مەنسوور جیهانی ـ "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و "مێهدی شووشتەری" سەرکونسوولی ئێران لە سلێمانی پێشوازیان لە فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" لە دەرهێنانی "توورج ئەسڵانی" کرد.
نمایشی گشتی فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" (بی سرزمین) Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد "توورج ئەسڵانی"، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد مووڤی" MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی "ڕەز هەڵکەوت ڕەشید" لە هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی هەندێک لە ستافی سەرەکییەکەی لەوانە: "توورج ئەسڵانی"، "ڕەز هەڵکەوت ڕەشید"، "هانی موجتەهیدی" گۆرانیبێژی ناوداری کورد، "شوان عەتووف"، "ڕێکێش شەهباز"، "نارین محەمەدی" و هەروەها "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "مێهدی شووشتەری" سەرکونسوولی ئێران لە سلێمانی، "داوود حوسێن پوور" ڕاوێژکاری کەلتووری سەرکونسوولی ئێران لە سلێمانی، دکتۆر "هەڤاڵ ئەبووبەکر" پارێزگاری سلێمانی، "شاناز ئیبڕاهیم ئەحمەد"، "لەیلا عەلی" شارەوانی سلێمانی، "عەبدولی حەمە جوان" ئەکتەری ناوداری شانۆ، سینەما و تەلەڤیزیۆن، "نەجات عەبدوڵڵا" ڕاوێژکاری کەلتووری جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەندین کەسایەتی دیکە لە کاتژمێر 9ی شەوی شەمە 2ی جوولای 2022 لە هۆڵی سەرەکی "سیتی سینەما" لە شاری سلێمانی پێتەختی کەلتووری و هونەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و لە لایە بینەرانی ئامادەبوو لەم هۆڵە 600 کەسییە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا.
نمایشی گشتی "بێنیشتمان" بە بۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە لە سینەمای شارە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەستی پێکردووە و لە ڕۆژانی داهاتوو و لە درێژەی نمایشەکەی خۆیدا لە سینەما "ئێمپایر"ی "فامیلی مۆڵ" لە شاری هەولێر، لە سینەما "دهۆک مۆڵ" لە شاری دهۆک و لە سینەما "تایم سەنتەر" لە شاری کەرکووک لە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان و هەروەها لە داهاتوویەکی نزیکیشدا لە گرینگترین شارە عەڕەبییەکان وڵاتی عێراق نمایش دەکرێت.
لە "بێنیشتمان" سێیەمین بەرهەمی سینەمایی "توورج ئەسڵانی"دا، کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی لەگەڵ "هانی موجتەهیدی" تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیم زادە، هاکار عەبدوالقادر محەمەد، تەها عەبدوالکەرەم ئەبووبەکر، ڕواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە.
ئەم بەرهەمە سیەنەماییە لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی "ئاسۆی سینەمای جیهان" لە سی و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەکۆئێست" Cinequest لە وڵاتی ئەمەریکا لە گرینگترین فێستیڤاڵە فیلمە سەربەخۆکانی دنیا و هەروەها فێستیڤاڵی باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکار نمایش کرا.
"بێنیشتمان" لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" Duhok لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێگای هەوریشم" Silk Road لە شاری فوژە لە وڵاتی چین نمایش کرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییەوە خەڵاتی دەرهێنەری نوێخواز و هەروەها تەندیسی "ڕێگای هەرێشمی زێڕین" بە "توورج ئەسڵانی" دەرهێنەری ئەم بەرهەمە کوردییە بەخشرا.
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/landlessmovie?utm_medium=copy_link
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" لە فەیسبووک:
https://www.facebook.com/landlessmovie/