دوو شەممە, 09 نیسان 2018

نازم ده‌باغ له‌گه‌ڵ شاندی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کۆبۆوه

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران، له‌گه‌ڵ شاندێکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە سەرۆکایەتی "موحسین محه‌ممه‌د" ئەندامی مەکتەبی سیاسی دیداریی کرد. 

ئەمرۆ دووشەممە 09/04/2018 شاندێکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە سەرۆکایەتی "موحسین محه‌ممه‌د" ئەندامی مەکتەبی سیاسی بە یاوەری "ئارام که‌مال" بەرپرسی پەیوەندییەکانی ناوخۆ و "نیعمه‌ت عیزه‌ت" بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئێران سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان له تارانیان کرد و لە لایەن نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ وڵاتی ئێران و "فه‌خره‌الدین عه‌زیز" پێشوازی گەرمیان لێکرا.

له‌م دیدارەدا لەسەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی و هه‌روه‌ها چۆنییەتی کارکردن و پەیوەندییەکانی نوینەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەل کۆماری ئیسلامی ئێران، باڵیۆزخانەکان و قونسولخانەکانی وڵاتانی بیانی لە تاران گفتوگۆ کرا.

لە کۆتایی ئه‌م دیداره‌دا دەستخۆشی له نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له وڵاتی ئێران کرا و هیوای سەرکەوتنیان خواست لە ڕاپه‌ڕاندنی کارەکاندا.

دوو شەممە, 09 نیسان 2018

نازم ده‌باغ له‌گه‌ڵ کارا جۆنسۆن مالینا جێگری بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە تاران دیداریی کرد

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران، له‌گه‌ڵ خاتوو "کارا جۆنسۆن مالینا" جێگری بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە وڵاتی ئێران کۆبۆوه. 

خاتوو "کارا جۆنسۆن مالینا" جێگری بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە تاران رۆژی یەکشەممە 08/04/٢٠١٨ سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ تارانی کرد و له لایه‌ن "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ وڵاتی ئێران به گەرمی پێشوازی لێکرا. 

"کارا جۆنسۆن مالینا" دەستخۆشی پێشوازی و میواندارییەکەی کرد و دەربارەی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق و بەشداری هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر دوای ڕاپرسی کوردستان پرسیاری له نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران کرد.

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران، جارێکی دیکه بەخێرهاتنی جێگری بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە تاران کرد و بۆی ڕوونکردنەوە و ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنی عێراق زۆر گرنگە بۆ وەرگرتن و بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد و هەروەها هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بنەڕەتی عێراقی فیدراڵە.

له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا "نازم ده‌باغ" دەربارەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا ووتی: رۆژ لە دوای رۆژ له‌گه‌ڵ یه‌کتری پەیوەندیمان باشتر دەبێت و دوای ڕەوانەکردنی بوودجە و پرۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق، چاوەڕوانی هاوکاری زۆرتر و چالاکتر لە هەر دوولا دەکرێت.

 

نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ئێران له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی "ئیسکانیوز" پێی وایه تاوه‌کوو دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی داهاتووی عێراق، ئاڵوگۆڕێکی ئه‌وتۆ له په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر روونادات، به‌ڵام له ئێستاوه هیوایه‌کی زۆر بۆ رێکه‌وتنی نێوان ئه‌م دوولایه‌نه دروست بووه، هه‌رچه‌نده چه‌ندین بابه‌ت وه‌کو لاوازکردنی پێگه‌ی کورده‌کان له په‌رله‌مانی داهاتوو و هه‌روه‌ها کێشه‌ ناوخۆییه‌کانییان، هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ ئاماده‌بوونی به‌هیزی کورده‌کان له به‌غدا .

·       دوای راگرتنی ئاکامی ریفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان، هیوایه‌ک بۆ رێکه‌وتنی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر دروست بوو، به‌ڵام دوای په‌سه‌ندکردنی بوجه‌ی عێراق له په‌رله‌مان، به‌شی کورده‌کان له ١٧٪ه‌وه بۆ ٦٧/١٢٪ دبه‌زی، که دیسان کێشه‌ی نێوان دوولایه‌نی لێکه‌وته‌وه، ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه ئه‌م بابه‌ته دیسان کێشه‌کان قووڵتربکاته‌وه‌و دانوستان و رێکه‌وتنه‌کانی نێوان ئه‌م دوو لایه‌نی تووشی کێشه بکات؟

سه‌ره‌تا ده‌بێت بڵێم که ریفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵوێستێک دژی سیاسه‌ته‌کانی به‌غدا بوو، به‌غدا و ده‌سه‌ڵاتدارانی، دوای ٢٠٠٣ به‌رده‌وام مافی کورده‌کانیان پێشێل کردووه و ئه‌مه‌ش بووه هۆی هه‌ڵبژاردنی رێگایه‌کی دیکه له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه. به‌ڵام دوای به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم هه‌روه‌‌ها که ئاماژه‌تان پێدا، که‌شێک بۆ وتووێژ و دانوستان هاته ئاراوه به‌ڵام به‌داخه‌وه پرۆسه‌ی په‌سه‌ندکردنی بودجه‌ی عێراق زیانێکی گه‌وره‌ی به نزیکبوونه‌وه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر گه‌یاند و پێم وایه بابه‌تی بودجه و کێشه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی تاوه‌کو دوای هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وام بێت. هه‌رچه‌نده ئێستا هه‌واڵی ناردنی بودجه‌ی هه‌رێم له لایه‌ن به‌غداوه ده‌بیسترێت، به‌ڵام پێم وایه ئه‌گه‌ر بودجه‌ش بنێردرێت، دیسان له بواری ئابووریدا چه‌ندین بابه‌ت و کێشه‌ی دیکه له نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا هه‌یه که به ئاسانی چاره‌سه‌ر نابن. ئه‌م بابه‌ته به هۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی پێنجه‌وه ئاڵۆزتریش بووه‌و بڕێک لایه‌ن له به‌غدا ده‌یانه‌وێت کارته‌کانی خۆیان دژی هه‌ولێر به‌کار هێنن و بۆ ده‌نگی زیاتر له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سوودی لێ ببینن. به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردن و دیاریکردنی ئاستی هێز و پێگه‌ی گروپ و لایه‌نه‌کان و هه‌روه‌‌ها پرۆسه‌ی پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ، بارودۆخێکی زۆر گونجاو بۆ هه‌ردوولا دروست ده‌بێت تاوه‌کوو کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

·       به‌ڵام زۆربه‌ی کارناسان و چاودێرانی که‌یسی عێراق پێیان وایه هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ناتوانێت کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بکات و ئه‌م قه‌یرانانه به‌رده‌وام ده‌بن، ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه به دروست ده‌زانن؟

ئه‌م تێڕوانینه به‌شێک له راستییه‌کان نیشان ده‌دات، به بڕوای منیش دوای هه‌ڵبژاردنیش به‌شێک له کێشه مێژووییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا وه‌کوو خۆی ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام به‌شێکی گه‌روه‌ی کێشه‌کانیش چاره‌سه‌ر ده‌بن. ئێستا لایه‌نه سیاسییه‌کانی به‌غدا له‌وه‌ ده‌ترس که له‌گه‌ڵ هه‌ولێر رێکه‌ون، چونکه ئه‌مه ده‌نگییان داده‌به‌زێنێت، به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان، گوشاره‌کان داده‌به‌زن و ئیمکانی رێکه‌وتنێکی هه‌‌مه‌لایه‌نه‌تر دروست ده‌بێت.

·       به‌ڵام جگه له‌مه، راپرسییه‌کان باس له دابه‌زینی ده‌نگی کورده‌کان ده‌کات. به تایبه‌ت له ناوچه‌کانی ماده‌ی ١٤٠ی ده‌ستوور وه‌کو که‌رکووک، ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌کانتان دابه‌زێت و بۆ نموونه ئێستا که زیاتر له ٦٠ کورسی په‌رله‌مانتان هه‌یه ئه‌مه دابه‌زێت بۆ ژێر ٥٠ کورسی، ئایا له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا حکومه‌تی ناوه‌ندی ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ کورده‌کاندا که لاوازبوون رێکه‌وتن بکات؟

ئه‌مه کێشه‌یه‌کی گرنگه. سروشتییه که ده‌نگی ئێمه له‌م ناوچانه داده‌به‌زێت. له‌سه‌ر رێژه‌که‌ی ناتوانم به روونی بڵێم چه‌ند، به‌ڵام ده‌نگی کورده‌کان به تایبه‌ت له که‌رکووک دابه‌زینێکی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، به‌ڵام دابه‌زینی ده‌نگه‌کان و کورسییه‌کان، به مانای له‌به‌رچاونه‌گرتنی مافه‌کانی هه‌رێمی کوردستان نییه. مافه‌کانی هه‌ولێر به پێی ده‌ستووری عێراقه و ئێمه‌ش هیچ شتێکی دیکه‌مان جگه له جێبه‌جێ‌کردنی ده‌ستوور ناوێت. ئێمه له‌و هه‌وڵه‌داین که به پێی ده‌ستووری ئێستا مافه‌کانمان وه‌رگرین و هیوادارین ئه‌مه‌ش له به‌غدا پێشوازی لێ بکرێت و مافه‌کانی کورد نه‌به‌سترێته‌وه به ژماره‌ی کورسییه‌کان له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا.

·       به‌ڵام هه‌رێمی کوردستان جگه له دابه‌زینی ده‌نگ و کورسی، کێشه‌ی ناوخۆیی‌‌شی هه‌یه، ئایا ئه‌مه‌ش ئیمکانی سه‌رکه‌وتنی دانوستانه‌کانی داهاتوو لاواز ناکات؟

دوای ٢٠٠٣، هیچکات وه‌کوو ئێستا کورده‌کان له ناوخۆدا تووشی كێشه‌و دووبه‌ره‌کی نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌م کێشانه به سروشتیی ده‌زانم. ئه‌م کێشانه له‌سه‌ر مافی کورده‌کان نییه، زیاتر له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابینکردنی ئه‌م مافانه‌یه. ئه‌گه‌ر کێشه‌ ناوخۆییه‌کانمان له‌سه‌ر مافه‌کان کورد ببوایات، به‌ڵێ، له‌و حاڵه‌ته‌دا زۆر مه‌ترسیدار ده‌بوو، به‌ڵام ئێستا لایه‌نه سیاسییه‌کان ته‌نها له‌سه‌ر بابه‌تی وردی دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا رای جیاوازیان هه‌یه. ته‌نانه‌ت ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش هه‌یه دوای هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانیی عێراق و دابه‌زینی که‌شوهه‌وای کێبڕکێکان، کورده‌کان فراکسیۆنێکی گه‌وره پێک بێنن و وه‌کوو خوله‌کانی رابردوو پێکه‌وه بۆ مافه‌کانیان هه‌وڵ بده‌ن.

·       که‌رکووک به‌رده‌وام خاڵی سه‌ره‌کی کێشه‌کانی نێوان هه‌ردوولا بووه، به‌م پێیه، داهاتووی که‌رکووک چۆن ده‌بینیت؟

ئێمه خوازیاری چاره‌سه‌رکردنی هه‌موو کێشه‌کانی نێوانمان به پێی ده‌ستووری عێراقین. به پێی ده‌ستووری عێراق و ماده‌ی ١٤٠، چۆنیه‌تی چاره‌سه‌رکردنی بابه‌تی که‌رکووک به روونی باسکراوه، ئێمه گوشاره‌کانی خۆمان بۆ جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌م مادده‌ی ده‌ستوور، زیاتر ده‌که‌ین، هه‌رچه‌نده که بابه‌تی که‌رکووک بابه‌تێکی ناوچه‌یی و ته‌نانه‌ت جیهانییه، واتا رۆڵی ئه‌کته‌ر و رووداوه ناوچه‌یی و جیهانییه‌کانیش تێیدا کاریگه‌ره. به‌ڵام به گشتیی ته‌نانه‌ت به دابه‌زینی ژماره‌ی کورده‌کان له که‌رکووک، ئێمه پێداگرین بۆ جێبه‌جێ‌کردنی ماده‌ی ١٤٠ و له دانوستانه‌کانی داهاتوودا که‌رکووک به دڵنیاییه‌وه رۆڵ و جێگه‌ی گرنگ و تایبه‌تی ده‌بێت.

 

 

به‌رنامه‌ی "ئاڕاسته‌"ی رادیۆ نەوا تایبه‌ت به‌ مامه‌ڵه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی توركیا و كۆمارى ئیسلامى ئێران

 رۆژی پێنجشه‌ممه‌، به‌رنامه‌ی "ئاڕاسته‌" تایبه‌ت بوو به‌ مامه‌ڵه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی توركیا و كۆمارى ئیسلامى ئێران، كه‌ بۆ هه‌ندێكجار بۆ تۆپبارانه‌كانى ئێران به‌یاننامه‌ى ئیدانه‌ ده‌رده‌كات و بۆ تۆپباران و بۆردومانه‌كانى توركیا پاساو دێنێته‌وه‌. له‌ به‌رنامه‌كه‌دا نازم ده‌باغ نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ كۆمارى ئیسلامى ئێران و دلاوه‌ر عوسمان پسپۆڕى زانسته‌ رامیارییه‌كان ئاماده‌بون. 

 

دوو شەممە, 02 نیسان 2018

نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران باسی كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی توركیا- ئێران- روسیا دەكات

 دواڕۆژ-

نوێنەری حكومەتی هەرێم لەكۆماری ئیسلامی ئێران پێیوایە هەر كۆبوونەوەیەكی وڵاتانی ناوچەكە بۆ چەسپاندنی بەرژەوەندییەكانی خۆیانە و پێشبینیش ناكات ئەو كۆبوونەوانە كاریگەری ئەرێنی بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت.

 نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران لەلێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ، پێیوایە هەر كۆبوونەوەیەك لەنێوان بەرپرسانی باڵای ناوچەكە لە ئێران و توركیا و عێراق و سوریا گرنگی خۆی هەیە بۆ چەسپاندنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە ناوچەكە كە لە خاڵێكی هاوبەشدا یەكدەگرنەوە ئەویش مەسەلەی كورد و ئەمنییەتی ناوچەكەیە، پاشان داعش.

 سەبارەت بەوەی پێشبینی دەكەن ئەو كۆبوونەوانە كاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی بۆ كوردستان هەبێت، دەباغ وتی "بەبڕوای من لەو جۆرە كۆبوونەوە و دانیشتنانە پێشبینی ئیجابییەت ناكەم، چونكە ئەمڕۆ كێشەی كورد كێشەیەكی گەرمە بەتایبەتی لە توركیا، بەڵام دەمێنێتەوە سەر ئەوەی هەریەكە لە بەرامبەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان چ هەڵوێستێكی دەبێت توندتر یان نەرمتر".

 وا بڕیارە رۆژی سێشەممە حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی شاری ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بكات و رۆژی چوارشەممەش كۆبوونەوەی لوتكەی ئێران- توركیا- روسیا لە توركیا ئەنجامبدرێت.

 

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ، ئاسۆی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ساڵی تازەدا داهاتوویەکی باش پێش بینی دەکات. 

"نازم دەباغ" لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری "ئینساف نیووز" سەبارەت بە پێش بینی خۆی لە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ساڵی نوێدا گوتی: پێش بینی دەکەم کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو لایەکەوە بەرەوپێشەوە بچێت. بە تایبەت لە ساڵی تازەدا و دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ریفڕاندۆم، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە کە پەیوەندییەکانی وەکوو حاڵەتی یەکەم جار و تەنانەت باشتر لە پێشووش بگەڕێنێتەوە.  

گوتیشی: چونکە ئێمە مێژوو، جوگرافی، فەرهەنگ و دینی هاوبەشمان لەگەڵ ئێراندا هەیە و هەروەها ڕابردوویەکی هاوبەشی زۆریشمان بۆ هاوکاریی پێکەوە هەیە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەمانە من چاوەڕوان دەکەم کە ئینشااڵڵە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو باشتربوون بڕوات و گەشەی زیاتر بستێنێت.  

دەباغ لە کۆتایی گوتی: بە بۆنەی ساڵی نوێی و بەهاری تازە و نەورۆزە پیرۆزبایی و رێزیی تایبەتی خۆم ئاراستەی خەڵکی ئێران و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەم. ئینشااڵڵە کە لە پێناو ئاسایش و هێمنییەکی تەواودا ژیانێکی ئاسوودەیان هەبێت.

 

ساعت ٢٤- عێراق وه‌کوو وڵاتێکی دراوسێ، دوای رووخانی سه‌دام ئاڵوگۆڕی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و بووه‌ته یه‌کێک له دۆستانی ئێران له ناوچه‌که. له ئێستادا عێراق، سه‌ره‌کیترین بازاڕی شتومه‌کی هه‌نارده‌کراوی ئێرانه. له‌م نێوانه‌شدا کوردستانی عێراقیش پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه چونکه له کرده‌وه‌دا ئه‌م هه‌رێمه یه‌کێکه له سه‌ره‌کیترین ده‌رگاکانی ئێران بۆ بازاڕی عێراق. به پێی گرنگی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌کانی نێوان ئێران و عێراق و به پێی ئاستی هاوکارییه‌کانی نێوان ئێران و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له بواری ئابووریدا، له‌گه‌ڵ نازم ده‌باغ نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئابووری هه‌رێم و هاوکاری ئێران و هه‌رێم وتووێژمان کردووه. 

 دوای رووخانی حکومه‌تی سه‌دام، به پێی ده‌ستووری نوێی عێراق، هه‌رێمی کوردستان توانی له چوارچێوه‌ی عێڕاقی نوێ‌دا، حکومه‌تێکی خۆجێی پێک بێنێت. بینیمان که هه‌رێم به خێرایی به‌ره‌و ئابوورییه‌کی کراوه‌و راکێشانی سه‌رمایه‌ی بیانی هه‌نگاوی نا. که‌شێکی باش بۆ کێبڕكێ له‌م ناوچه هاته ئاراوه‌و گرنگی به فاکته‌ره‌کانی ئابووری ئازاد درا. وه‌کوو بازاڕی ئازادی سه‌رمایه، باجی که‌م و پشتیوانی یاسایی له سه‌رمایه‌و ماف و ئه‌رکی سه‌رمایه‌گوزاره‌کانیش دیاری‌کرا. ئه‌مانه وایکرد لانیکه‌م تاوه‌کوو پێش داعش، هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ره‌و ئابوورییه‌کی کراوه بڕوات. زیاتر ئه‌و بارودۆخه‌مان بۆ باس بکه‌ن.

 

دوای رووخانی سۆڤیه‌ت، رۆژ له‌دوای رۆژ سه‌لمێندرا که گه‌شه‌ی ئابووری له جیهانی ئه‌مڕۆدا، پێویستی به ئازادی ئابوورییه. ئه‌و وڵاتانه‌ی که پشتیوانییان له ئازادی ئابووری و ئازادی سه‌رمایه‌گوزاری کرد به خێرایی گه‌شه‌یان کرد. ته‌نانه‌ت له یه‌کێتی ئه‌وروپا به که‌مکردنه‌وه‌ی سنووره‌کان و ئازادی هاتوچۆو بازرگانی ئازاد، چالاکی ئابووری گه‌شه‌ی کرد. به‌م پێیه و به پێی ئه‌زموونه جیهانییه‌کان، هه‌رێمی کوردستان دوای رووخانی سه‌دام، به‌ره‌و گه‌شه‌ی ئازادییه‌ ئابوورییه‌کان هه‌نگاوی هه‌‌ڵێنا. ئێمه ته‌نانه‌ت بۆ نیشان‌دانی گرنگی ئه‌م بواره، ئه‌زموونی دوبه‌ی‌مان باسکرد و ده‌مانوت ده‌مانه‌وێت هه‌رێمی کودستان وه‌کو دوبه‌ی ببێته ناوچه‌ی ئازادی ئابووری. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت خوشگوزه‌رانه‌ و گه‌شه‌ی ئابووری و پیشه‌یی دروست بکه‌ین ده‌بێت که‌شێکی ئه‌من و ئارام بۆ سه‌رمایه‌گوزاران دابین بکه‌ین. ده‌ىێت که‌شێکی وا دروست بکه‌ین که بیسه‌لمێنێت سیاسه‌ته‌کانمان به‌ره‌وه ئابووری ئازاد ده‌ڕوات. به پێی به‌ڵگه‌نامه‌کان و ئاماره‌کان، ئه‌گه‌ر کێشه‌کانی ناوچه‌که به تایبه‌ت له رووی ئه‌منییه‌وه رووی نه‌ده‌دا، له‌وانه بوو ئێستا بارودۆخی ئابووری و ئازادییه ئابوورییه‌کانی هه‌رێم، له دوبه‌‌ی زیاتر پێش بکه‌وتایا. رووخانی سۆڤیه‌ت نیشانی دا که سیاسه‌تی کۆمۆنیستی،  خوشگوزه‌رانی خه‌‌ڵكی لێناکه‌وێته‌وه. له راستیدا هاوسانیی کۆمۆنیستی، هاوسانی مرۆڤه‌کان له هه‌‌ژاریدایه. به بڕوای من ئه‌زموونی ئه‌وروپا، که تێكه‌ڵاوێک له که‌رتی تایبه‌ت و ئابووری بازاڕ و سیستمی دابینکردنی کۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌توانێت نموونه‌یه‌کی باشتر بێت.  

 

دوای ریفراندۆمی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، کێشه‌ له نێوان هه‌‌رێم و حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و ئێران و تورکیا دروست بوو. له ئاکامی ئه‌مه‌دا، سنووره‌کانی ته‌مه‌رچین، باشماخ و په‌روێزخان له لایه‌ن ئێرانه‌وه داخران، به پێی رووداوه‌کانی ئه‌م چه‌ن مانگه، له ئێستادا بارودۆخی خاڵه سنوورییه‌کان و هاوکارییه ئابوورییه‌کانی ئێران و هه‌رێمی کوردستانی عێراق چۆنه؟


دوای راپرسی هه‌‌رێم بینیمان ئێران به خێرایی سنووره‌کانی داخست به‌ڵام تورکیا ئه‌‌مه‌ی نه‌کرد. ئه‌ڵبه‌ت سنووری باشماخ ته‌نها سێ رۆژ داخراو رۆژی چواره‌م کرایه‌وه. به‌ڵام سنووره‌کانی دیکه به داخراوی مانه‌وه. بۆیه بازرگانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به هۆی داخرانی سنووره‌کانی ئێران و کراوه‌بوونی سنووره‌کانی تورکیا، به‌ره‌و هاوکاری ئابووری له‌گه‌ڵ تورکیا رۆیشتن. واتا ئه‌وانه‌ی پێش داخرانی سنووره‌کان له‌گه‌ڵ ئێران کاریان ده‌کرد، روویان له تورکیا کرد. چونکه تورکیا به هیچ شێوه‌یه‌ک سنووره بازرگانییه‌کانی دانه‌خست. ئه‌‌ڵبه‌ت سنووره‌کانی ته‌مه‌رچین و په‌روێزخان نزیکه‌ی مانگ و نیوێک پێش ئێستا کرانه‌وه، به‌ڵام کاریگه‌ری خراپی دانا. چونکه له‌م ماوه‌دا تورکیا سنووره‌کانی کراوه بوو و ئه‌و شتومه‌کانه‌ی له ئێرانه‌وه هاورده ده‌کرا، گۆڕدرا بۆ شتومه‌کی تورکی، بۆیه تورکیا له‌م بابه‌ته‌دا زیره‌کانه جووڵایه‌وه.

که‌واته رێژه‌ی هه‌نارده‌ی ئێران بۆ هه‌رێم دابه‌زیوه‌و رێژه‌ی هه‌نارده‌ی تورکیا به‌رزبووه‌ته‌وه؟ ئایا ئامارو رێژه‌یه‌کی روونتان له‌به‌رده‌ستدایه؟

ئێستا ئامارم له‌به‌رده‌ستدا نییه به‌ڵام ئه‌مه له هه‌رێمدا به روونی ده‌بیندرێت. تا چه‌ند مانگ پێش ئێستا شتومه‌کی تورکی له ناوچه‌ی سلێمانی نه‌ده‌بیندرا، به‌ڵام ئێستا شتومه‌کی تورکی له‌م ناوچه زۆرن، ئه‌مه نیشان ده‌دات چالاکی بازرگانانی تورکیا و هه‌نارده‌ی شتومه‌کی تورکی بۆ هه‌رێم له‌م چه‌ند مانگه‌دا گه‌شه‌ی کردووه. کاتێک ئاماده‌بوونی تورکیا به‌رزبێته‌وه واتا ئاماده‌بوونی ئێران دابه‌زیوه. واتا تورکیا ئه‌م بابه‌ته‌شی بۆ ئامانجه ئابوورییه‌کانی خۆی به‌کار هێنا. .

 

به‌و پێیه‌ی که عێراق گرنگترین بازاڕی هه‌نارده‌ی ئێرانه‌و هه‌رێمی کوردستانیش یه‌کێکه له ده‌روازه‌ سه‌ره‌کییه‌کان بۆ چوونه ناو بازاڕی عێراق، له ئێستادا ئاستی هاوکاری ژووره بازرگانییه‌کانی ئێران له ژووری بازرگانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک چۆنه؟

ئێستا ئاستی هاوکارییه‌کان وه‌کوو رابردوو نییه و دابه‌زیوه. جوگرافیای هه‌رێمی کوردستان و بوونی سنووری هاوبه‌ش و نزیکی فه‌رهه‌‌نگی، هاوکاری زیاتر ده‌خوازێت. کۆمپانیا ئێرانییه‌کان، له ساڵانی رابردوودا یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین لایه‌نه‌کانی دابینکردنی بازاڕی هه‌رێم بوون. هیوادارم به خێرایی بتوانین کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین و هاوکاری ئابووری زیاترمان له‌گه‌ڵ ئێران بێت..

 

 

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران گوتی: باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ نوێنەرانی پارت و گرووپە کوردییەکاندا رایگەیاند کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد نێونجییەتی دەکات.

گرووپی نێودەوڵەتی ئاژانسی ئانا: سەرچاوە کوردییەکانی بە گێڕانەوە لە کەناڵی "ڕووداو" بڵاویانکردۆتەوە کە "ئیرەج مەسجێدی" باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە سەردانی بۆ هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دیدار و وتووێژی کردووە. 

"نازم دەباغ" نوێنەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری گرووپی نێودەوڵەتی ئاژانسی ئانا سەبارەت بەم دیدارە گوتی: "ئیرەج مەسجێدی" لە دیدار لەگەڵ نوێنەرانی پارت و گرووپە کوردییەکان سەبارت بە باروودۆخی هەرێمی کوردستان دانووستانی کردووە و ئامادەیی خۆی راگەیاندووە کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد نێونجییەتی بکات.

هەروەها گوتیشی: باڵیۆزی ئێران لە عێراق لەم دیدارەدا لە دوو لایەن داوای کردووە تاکوو بە یاسای بنەڕەتی عێراق پابەندبن و خۆیان لە ناکۆکی دووربگرن.     

دەباغ بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بە ئیحتمالی لابردنی ئاستەنگەکان لەسەر فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولیر لە لایەن بەغداوە تەییدی کرد و گوتی: تا ئێستا لە لایەنی تەکنیکی و پرۆتۆکۆلییەوە هەموو بابەتەکان لە نێوان هەولێر و بەغداد چارەسەرکراوە و تەنیا بابەتێک کە ماوەتەوە ئەوەیە کە دوو لایەن بە یاسای بنەڕەتی عێراق پابەندبن و فڕۆکەخانەکان ڕادەستی دەوڵەتی بەغداد بکرێت.     

نوێنەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران تەئکیدی کرد کە تا ئێستا هیچ کاتێک بۆ لابردنی ئاستەنگەکان دیاریی نەکراوە.

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران، به‌شداریی له کۆڕی ماتەمینی یادی ساڵانەی شەهیدی عێراقی و ساڵیادی شەهیدبوونی (محه‌مه‌د باقر حه‌کیم) کرد. 

بە ئامادەبوونی "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران کۆڕی ماتەمینی پازده‌یه‌مین یادی ساڵانەی شەهیدی عێراقی و ساڵیادی شەهیدبوونی (محه‌مه‌د باقر حه‌کیم) رۆژی هەینی رێکەوتی ٩/٣/٢٠١٨ لە حوسه‌ینییه‌ی ئه‌میرالمومنینی ناوچه‌ی ده‌وڵه‌ت ئاباد له ته‌نیشت شاری تاران بەڕێوه‌چوو.‌

له‌م کۆڕه‌دا دکتۆر (علی اکبر ولایتی ) راوێژکاری نێودەوڵەتی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، دکتۆر عه‌لائه‌الدین برووجێردی) سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوی په‌ڕله‌مانی ئێران و بەشێک لە گەورە لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران، (سه‌ید سادق حه‌کیم) کوڕی (سه‌ید محه‌مه‌د باقر حه‌کیم)، (راجح المووسوی) باڵیۆزی عێراق لە تاران و هەروەها نوێنەری رێکخراو و پارتە سیاسییەکانی عێراق لە تاران تیایدا به‌شداربوون. 

لە کۆڕەکەدا باس لە به‌هێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق کرا و بەرز نرخێندرا و باس لە سەروەری شەهیدانی عێراق و پێشمەرگەی کوردستان کرا.

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە كۆماری ئیسلامی ئێران رایدەگەیەنێت سەردانی پارێزگاری هەولێر بۆ پارێزگای ئورمیە بەمەبەستی چالاككردنەوەی پەیوەندییەكانیانە و دەڵێت "یان بەشێك بێت لەو سیاسەتەی كە حكومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان بیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئاساییتر بكەن".
 
لەم هەفتەیەدا نەوزاد هاودی، پارێزگاری هەولێر و شاندێكی یاوەری سەردانی پارێزگای ئورمیەیان لە كۆماری ئیسلامی ئێران كرد، نازم دەبباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران بە وێستگە نیوزی راگەیاند، ئەو سەردانە گەڕانەوەیە بۆ باشتركردنەوەی ئەو پەیوەندییانەی كە كاتی خۆی پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگای ئورمیە هەیبوو بۆ چالاككردنەوەی بوارەكانی ئابووری.
 
دەربارەی ئەوەی بۆچی لەو سەردانە تەنها پارێزگاری هەولێر هاتووە، لە كاتێكدا سلێمانی و هەولێریش پارێزگاریان هەیە، دەبباغ وتی "پەیوەندی بە چالاكی پارێزگاكان خۆیان هەیە، هەروەها بەهۆی ئەوەی مەرزی هاوبەشیان هەیە، پاشان پارێزگارەكان چەند هەوڵ دەدەن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران نوێ بكەنەوە".
 
ناوبراو وتیشی "یاخود ئەوەش بەشێك بێت لەو سیاسەتەی كە حكومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان بیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئاساییتر بكەن".
 
ئەو سەردانەی پارێزگاری هەولێر لە كاتێكدایە ماوەیەك لەمەوبەر شاندی حكومەتی هەرێمیش بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی ئێرانییان كرد، دەوترێت پارتی دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی بكاتەوە.
 

 

نوێنەری حكومەتی هەرێم وتی "بەدڵنیاییەوە پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێم لە دوای ریفراندۆمەوە لە هەوڵێكی جددییدا بوون بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران ئاسایی بكەنەوە".

 

پەڕەى 84 لەکۆى 208 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی