لە وەزارەتى کاروبارى دەرەوەى پرتوگال و بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە کاربەدەستانى باڵاى حکومەت، لە چوارچێوەى هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانى هاوکارى و پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و پرتوگال، هەروەها بۆ لێک نزیکبوونەوەو بۆ دروست کردنى پردى پەیوەندى لە نێوان کەرتى تایبەتى هەردوولا، کۆمەڵەى کارى کوردستان – پرتوگال راگەیەندرا.
لە بۆنەکەدا کە هەریەک لە فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و خوسێ سیساریۆ وەزیرى دەوڵەت بۆ کاروبارى کۆمەڵگەى پرتوگال لە دەرەوە و دابان شەدەڵە نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئیسپانیا و دۆمینگۆس ئۆگاندۆ بەرپرسى کۆمەڵە تازە دامەزراوەکە ئامادەى بوون، سیساریۆ گووتى ئەمڕۆ رۆژێکى تایبەتە و پێمان وایە زۆر گرینگە بۆ کۆمپانیاکانى پرتوگال بۆ کار کردن لەگەڵ کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان.
لاى خۆشیەوە دۆمینگۆس ئۆگاندۆ بەرپرسى کۆمەڵەى کارى کوردستان – پرتوگال گووتى دامەزراندنى ئەم کۆمەڵەى کارە لە داهاتوویەکى زۆر نزیکدا لەڕووى ئابووریەوە سوودى بۆ هەردوو لایەنى پرتوگال و هەرێمى کوردستان دەبێت.
هەر لەم بۆنەیەدا فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵی بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمەکەدا هاوکات سوپاسى ئامادەبووانیشى کرد و گووتى ئەمە یەکەمین سەردانى فەرمى شاندى حکمەتى هەرێمى کوردستانە بۆ پرتوگال. گووتیشى ئێمە لە هەوڵى دووبارە بونیادنانەوەو ئاوەدانکردنەوەداین، ئەم هەنگاوە دەکرێت پێکەوە بۆ زیاتر پێشخستنى کوردستان ئەنجام بدرێت. هاوکات گووتى کە دەکرێت کوردستان ببێتە دەروازەیەک بۆ بەشەکانى دیکەى عێراق.
جێگەى باسە دامەزراندنى ئەم کۆمەڵەى کارە یارمەتى هاتنى کۆمپانیاکانى پرتوگال دەدات بۆ کارکردن لە هەرێم و بە پێچەوانەشەوە. لەم رووەشەوە فەلاح مستەفا دڵنیایی بە ئامادەبووان دا کە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە هەموو کاتێک ئامادەی پێشکەش کردنى هاوکاریە، هاوکات هیواى خواست کە پرتوگال لە داهاتوویەکى نزیکدا ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگاى دیپلۆماسى لە هەرێمى کوردستان و نوێنەرایەتى خۆى لە هەرێم بکاتەوە.
فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەری دابان شەدەڵە نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئیسپانیا سەردانی پەرلەمانی كۆماری پرتوگالی كرد و لەگەڵ سیرگیۆ سۆوسا پینتۆ سەرۆكی ئەنجومەنی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی پرتوگال كە هاوكات ئەندامی پارتی سۆسیالیستی پرتۆگالە كۆبوونەوە.
لە دیدارەكەدا فەلاح مستەفا تیشكی خستەسەر ئارەزووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گرێدانی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی جیهان و گووتی كە حكومەتی هەرێم كار بۆ فراوانكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات. گووتیشی كە هەرێم پێداویستیەكانی هەیە بەڵام تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو شارەزایی پێویستی نیە، ئەمەش ئەو خاڵەی پەیوەندییەیە كە دەتوانین بۆ سوودو بەرژەوەندیەكانی هەردوولا كاری لەسەر بكەین، چونكە ئێوە تەكنەلۆژیا و پسپۆری ئەم بوارانەتان هەیە.
سەرۆك پینتۆ وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ سەردانەكە، هاوكات پێشوازی گەرمی لە پەیامەكەی بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە كردو گوتیشی هەروەها دەتوانین پەیوەندیەكانمان لەسەر بنەمای كەلتوری بونیاد بنێین چونكە هاوبەشیەكی زۆرمان لەگەڵ زۆر بەشی جیاجیای جیهان هەیە. هاوكات بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی لەو بوارو دەرفەتە جیاجیانە كرد كە پرتوگال دەتوانێت لە هەرێمی كوردستان كاری تێدا بكات و سوودی بۆ هەردوولا دەبێت.
هەر لە دیدارەكەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئیسپانیا گفتوگۆیان دەربارەی گرینگی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكانی رژێمی پێشووی عێراق دژ بە گەلی كوردستان لە لایەن پەرلەمانی پرتوگال كرد. هاوكات پێشنیار كرا كە شاندێكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە پێشكەوتنەكانی هەرێم و هەروەها ئەو بوارانەی كە هەردوولا دەتوانن لە هەرێم كاری لەسەر بكەن.
هەر لە پەرلەمانی پرتوگال و لە دیدارێكی دیكەدا، یەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا كە پەرلەمانتارانی وەك ریچارد باپتیستا لێیتێ و پاولۆ پیسكۆ و مۆنیكا فێرۆ لە ئەنجومەنی كاروباری دەرەوەی پەرلەمان ئامادەی بوون، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی لە مێژووی كوردستان و ئەو پێشكەوتنانە كرد كە لە ساڵی 2003وە تا ئەمڕۆ بەدەست هاتوون. هەروەها گووتی كە حكومەتی هەرێم سیاسەتی دەرگای كراوە پەیڕەو دەكات، گوتیشی كە لە ئێستادا 31 نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی لە هەرێم كار دەكەن و لە ناویشیاندا پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە.
پاشان بەرپرسی پەوەندیەكانی دەرەوە هیوای خواست كە پەرلەمانی پرتوگال بە شێوەیەكی فەرمی ئەو تاوانانە بە جینۆساید بناسێنێت كە لە لایەن رژێمی پێشووی عێراق دژ بە گەلی كوردستان ئەنجام دراون. هاوكات داوای كرد كە هاوشێوەیەی پەرلەمانەكانی دیكەی وڵاتانی جیهان گرووپی هاوڕێیەتی لەناو پەرلەمانی پرتوگاڵ بۆ پشتیوانی كردن دروست بكرێت.
لای خۆیەوە ریكاردۆ لێتی ئەندامی پەرلەمانی پرتوگال لە پارتی سۆشیال دیموكرات دوای پێشوازی كردن لە سەردانی شاندەكەی حكومەتی هەرێم بۆ پرتوگال گووتی كوردستان وەك تاوەرێكی راستەفینەی درەوشاوەو رێنیشاندەر بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت. هەروەها گووتی ئاگاداری هەوڵ و تێكۆشانەكانتانم لە پێناوی دیموكراسی و ئەوەش بە تەواوەتی دیارە، گووتیشی كە بەردەوام پشتیوانی پارتی سۆشیال دیموكراتتان هەیە.
لەبارەی بە جینۆساید ناساندنەوە، ئەندامانی پەرلەمانی ئەو پرتوگال كە لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەبوون، ئاماژەیان بەوەدا كە بە جدی لەو یرسە دەكۆڵنەوە و هاوكات كاری جدی بۆ ئەو ئەنجامدانی ئەو كارە لەداهاتوویەكی نزیكدا دەكەن. هەر لەم بارەیەوە ئەندام پەرلەمانی پورتوگال پاولۆ پیسكۆ گووتی لەكاتێك لە لایەن چەند وڵاتەێكی دیكەشەوە داواكاری هاوشێوە كراوە كراوە كە كاتی پێویستە، بەڵام لەم بارەیەوە لەگەڵ هەوڵەكانتان هاوڕاین.
پێنج شەممە, 27 شوبات 2014
لەمیانەی گەشتە فەرمیەكەی بۆ چەند وڵاتێكی ئەوروپا، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە یاوەری نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئیسپانیا، دابان شەدەڵە، سەردانی وەزارەتی هاوكاری و كاروباری دەرەوەی پرتوگالیان كردو لە لایەن لویس فێریا وەزیری دەوڵەت بۆ هاوكاری و كاروباری دەرەوەو هەروەها خۆسێ سیساریۆ وەزیری دەوڵەت بۆ كۆمەڵگای پرتوگالی لە دەرەوە پێشوازیان لێكرا.
لویس فێریا سوپاسی سەردانی شاندەكەی حكومەتی هەرێمی كرد بۆ وەزارەتی كاروباری دەرەوەو گووتی كە كۆمەڵێك بابەت هەیە بۆ گفتوگۆكردن كە كە گرینگی بۆ هەردوولا هەیە. گووتی زۆر گرینگە بۆ كۆمپانیاكانی پرتوگال لە هەرێمی كوردستان كە ناوچەیەكی ئاشتیخوازە كار بكەن.
لای خۆیە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیان گووتی كە دەمانەوێت پەیوەندیەكانمان بۆ سوودو بەرژەوەندی هەردوولا بێت. ئێمە پێویستیمان بە شارەزاییەكانی پرتوگال لە بوارە جیاجیاكاندا هەیە و هاوكات پێمان گرینگە كە پرتوگال نوێنەرایەتی خۆی لەماوەی داهاتوو لە هەرێم بكاتەوە، تاوەكو ببێتە هۆی دامەزراندنی پەیوەندیەكی بەهێز لە نێوان هەردوولا.
فەلاح مستەفا باسی لەو پێشكەوتنانە كرد كە لە كوردستان بەدی هاتوون، بە تایبەتی لەڕووی زیادبوونی ژمارەی نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی و هەروەها كار كردنی 18 هێڵی فڕۆكەوانی و هاوكات كار كردنی زیاتر لە 2600 دوو هەزارو شەش سەد كۆمپانیای بیانی لە هەرێم. گووتیشی دەرفەتی جۆراوجۆر هەیە بۆ پێكەوە كار كردن وەك ئابووری و كەلتوری و پەروەردە. هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت سوود لە شارەزاییەكانی ئەو وڵاتە وەربگرێت لە بوارەكانی تەكنەلۆژیا و كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار.
لای خۆشیەوە لویس فێریا وەزیری دەوڵەت بۆ هاوكاری و كاروباری دەرەوەی پرتوگال گووتی ئێمە خۆشحاڵین بە پێشوازی كردن لە نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئیسپانیا، بەڵام هاوكات دەمانەوێت كە حكومەتی هەرێم نوێنەرایەتی خۆی لە پرتوگال بكاتەوە كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا. گووتیشی كە پرتوگال نەك تەنها لە ئەوروپا بەڵكو پەیوەندیەكی بەهێزیشی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا هەیە.
لە كۆتایی دیدارەكەشدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە داوای كرد كە شاندێكی وەزارەتی هاوكاری و كاروباری دەرەوەی پرتوگال سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، كە گاریگەری پۆزەتیڤ دەبێت بۆ راستەخۆ بینینی ئەو دەرفەت و لایەن و پرۆژانەی كە لە هەرێم هەیە. گووتیشی كە هەرێم پرتوگال وەك هاوبەش دەبینێت و چاومان لە پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولایە.
هەر لەمیانەی سەردانەكەدا بۆ وەزارەتی هاوكاری و كاروباری دەرەوەی پرتوگال، شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ روی ماسیرا بەڕێوەبەری گشتی سیاسەتی دەرەوە كۆبوونەوە.
ماسیرا گووتی پێمان وایە كە هەرێمی كورستان مۆدێلێكی باشە بۆ تەواوی عێراق. گووتیشی كە پرتوگال بەنیازی دووبارە كردنەوەی باڵیۆزخانەیە لە بەغدا دوای ئەوەی كە لەساڵی 2007 داخرا.
هەر لە دیدارەكەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پوختەیەكی دەربارەی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باس كرد. هاوكات تیشكی خستەسەر قەیرانی مرۆیی سوریا و ئەو كاریگەریانەی كە ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیبووە، لە هەمان كاتدا باسی لە ئاوارەكانی بەشەكانی دیكەی عێراق كرد كە بەهۆی توندوتیژیەكانەوە روویان لە هەرێم كردووە.