چونکوو سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌کان له‌ ئێران هه‌مووان ئه‌ندامانی یه‌ک گه‌لن و ته‌نیا گه‌لی ئێرانمان هه‌یه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا که‌ هیچ نیگه‌رانییه‌کی نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ کورد و تورک و به‌لووچ و دیکه‌ی ئیتنیکه‌کانی ئێران چونکوو له‌ ئێران به‌ پێچه‌وانه‌ی دیکه‌ی وڵاتانی ناوچه‌، هه‌رگیز شه‌ڕی تایفی و ژینۆسایدی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ڕووی نه‌داوه‌ و ئیتنیکه‌کانی ئێرانی له‌ هه‌موو قۆناغه‌کاندا له‌ پاراستنی شوناسی ئێرانی خۆیان هاوئاهه‌نگ و یه‌کگرتوو جووڵاونه‌ته‌وه،‌ هه‌روه‌ک له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆمارییدا سه‌لماندیان که‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ ده‌بێت ده‌نگ بده‌نه‌ یه‌ک وتمانی دیار و به‌رنامه‌ی ئاشکرا نه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی تایبه‌ت.
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆک کۆمار بۆ کاروباری ئیتنیکه‌کان سه‌باره‌ت به‌ جاڕنامه‌ی مافی شارومه‌ندی که‌ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی دیوانی سه‌رۆک کۆماری ئێرانه‌وه‌ داڕێژراوه‌ وتی: داڕشتنی ئه‌م جاڕنامه‌یه‌ یه‌ک له‌ دروشمه‌کانی به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمار بووه‌ له‌کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کان و خواستی سه‌رجه‌م گه‌لی ئێرانه‌.
سه‌باره‌ت به‌ ڕوانگه‌ی ئه‌منی له‌سه‌ر خه‌ڵک و ئیتنیکه‌کان یوونسی ڕوانگه‌ی ئه‌منی له‌سه‌ر هه‌ر یه‌ک له‌ ئیتنیکه‌کان و هه‌ربه‌شێکی خه‌ڵکی ئێران که‌ بێت به‌ مه‌ترسیدار وه‌سف کرد و زیادیشی کرد: ڕوانگه‌ی ئه‌منی به‌و مانایه‌ی دێت که‌ به‌شێکی گه‌لی ئێران به‌ مه‌ترسیدار و بێگانه‌ ببینین و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ مامڵه‌کردنیان ڕێوشوێنی ئه‌منی بگرینه‌به‌ر و ئه‌وانیش له‌ کاردانه‌وه‌دا هه‌ڵوێستێکی به‌رگری له‌ خۆیان بگرن و جودا ببنه‌وه‌ و به‌و هۆیه‌ش ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێشکه‌وتنی فه‌رهه‌نگی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری به‌خۆوه‌ نه‌بینێت و به‌ ڕای من له‌ ئێران حکوومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌کان ڕوانگه‌ی له‌و جۆره‌یان نه‌بووه‌.
یوونسی به‌ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی که‌ له‌ ئێران ده‌وڵه‌ت ڕوانگه‌ی ئه‌منی له‌سه‌ر ئیتنیکه‌کان و که‌مینه‌ مه‌زه‌بییه‌کان نییه‌ وتی: من ئه‌وه‌م قبووڵه‌ که‌ هه‌ندێ لایه‌نی توندڕه‌و له‌ وڵات ڕوانگه‌ی ئه‌منییان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ له‌سه‌ر هه‌ر ده‌سته‌ و حیزبێک که‌ هاوڕای ئه‌وان نه‌بێت هه‌مان ڕوانگه‌ی ئه‌منیان هه‌یه،‌ به‌ڵام ته‌نیا تاقمێکی که‌من و ڕه‌نگه‌ دزه‌یان کردبێته‌ ناوه‌ند و باره‌گا ئه‌منییه‌کان و ته‌نیا ده‌نگێکی به‌رزیان هه‌یه‌ و به‌هۆی ئه‌و ده‌نگه‌ به‌رزه‌وه‌ خه‌ڵک پێیان وایه‌ ئه‌و که‌سانه‌ زۆرن، له‌ حاڵێکدا ژماره‌یه‌کی که‌من.
له‌ درێژه‌دا وه‌زیری پێشووی ئیتیلاعات ئاماژه‌ی دا به‌ سه‌فه‌ری ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کوردستان و وتی: ڕێبه‌ری باڵای شۆڕش له‌ کوردستان سوکایه‌تی به‌ پیرۆزاییه‌کانی سوننه‌یان به‌ حه‌رام ڕاگه‌یاند، به‌ڵام هه‌مان تاقمی که‌م فه‌رمووده‌ی به‌ڕێزیان وه‌ک پێویست، له‌ به‌رچاو ناگرن.
ئه‌و که‌سانه‌شی که‌ له‌ زۆر شوێن و له‌وان له‌ سوپای پاسداران و ده‌سه‌ڵاتی دادگه‌ری و هه‌واڵگری و مه‌جلیس، به‌ پێچه‌وانه‌ی فه‌رمووده‌کانی ڕێبه‌ری باڵا و خۆسه‌رانه‌ هه‌ڵوێست ده‌گرن به‌ که‌مینه‌یه‌کی سیاسی و فیرقه‌یی وه‌سف کرد که‌ به‌ هه‌رانانه‌وه‌ خۆیان وه‌کوو زۆرینه‌ ده‌نوێنن.
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی دیمانه‌که‌دا یوونسی جه‌ختی کرده‌وه‌ له‌ ئێستادا ڕه‌وشی ئه‌منی کوردستان ته‌نانه‌ت باشتره‌ له‌ تارانیش و هیچ نیگه‌رانییه‌ک له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌بوونی نییه‌.
له‌ وه‌ڵامی پرسیارێک سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ندی نێوان کوردی ئێران و کوردی عێراق یاریده‌ده‌ری سه‌رۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ئینتکه‌کان وتی: ئه‌گه‌ر کوردی ئێران نیازی پێوه‌ندی ئابووری و بازرگانی له‌گه‌ڵ کوردی عێراق هه‌بێت و یان بیهه‌وێ له‌وێ ده‌ست به‌ خوێندنی باڵا بکات، هیچ کێشه‌یه‌کی نییه‌ چونکوو ئه‌گه‌ر ئێمه‌ متمانه‌مان به‌ خۆمان هه‌بێت و مافی شارومه‌ندان دابین بکه‌ین و بێبه‌شییه‌کان له‌و ناوچانه‌ لاببرێن، ئه‌وا چیتر نابێت هیچ نیگه‌رانییه‌کمان له‌مباره‌وه‌ هه‌بێت.
جه‌ختیشی کرد: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سنووره‌ یاساییه‌کان به‌ فه‌رمی ده‌ناسین، به‌ڵام هه‌موو کوردانی دونیا به‌ ئێرانی ده‌زانن.
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێ گله‌یی له‌ که‌مبوونی مزگه‌وتی سوننه‌ له‌ ئێران، یوونسی ڕایگه‌یاند  که‌ مزگه‌وتی سوننه‌ له‌ ئێران زیاتر له‌ 15000 مزگه‌وته‌ و ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌کی زۆرتره‌ له‌ مزگه‌وته‌ شیعه‌کان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ندێ که‌موکۆڕی هه‌یه‌ که‌ ده‌بێ چاره‌سه‌ر بکرێت.
له‌ درێژه‌ی دیمانه‌که‌دا پرسیار له‌باره‌ی هۆکاری له‌ سێداره‌دانی کورده‌کان له‌ ئێران کرا و یوونسی له‌ وه‌ڵامدا ته‌نیا وتی که‌ ده‌بێت له‌مباره‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادگه‌ری پرسیار بکرێت.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ هه‌بوونی هه‌ندێ زیندانیکراو له‌ژێر ناوی عه‌قیده‌تی له‌ ئێران وتی: ئه‌گه‌ر زیندانیکراوی له‌و جۆره‌ له‌ ئێراندا هه‌بێت، بێگومان ئێمه‌ پێوشوێنگری کاروباره‌کانیان ده‌که‌ین.
جه‌ختیشی کرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی یه‌کگرتوویی شیعه‌ و سوننه‌ و ئه‌و توندڕه‌وییه‌ی که‌ له‌ جیهان له‌ ژێر ناوی ئایین ده‌ستی پێکردووه‌، به‌ مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر دونیا و بۆ سه‌ر موسڵمانان زانی و ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو که‌ له‌ ئێران نه‌ شیعه‌ ده‌کرێته‌ سوننه‌ و نه‌ سوننه‌ش ده‌کرێته‌ شیعه‌ و حکوومه‌ت هه‌رگیز هه‌وڵی نه‌داوه‌ سوننه‌کان بکاته‌ شیعه‌ و ته‌نیا له‌پێناو یه‌کگرتوویی هه‌وڵ ئه‌درێت.
یوونسی وتیشی: ده‌بێت له‌ ئێران هه‌موو تاکێک سه‌ره‌ڕای بیروڕا و ئایینی ڕێزی لێبگیردرێت و هه‌موو 77 میلیۆن ئێرانی له‌ موسڵمان و دیکه‌ی ئایینه‌کان و شیعه‌ و سوننه‌، وه‌کوو هاووڵاتی ئێرانی مافی یه‌کسان و  به‌رابه‌ریان هه‌یه‌.
ڕه‌خنه‌شی له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادگه‌ری کرد که‌ به‌ گوێره‌ی پێویست سزای ئه‌و که‌سانه‌ی نادات که‌ هه‌وڵی دووبه‌ره‌کی خستنه‌ نێوان شیعه‌ و سوننه‌ ئه‌ده‌ن و ئه‌وه‌ی به‌ خاڵێکی لاوازی ده‌سه‌ڵاتی دادگه‌ری ئێران زانی.
له‌ کۆتایی دیمانه‌که‌یدا یوونسی دانانی پۆستی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆک کۆمار بۆ کاروباری ئیتنیکه‌کانی به‌ هه‌وڵێک له‌پێناو دابین کردنی خواست و داواکاری ئیتنیکه‌کانی ئێران زانی و ڕاشیگه‌یاند: پێشنیاری پێکهێنانی کارگرووپێک بۆ ئه‌م ئامانجه‌ و ئه‌نجومه‌نێک پێکهاتوو له‌ که‌سایه‌تییه‌ باڵاکانی هه‌موو ئیتنیکه‌کان و کۆمیته‌یه‌کی فه‌رهه‌نگی دراوه‌ته‌ سه‌رۆک کۆمار و له‌گه‌ڵ ده‌رکردنی فه‌مانی یاسایی  له‌ یه‌ک مانگدا کاره‌کانیان ده‌ستپێده‌که‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی نوێ له‌ هه‌موو به‌شه‌کان یه‌ک ساڵ ده‌خایێنێ و پاشان ده‌ست به‌ گۆڕینی ڕێباز و سیاسه‌ته‌کان له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی ده‌وڵه‌ت ده‌کرێت.

 

 

 

Read کد خبر: 267

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی