مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد // نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنێت ئێران هەڵوێستی هاوسەنگە بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار، ئاماژە بەوەشدەکات ئێران و ئەمەریکا بەرژەوەندییەکانیان کەوتووەتە عیراق و هەرێمی کوردستان.
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی هەڵوێستی ئێران لەبارەی پرسی سەرۆک کۆماریی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "ئێران هەڵوێستی هاوسەنگە بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار".
سەبارەت بەوەی ئێران لایەنگری یەکێتییە یان پارتی نازم دەباغ وتی "ئێران لایەنگیریی هیچ لایەکیان ناکات لەگەل رێککەوتنە لەسەر یەک کاندید، هەروەها ئێران پێی وایە ئەگەر رێکنەکەون دەبێت لە پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە، بەشێوەیەک ماف و هاوسەنگی یەکتری بپارێزن".
وتیشی "ئێران لە بەرژەوەندیی دانیە ڤشاربخاتە سەر ھیچ لایەک، بەڵکو وەک ناوبژیوانێت رۆڵدەبینێت و کار بۆ رێککەوتن دەکات لە زووترین کاتدا".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی ئەوەی هەیمەنەی ئێران یان ئەمەریکا لە عیراق کامیان بەهێزترن لە وەڵامدا جەختی لەوەکردەوە "پێموایە ھەردووکیان رۆڵ و کاریگەریان ھەیە، ھەروەھا وڵاتانی دیکەش، چونکە لە رادەبەدەر بەرژەونەندییەکانیان کەوتووەتە عیراق و ھەرێمی کوردستان".
نزیکەی نۆ مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نەیتوانیوە سەرۆک کۆماری نوێی عیراق هەڵبژێرێت بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار، هەروەها کشانەوەی سەدرییەکانیش لە ئەنجومەنی نوێنەران دۆخەکەی ئاڵۆزترکرد، بەپێی دواین زانیاریی بێت بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عیراق بۆ ئەو پرسە کۆبێتەوە و سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت.
س.ر
https://www.mewdamedia.com/articles/25935