پێشبێنی محەمەد خاتەمی سەبارەت بە جەلال تاڵەبانی
"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران، لە گۆڤاری مانگانەی "نەسیم بێداری" ژمارەی تایبەتی نەورۆز، وتارێکی بە ناونیشانی "پێشبێنی خاتەمی" نووسیوە کە دەقی ئەم بیرەوەرییە لە خوارەوە دەخوێننتەوە:
لەو چەند ساڵەی کە من لە ئێران بە شێوەی جیاواز و لە ڕۆڵە جۆراوجۆرەکاندا، چ وەکوو نوێنەری بەڕێز تاڵەبانی، چ نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و چ نوێنەری هەرێمی کوردستان، ڕووداوی زۆرم بۆ هاتۆتە پێشێی کە هەر کامیان بیرەوەرییەکە کە حەتمەن گێڕانەوەی تامووچێژی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام یەکێک لە ڕووداوەکان کە لەم سەردەمەدا هاتەپێشێ و بۆ من سرنجڕاکێش بوو و تەنانەت تا ئەمڕۆش لە بیرمدا ماوەتەوە بۆ سەردەمی سەرۆک کۆماری بەڕێز سەید محەمەد خاتەمی دەگەڕێتەوە. لەو کاتەدا کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو کە بەڕێز خاتەمی و بەڕێز تاڵەبانی تیایدا ئامادەبوون. لەم کۆبوونەوەیەدا منیش وەکوو نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڕێز جەلال تاڵەبانیم هاوڕێیەتی دەکرد. هەڵبەت مێژووە ڕێکەکەیم لەبیر نییە، بەڵام لە مانگە سەرەتاییەکانی سەرۆک کۆماری بەڕێز خاتەمیدا بوو و لە لایەکی دیکەشەوە بەڕێز تاڵەبانی هێشتا نەببوونە سەرۆک کۆماری عێراق و وەکوو سەرۆکی حیزبی کوردستانی عێراق سەردانی ئێرانی کردبوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا دوای وتووێژە فراوانەکان، بەڕێز خاتەمی گوتی من بۆ بەڕێز تاڵەبانی دۆعا دەکەم کە ئینشائەڵڵا ببنە سەرۆک کۆماری عێراق و لە دیداری داهاتوودا لەم پلە و پایەدا بەڕێزیان ببینم. لەم کاتەی ئێستادا نازانم کە بەڕێز خاتەمی ئەم مەسەلەیەی پێشبینی کردبوو، یا ویستی دڵی بوو و ئەم ویستە وەکەرەم کەوت‘؛ کە دوای ماوەیەک و پاش ئەوەی کە ڕووداوە جۆراوجۆرەکان لە عێراقدا هاتنە پێشێ، بەڕێز تاڵەبانی بوونە سەرۆک کۆماری عێراق. دوای کۆتایی هاتنی دوو خولی سەرۆک کۆماری بەڕێز خاتەمی، بەڕێز تاڵەبانی ئەمجارە وەکوو سەرۆک کۆمار سەردانی تارانی کرد و لە کۆشکی سەعدئاباد دیدارێکیان لەگەڵ بەڕێز خاتەمی کرد. لەم بەرنامەیەشدا، من ئامادەبوون و دوای وتووێژ و خواردنی نانی نێوەڕۆ، بەڕێز تاڵەبانی ڕوویکردە بەڕێز خاتەمی و گوتی: ئاغای خاتەمی، دۆعایەکی دیکە لە حەقی مندا بکە تا بزانین چی دەبێت.
بەڕێز خاتەمی گوتی: "دۆعایەک بەس بوو، هەر ئەوەی کە ئێوە بوونە سەرۆک کۆماری عێراق و بەو پلە و پایەوە سەردانی ئێرانتان کردووە کە ئێمە ئێوەمان زیارەت کرد، زۆر باشە".
گۆڤاری مانگانەی نەسیم بێداری، تایبەتی نەورۆز، ساڵی پێنجەم، ژمارە 45 و 46، نەورۆزی 1393ی هەتاوی، لاپەڕەی 63.
نازم دەباغ لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی دنیای ئیقتساد: لە چاوەڕوانی ئەوەداین کە ئابڵۆقە ئابوورییەکان بە تەواوی لەسەر ئێران لابچێت
دونیای ئیقتساد: حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران لە دێرزەمانەوە پەیوەندیی سیاسی، کەلتووری و کۆمەڵایەتی باشیان لەگەڵ یەکتری هەبووە کە ئەم پەیوەندییانە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن ڕووی لە زیادبوون کردووە. هەرێمی کوردستانی عێراق ئاسایشی زیاتری لە بەراورد لەگەڵ وڵاتی عێراق هەیە و ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا ئێرانییەکان لەم ناوچەیە سەرقاڵی چالاکی ئابوورین.ئێران دوو سەرکونسوولی بە ناوەکانی هەولێر و سلێمانی لەم ناوچەیە هەیە و بەلابردنی ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی کە لەسەر ڕێگادان پێداگریدەکات، تاکوو پەیوەندیی نێوان دوو لایەن بەربڵاوتر بێت، پەرە بستێنێت و بەهێزتر لە هەمیشە ئەم پەیوەندییانە رێنوێنی بکات. نازم عومەر دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەم وتووێژەدا ئاماژە بە کۆسپ و ئاستەنگەکانی ئەم ڕێگایەدا دەکات و رێگەچارە و پێشنیارە گرینگ و بەرچاوەکانی دەخاتوو ڕوو.
بەڕێز دەباغ، ئەرکی سەرەکی ئیوە لە وڵاتی ئێران چییە؟
من نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێرانم. ئەرکی ئێمە هاوئاهەنگی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ کوردستانی عێراقە. ئەم هاوئاهەنگییە لە هەموو بوارەکاندا، لەوانە: لایەنەکانی سیاسی، کەلتووری، ئابووری و ... لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراقدایە.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە نیسبەت وڵاتانی دیکە، نزیکایەتیی زیاتری لەگەڵ کوردستان و عێراق هەیە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە وڵاتی تورکیا لە لایەنی ئابوورییەوە لە پێش ئێرانەوەیە. بەبڕوای ئێوە هۆی ئەم جیاوازییە چییە؟
بەبڕوای من نزیکایەتیی کەلتووری و ئایینی لە نێوان دوو وڵاتدا باشە و ئەم بابەتە پەیوەندییەکی بە ئاستی لایەنی ئابوورییەوە نییە. لە هەمان کاتیشدا، لە چالاکییە ئابوورییەکاندا جیاوازی لە نێوان تورکمان و فارس و عێراقیدا نییە. ئەم بابەتە پەیوەستە بە سیاسەتی وڵاتەکانەوە و پەیوەندیی بە ڕوانینی ئەوان بە ئابوورییە هەیە. بابەتی یەکەم پەیوەستە بە ئابڵۆقەی ئێران و سیاسەتەکان و پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی دیکەوە و هەروەها گرفتەکانی بانکیی کە لە رێگرە سەرەکییەکان دێنە ئەژمار. بابەتی دووەم پەیوەستە بە سیاسەتەکانی وڵاتی ئێران لە پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لایەنی تەرکیزەکەی لەم پەیوەندییەدا کە جیاوازی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا هەیە. ئێران لە لایەنی ئەمنییەتییەوە بە مەسەلەکاندا دەڕوانێت، بە ڕادەیەک کە پارێزگارانی ئێرانی لە سنووری کوردستان بە جیاتی تەرکیزی زیاتر لە پێکهێنانی پیشە بۆ خەڵکی ناوچەکە، لەسەر پێکهێنانی ئەمنییەت لە ناوچەکەدا پێگری دەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە تورکیا بە پێچەوانەی ئێرانە. تورکیا زیاتر ڕوانینی ئابووری هەیە و پێی وشوێنی بەهێزکردنی چالاکییەکانی ئابووری وڵاتەکەیەتی لە کوردستاندا. ئەوان ئەم بابەتە بۆ پێکهێنانی ئەمنییەت لە وڵاتی خۆیان بە پێویست دەزانن. هەڵبەت مەبەستم لە سیاسیەتی ئێران، سیاسەتی پارێزگاکانە، نە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە نیسبەت کوردستان و وڵاتی عێراق.
لە داموودەزگاکانی ئابووری کۆماری ئیسلامی ئێراندا پێویستی بە بنکەی هاوبەشی ئابووری نێوان ئێران و عێراق بوونی هەیە کە دوای ڕووخانی سەدام دامەزرا و ئێمە وەکوو نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران، پێی وشوێنی کارەکانی ڕۆژانە و پارێزگایی دەکەین. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەرکەکانی ئێمە دەبێت مەسەلە گەورەکانی نێوان کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەخۆبگرێت. بۆ نموونە، کاتێک کە چالاکی ئەم نووسینگەیە دەستی پێکرد، لە ساڵی 2001ـ 2000، سەد میلیۆن دۆلار لە ساڵێکدا چالاکیمان نەبوو. بەڵام ئێستا چالاکییەکانی ئابووری لە 13 میلیارد دۆلار نزیک بۆتەوە. تەنیا جیاوازیی ئەوەیە کە چالاکییەکانی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە پێناو ئیستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا نییە، بەڵکوو زۆربەیان سیستەمی پیلەوەرییە. بۆ نموونە لەو ساڵانەی کە ئاماژەم پێکرد، لە سلێمانی ئەنجوومەنی کۆمپانیا ئێرانییەکانمان هەبوو کە لەم ناوچەیەدا نزیکەی 400 کۆمپانیای ئێرانی چالاکیان دەکرد. بە هۆی جۆراوجۆرەوە بەداخەوە کۆمپانیاکان بەجیاتی ئەوەی کە ژمارەیان زیاتر بکرێت، کەمبوونەوە و تا نزیکەی 20 کۆمپانیا دابەزی. بەڵام تورکەکان کە لە پێشوودا نزێکەی 80 کۆمپانیایان هەبوو، ئەمڕۆکە بە هۆی چەلاکی ئابووریی بەربڵاو و سیاسەتە تیجاری و بازرگانییەکانەوە، زیاتر لە 1200 کۆمپانیای چالاکی لە کوردستانی عێراق هەیە. نابێت ئەوە لەبیربکەین کە بە درێژایی مێژوو پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کوردستان لەگەڵ خەڵکی عێراق بەگشتیی پەیوەندییەکی باش بووە و هاوکارییەکی زۆیان پێکەوە بووە کە دەبێت گەشەی پێبدەین. بابەتێکی دیکە، مەسەلەی هەڵسووکەوتی ئێرانییەکان لە سەر سنوورە. هەر وەکوو ئاماژەم پێکرد، ئەمڕۆکە هاوکاری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بوونی هەیە، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە کەسێکی عێراقی یا کورد، لە فڕۆکەخانەی تورکیا ڤیزا وەردەگرێت و دەچێتە ناو تورکیاوە بەڵام لە ئێران سیستەم بە شێوازێکی دیکەیە.
مەبەستتان ئەوەیە کە ئەم دەرفەتە ناڕەخسێت کە کەسێک لە کوردستان و عێراق بەم شێوەیە بێتە ناو ئێرانەوە.
بەڵێی، ئەو ئیمکانە لە ئێران پێکنەهاتووە و خەڵکان دەبێت بڕۆن لە یەکێک لە کۆنسوولگەرییەکانی ئێران لە کوردستان ڤیزا وەربگرن. هەڵبەت مەرجەکان بە نیسبەتی پێشوو هاسانتر بۆتەوە، بەڵام پێشوازی لە سنووری تورکیا و ئێران جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ یەکتری هەیە. ئێمە هیوادارین هاتووچۆ لە سنووری ئێران لە 24 کاتژمێردا بەردەوام بێت. بەڵام باروودۆخ لە هەرێمی کوردستانی عێراق و سنووری ئێران جیاوازی هەیە و بۆ هاتووچۆ گونجاوە. دەروازە سنوورییەکان لە 24 کاتژمێردا کاردەکەن، واتە لە دوو شیفتی 12 کاتژمێریدا. سێ دەروازەی سنووریش بۆ ڕۆژی مەبادا و دەرفەتێکیش بۆ چاوەڕوانی دابینکراوە. بەداخەوە سنووری ئێران تەنیا دوو دەروازەی هەیە و بە پێی ئەوەی کە ڕۆژانە لە نێوان 3 تا 6 هەزار کەس وەکوو موسافیر هاتووچۆ دەکەن، یەک کەناڵی هاتن و کەناڵێکیش بۆ ڕۆیشتن دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی هاتووچۆ. مەسەلەکەی دیکە پشکنینە و ڕەوتی پشکنینی جانتای گەشتیارەکانە کە بە تەکنەلۆژیا نوێیەکان جێبەجێی ناکرێت. ئەگەر موسافیرەکان هاتووچۆکەیان بەپێی پێویست نەبێت سەفەر ناکەن. دەبێت بزانین نیسبەتی بازرگانان یا سەرمایەدارانی ئێمە لە بەراورد لەگەڵ گەشتیارەکان شایەد سەتا دەش نەبێت و هۆی ئەوەی کە کاری پیلەوەری بکەن، ئەو مەسەلەیەیە کە ئاماژەم پێکرد.
سرنجی ئەوە بدەن کە ئاسانکاری لە دانی ڤیزای مانەوە و ئەوەی کە کەسانێک بتوانن لەم وڵاتە نووسینگە بکەنەوە، ژمارەی بانکی و مۆڵەتی مانەوەی کاریان هەبێتیش خاڵێکی سەرەکییە کە دێتە ئەژمار. لەڕاستیدا ئەم باروودۆخە تا ئێستا بەو شێوەیەی کە دەبێت بواری بۆ نەڕەخساوە. لەو کاتەی ئێستادا تەنیا سیستەمی پیلەوەرییە یانی کڕین و فرۆشتن لە ڕێگای بازارچە سنووریەکانەوە جێبەجێی دەکرێت نە لە ڕێگای پێکهاتنی کۆمپانیا گەورەکان.
ئەمڕۆ باروودۆخی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە عێراقیدا چۆنە؟
ساڵی پار ئاغای سەعیدلوو بۆ یەکەمین جار وەکوو جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە چوارچێوەی هەیئەتی دەوڵەت سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەوێی سیمینار و کۆنفڕانسیان سازکرد و بۆ یەکەمین جار توانیمان ئەم مەسەلەیە بخەینە بەر باس. بەداخەوە کۆمپانیا ئێرانییەکان لە ڕابردوودا کەرەکانیان دەرئەنجامی پۆزێتیڤی لە حکوومەتی هەرێمدا نەبووە.
هەڵبەت دەبێت بڵێیم ئەگەر دوو کۆمپانیا بوونی هەبێت یەکیان ئێرانی و ئەویدیکەشیان تورک، ئێمە کۆمپانیا ئێرانییەکە هەڵدەبژێرین. چەندین کۆمپانیا لە کوردستان هاتوونەتە ناو کارەوە، لەوانە: کۆمپانیاکانی ئستاتووس، کیسۆن، عمراب و چەندین کۆمپانیای دیکە. ئەم کۆمپانیا ئێرانیانە ئەمساڵ نزیکەی یەک میلیارد دۆلار لە هەرێمی کوردستاندا کاریان کردووە.
بە لەبەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی ئاغای ڕووحانی لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە و هاتنە سەر کاری دەوڵەتیی مشوور و هێوا، داهاتوو چۆن دەبینن؟
من بە گشتیی گەشبینم. ئەو مەسەلانەی کە لە ڕابردوودا بووە تا ڕادەیەک چارەسەرکراوە. سیاسەتەکانی دەوڵەتی نوێی ئێران بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق داهاتووی چالاکییەکانی ئابووری بە گەشبینی زیاترەوە ببینن. یەکەم‘؛ ئابڵۆقەکان ڕاوەستێت و هیوادارین بە تەواویی لابردرێت و کەشووهەوای چالاکییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بە نیسبەت وڵاتانی دیکەوە زیاتر بکرێت.
ڕۆڵی بنکەی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق لە ئێران چۆن هەڵدەسەنگێینن؟
بە بڕوای من ڕۆڵی بنکەی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق پۆزێتیڤ هەڵدەسەنگێنم. هەم لە سەردەمی ئاغای دانایی فەر و هەمیش لە سەردەمی ئاغای کازمی قومی، توانیمان گەشە بە چالاکییەکانمان بدەین.
ئەگەر وتەیەکی تایبەتتان هەیە بفەرموون.
لە دوایین وتەمدا تەرکیز دەخەمە سەر بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەنییەکانی ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان. لەڕاستیدا ئێمە و کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت لە زیاترکردن و بەرەوپێشبردنی چالاکییەکانی سنووری، لە پێناو پێشوازیی خەڵکی و پێشوازیی بازرگانەکان هەوڵبدەین و باروودۆخەکە بگۆڕین. بە جۆرێک کە خەڵکی متمانەی زیاتریان بە هاتووچۆکان هەبێت و هەست بکەن بۆ ولاتی خۆیان گەڕاونەتەوە. هەر وەکوو ئاگادارن لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە کوردەکانی هەرێم لە ئێران زەماوەندیان کردووە و پەیوەندیی خزمایەتییان لەگەڵ ئێرانییەکاندا هەیە کە ئەوە نیشاندەری وێکچوونە کەلتووریی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەهێزەکانە کە لە نێوان دوو وڵاتدا لە ئارادایە.
رۆژنامەی دونیای ئیقتساد، ژمارە 3150، دووشەمە 12ی ڕەشەمەی 1392
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لە شاندێكی پەیمانگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریكی كرد
ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە ئامادەبوونی خاتوو سهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لە شاندێكی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمریكا بە سەرۆكایەتی باڵیۆز د. وێندی چامبرلین سەرۆكی پەیمانگاكە كرد.
شاندی ناوبراو وێڕای دەڕبڕینی خۆشحاڵیان بۆ سەردانی هەرێم، تیشكیان خستەسەر دیدارو كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە دیدارێكی بەرهەم هێنیان وەسف كرد. د. وێندی گوتی باسەكانی سەرۆكی هەرێم شیكردنەوەو وەڵام بوو بۆ زۆرێك لەو پرسیارانەی كە دەربارەی دوا پەرەسەندنەكانی كوردستان و عێراق و هەروەها دەربارەی تەواوی ناوچەكە دەكران. هاوكات باسی لە چالاكیەكانی كۆنفڕانسی ساڵانەی پەیمانگاكەیان كرد كە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو لە هەولێر بەڕێوەچوو. بۆ ئەم مەبەستە سوپاسی خۆی پێشكەشی هەموو ئەو لایەن و دامەزراوانەكرد كە لە سەرخستنی ئەم كارەدا هاوكاریان بوون.
لای خۆیەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە خۆشحاڵی بۆ سەردانی شاندەكە بۆ هەرێم دەربڕی. پاشان تیشكی خستەسەر هەڵبژاردنەكان كە بڕیارە لە 30ی نیسانی ئەم ساڵ لە هەرێم و عێراق بەڕێوە بچێت. هەروەها باسی لە گرینگی ناردنی زۆرترین چاودێری نێودەوڵەتی بۆ عێراق كرد بە مەبەستی باش بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنانە. هاوكات وێڕای تیشك خستنەسەر دۆخی سەقامگیری ئاسایش و پێشكەوتنەكان لە هەرێم، هیوای خواست ئەم هەڵبژاردنانە پارمەتیدەر بێت بۆ دەستبەركردنی سەقامگیری و ئاسایش لە تەواوی عێراق و هەروەها ببێتە هۆكارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.
فەلاح مستەفا زیاتر گووتی دەبوایە تائێستا بەپێی دەستور یاسای نەوت و غازو مادەی 140 لە دەستورو پێگەی پێشمەرگە یەكلایی بكرایەتەوە، بەڵام تائێٍستا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە ئەمانەش سەرەڕای بوونی كێشەمان لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە هاوبەشی كاركردن لە دەسەڵاتدا. گووتیشی هەرچەندە هەرێمی كوردستان بەپێی دەستووری عێراق دامەزراووەو هەر لەسەر ئەم بنەمایە پیادەی مافەكانی دەكات، بەڵام حكومەتی فیدڕاڵی عێراق دەیەوێت وەك پارێزگایەك مامەڵەی لەگەڵدا بكات،
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە ڕۆڵی چالاكانەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان لە بونیادنانەوەی عێراق دوای پرۆسەی ئازادی لە ساڵی 2003 بۆ شاندی میوان روونكردەوەو گووتی ئێمە هەوڵ و قوربانی زۆرماندا بۆ دەستەبەری ئاسایش لە عێراق. بەڵام بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ ئەو قوربانی دانە كرا تا ئەو رادەیەی كێشەكان هەموویان چەقیان بەستووە. بۆیە حكومەتی هەرێم بەڕوونی رای گەیاندووە لە پەیڕەوكردنی مافە دەستووریەكانیدا بۆ دواوە ناگەڕێتەوەو بەردەوامیش جەخت لەسەر لێك تێگەیشتن و گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكاتەوە.
سەبارەت بە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێكخستنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، فەلاح مستەفا بۆ شاندی میوانی روونكردەوە حكومەتی هەرێم كاردەكات بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ تەواوی وڵاتانی جیهان و هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشدا هەر لەسەر ئەم بنەمایە دەست وەرناداتە كاروباری ناوخۆییەكان و رێز لە ئیرادەی گەلانی ئەو وڵاتانە دەگرێت.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكە تیشك خرایە سەر قەیرانی سووریاو باس لەكاریگەریەكانی ئەم قەیرانە لەڕووی مرۆییەوە لەسەر هەرێمی كوردستان كرا، بەتایبەتی لەڕووی هاتنی بەردەوامی ئاوارەكانی ئەو وڵاتە بۆ هەرێم. بەپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە وێرای سوپاسگوزاری بۆ ئەو هاوكاریانەی كە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان پێشكەش بەم ئاوارانە كراون، هاوكات هیوای خواست كە زیاتر هانی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بدرێت بۆ یارمەتی دانی ئەم ئاوارانەو بۆ كەمكردنەوەی كێشەو گرفتەكانیان.
سێ شەممە, 01 نیسان 2014
شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی هەنگاریا سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەیان كرد
ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی كرد لە پیتەر وینتەرمانتێل جێگری وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی هەنگاریا كە بە یاوەری تیبۆر زاتماری باڵیۆزی هەنگاریا لە بەغدا و گیزا میهایی بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكوری ئەفریقا لەوەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی فەرمانگەیان كرد.
لە دیدارەكەدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە و سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادە بوون، پیتەر وینتەرمانتێل خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كە یەكەم جارە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و گووتیشی ئێمە خۆشحاڵین و شانازی دەكەین بەوەی كە هاوبەشین لە چیرۆكی سەركەوتنی هەرێمی كوردستان لە رووی بونیادنان و پێشكەوتنی ئابووری.
هەروەها تیشكی خستەسەر سەردانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەماوەی رابردوو بۆ هەنگاریاو بە سەردانێكی میژوویی سەركەوتوو و گرینگی وەسف كرد. هاوكات خواست و ئارەزووی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی و رایگەیاند لە ماوەیەكی نزیكدا كونسوڵگەری گشتی هەنگاریا لە هەولێر دەكەنەوە. هەروەها گووتی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم لە ئەوروپا دەنگدانەوەی باشی هەیە و كوردستان وەكو پەناگە و دورگەیەكی ئارام لە ناوچەیەكی ناسەقامگیر و پر كێشە دەناسرێت كە جێگای بایەخی ئێمەیە.
لای خۆیەوە فەلاح مستەفا وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانیان بۆ هەرێم هاوكات ستایشی وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی هەنگاریای لە بەغدا كرد بۆ بڕیاری كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی وڵاتەكەیان لە هەرێم و گووتیشی حكومەتی هەرێم پێشوازی لە خواستی هەنگاریا دەكات و جەختیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندیەكان لەگەڵ ئەو وڵاتە كردەوە.
گووتیشی ئێمە بە گرنگیەوە لە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ هەنگاریا دەڕوانین و هاوكات دەمانەوێت پەیوەندیەكانمان فراوانتر بكرێن و درێژخایەن بن كە سوودی بۆ هەردوولا هەبێت. هەروەها گووتی بە دڵنیایەوە بواری زۆر هەیە بۆ هەماهەنگی و دەمانەوێت سوود لە ئەزموون و شارەزایی وڵاتی هەنگاریا وەربگرین لە بواری پەروەردە و شوێنەوار و بازرگانی و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار.
پاشان هەردوولا گفتوگۆیان سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئابووری ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق كردو تیشك خرایەسەر پرس و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. هەروەها قەیرانی سوریاو كاریگەریەكانی لەڕووی مرۆییەوە لەسەر هەرێم و كێشەو گرفتی ئاوارەكانی سوریا بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان بوون. هاوكات باس لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەتی هەرێم كرا.
لە كۆتایی دیدارەكەشدا هەردوولا جەختیان كردەوە لە داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەش بۆ زیاتر بەرەوپێش بردن و فراوانكردنی هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان هەرێمی كوردستان و هەنگاریا.
سێ شەممە, 01 نیسان 2014
نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له ئهردۆغان دهكات
به بۆنهى سهركهوتنى ههڵبژاردنى شارهوانییهكانى توركیا و بهدهستهێنانى پلهى یهكهم له لایهن ئاك پارتییهوه، ئێوارهى ئهمڕۆ دووشهممه 31ى ئازارى 2014 نێچیرڤان بارزانى سهرۆك وهزیرانى ههرێمى كوردستان، له پهیوهندییهكى تهلهفۆنیدا لهگهڵ ڕهجهب تهییب ئهردۆغان ـ ى سهرۆك وهزیرانى توركیا، پیرۆزبایى سهركهوتنى له خۆى و گهلانى توركیا كرد و هیواى خواست كه به سهركهوتنى ئاك پارتى، توركیا ههنگاوى گهورهتر له گهشهسهندنى ئابوورى و سیاسى و دیموكراسیدا بنێت و پرۆسهى چارهسهركردنى ئاشتیانهى پرسى كورد له توركیا بگاته ئهنجام، تا چارهسهرێكى ههمیشهیى بۆ پرسى كورد لهگهڵ خۆیدا بهێنێت.
دوو شەممە, 31 ئازار 2014
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەگەڵ باڵیۆزی عێراق و نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا بەجیا كۆبووەوە
لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ لوقمان فەیلی باڵیۆزی عێراق لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆبووەوە.
لە دیدارەكە بارودۆخی ئێستای عێراق و ناسەقامگیریەكانی ئەم دواییەی خۆرئاوای عێراق باسایان لێوەكرا. بۆ ئەم مەبەستەش جەختیان لەسەر دەستەبەری ئاسایش و هەروەها باشتر كردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق بەگشتی كردەوە. هاوكات باسیان لە پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان كرد كە بڕیارە لە كۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵ لە عێراق ئەنجام بدرێت. لەم رووە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیداو جەخت لەسەر سەرخستنی ئەم پرۆسە دیموكراسیە كرایەوە.
هەر لە دیدارەكەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی و هەمانگی نێوان باڵیۆزخانەی عێراق و نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا كردەوە كە سوودو بەرژەوەندی هەردوولادا دەبێت. هاوكات بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سوپاسی باڵیۆزی عێراقی لە ئەمریكا كرد بۆ هاوكاریەكانی و هەروەها بۆ ئەو هەوڵانەی كە لەماوەی رابردوو داویانە بۆ بە جینۆساید ناساندنی كیمیاباران و پرۆسەكانی ئەنفال لە لایەن كۆنگرێسی ئەمریكا.
لە لایەكی دیكەوە و هەر لە ماوەی ئەم سەردانەدا فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لەگەڵ كارمەندانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا كۆبووە.
لای خۆیەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە دەستخۆشی لەكارمەندانی نوێنەرایەتی كرد بۆ هەوڵەكانیان و بۆ ئەو كارانەی كە لەماوەی رابردوو ئەنجامیان داوە بۆ بەهێزكردنی پێگەیان و هەروەها بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئەمریكا. هاوكات هیوای بەردەوامی و سەركەوتنی بۆ خواستن لە كارەكانیانداو گووتیشی كە پێویستە بایەخی تەواو بە رەوەندی كوردستانی لە ئەمریكا بدەن و لەم رووەشەوە تەواوی هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانیان و هەروەها بۆ هاوكاری كردنیان.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سوپاسی كارمەندانی نوێنەرایەتی كرد بۆ رێكخستنی بەرنامەی كارو دیدارەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریكا و هەروەها لەگەڵ سیناتۆرو كۆنگرێسمانە ئەمریكیەكان و دامەزراوە هزری و بازرگانیەكانی ئەو وڵاتە، هاوكات داوای لێ كردن بەدواداچوون بۆ ئەنجامەكانی ئەو كۆبووەنەوەو دیدارانە بكەن و لە هەوڵ و كارەكانیان بەردەوام بن بۆ خزمەتی گەلی كوردستان، ئەویش بەپێی ئەولویەتی سیاسەتی كاری حكومەتی هەرێمی كوردستان.
دوو شەممە, 31 ئازار 2014
كونسوڵی تازەی پۆڵۆنیا لە هەرێم دەستبەكاربوو
ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە ئامادەبوونی خاتوو سهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازیان كرد لە بۆگسلاو ئۆچدێك كونسوڵی نوێی پۆڵۆنیا لە هەرێم و رۆمان جێرزی كونسوڵی پێشووی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان.
فەلاح مستەفا بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە كونسوڵی تازەی پۆڵۆنیا كرد بە بۆنەی دەست بەكاربوونی وەك نوێنەری وڵاتەكەی لە هەرێم، هاوكات ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ هاوكاری و پشتیوانی كردنیان لەسەرخستنی كارەكانیان لە هەرێم و هەروەها بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پۆڵۆنیا.
لای خۆیەوە كونسوڵی تازەی پۆڵۆنیا وێڕای سوپاسگوزاریان بۆ پێشوازی و پشتیوانی كردنیان، خۆشحاڵی خۆی بۆ دەست بەكاربوونی وەك كونسوڵی نوێی پۆڵۆنیا لە هەرێم دەربڕی و گووتیشی هەوڵ دەدات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان وڵاتەكەیی و هەرێمی كوردستان.
هاوكات كونسوڵی پێشووی پۆڵۆنیا لە هەرێم سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كرد بۆ پشتیوانی و هاوكاری كردنی نوێنەرایەتیەكەیان لەماوەی رابردوو، هەروەها هیوای خواست كونسوڵی نوێی وڵاتەكەی بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێم. لای خۆشیەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت سوپاسی كونسوڵی پێشوی ئەو وڵاتەی لە هەرێم كرد بۆ كارو هەوڵەكانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا، هیواشی خواست كونسوڵی نوێ بتوانێت پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پۆڵۆنیا زیاتر بەرەوپێش ببات لەبوارەكانی سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری.
هەر لە دیدارەكەدا گفتوگۆ كرا دەربارەی داڕشتنی پلانی هاوكاری بۆ ئایندە و بۆ هەماهەنگی كردن و هەروەها بۆ پەیوەندی درێژخایەن كە بۆ سوودو بەرژەوەندی هەردوولا بێت لە بوارە جیاجیاكان، كە ئەمەش لەڕێگەی نوێنەرایەتی پۆڵۆنیا لە هەرێم و هەروەها نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا ئەنجام دەدرێت. هەر لەم رووەوە جەخت كرایەوە لەسەر فراوانكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا لە ئاستە جیاجیاكانی وەك زانكۆو ژوورە بازرگانیەكان و شارەكان و بوارەكانی دیكە.
یەک شەممە, 30 ئازار 2014
فەلاح مستەفا لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق كۆبووەوە
ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە ئامادەبوونی خاتوو سهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەگەڵ ماسیمۆ ماڕۆتی باڵیۆزی ئیتاَلیا لە عێراق و كارمێلۆ فیكارا كونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەولێر كۆبووەوە.
لە دیدارەكەدا باس لە پەیوەندیە دووقۆڵیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا كرا، هاوكات تیشك خرایەسەر ئاسۆی پەیوەندیەكان و بەرەوپێش بردنیان لە بوارە جیاجیاكاندا كە لە سوودو بەرژەوەندی هەردوولادا بێت. لای خۆیەوە باڵیۆز خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و وڵاتەكەی دەربڕی، هاوكات هیواشی خواست كە ئەو پەیوەندیانە لەماوەی داهاتوو پێشكەوتنی زیاتر لەبوارە جیاجیاكاندا بەخۆیەوە ببینێت.
هەر لەم لایەنەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سوپاسی كۆمپانیا ئیتاڵیەكانی كرد بۆ بەشداری كردنیان لە پرۆسەی ئاوادەنكردنەوەی كوردستان و هیواشی خواست كە لە كارەكانیان بەردەوام بن بۆ زیاتر بەرەوپێش بردنی كوردستان. ئەمەش وێڕای داواكاریان بۆ هاندانی كۆمپانیا ئیتاڵیەكانی دیكە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.
پاشان باسی رەوشی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كرا. هاوكات پەیوەندیەكانی نێوان هەولێرو بەغدا تاوتوێ كران و هەروەها تیشك خرایەسەر بارودۆخی ئەمنی رۆژئاوای عێراق و ئەو كاریگەریانەی كە توندوتیژیەكانی ئەو ناوچەیە بەتایبەتی لەڕووی مرۆییەوە لەسەر هەرێمی كوردستان دروستی كردووە.
هاوكات تیشك خرایەسەر هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لە عێراق، لەم رووەشەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە داوای كرد حكومەتی ئیتاَلیاو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوكاربن لەسەرخستنی ئەم هەڵبژاردنانەدا، بەتایبەتی لەڕووی ناردنی زۆرترین ژمارەی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ چاودێری كردنی پرۆسەی هەڵبژاردن. بۆ ئەم مەبەستە باڵیۆزی ئیتاڵیا جەختی كردەوە لە پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی كوردستان. گووتیشی حكومەتی ئیتاڵیا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی خوازیاری سەقامگیری و ئارامین لە عێراق و تەواوی ناوچەكەدا.
قەیرانی سوریاو دۆخی مرۆیی ئەو وڵاتە تەوەرێكی دیكەی باسەكان بوون. لای خۆیەوە فەلاح مستەفا تیشكی خستەر دۆخی ئاوارەكانی ئەو وڵاتە لە هەرێم و هەروەها باسی لە كاریگەریەكانی قەیرانی مرۆیی سوریا لەسەر هەرێم كرد. هاوكات سوپاسی حكومەتی ئیتاڵیای كرد بۆ پێشكەش كردنی یارمەتی بە ئاوارەكان و داوای كرد كە ئەو یارمەتی و هاوكاریانەی ئیتاڵیا بۆ ئاوەرەكان بەردەوام بێت. لەم رووەشەوە باڵیۆزی ئیتاڵیا جەختی كردەوە لەوەی كە حكومەتی وڵاتەكەی لە یارمەتیدانی ئاوارەكان لە هەرێم بەدرەوام دەبێت بەشێوەی دووقۆڵی یاخود لەڕێگەی ئاژانسە نێودەوڵەتیەكان.
- یەک شەممە, 30 ئازار 2014
لە ئەمەریكا فەلاح مستەفا بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراقی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە روونكردەوە
لە درێژەی دیدارو كۆبوونەوە جیاجیاكانی لەگەڵ چەند ئەندامێكی ئەنجومەنی پیران و هەروەها ئەنجومەنی نوێنەرایەنی ئەمەریكا بەجیا جیا، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراقی روونكردەوە.
فەلاح مستەفا پوختەیەكی دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان پێشكەش كردو تیشكی خستەسەر پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و بازرگانی. هاوكات باسی پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدای كردو روونی كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ رێكخستنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەغدا پشت بە بڕگەو مادە دەستووریەكان دەبەستێت، هاوكات گووتیشی هەرێمی كوردستان خوازیارە هەموو لایەك لە عێراق پابەندی دەستوورو یاساكان بن كە سوودی بۆ تەواوی گەلانی عێراق و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی ئەم گەلانە دەبێت. گووتیشی كە هەرێمی كوردستان لە پێشكەوتنەكانی بەردەوام دەبێت و بۆ دواوە ناگەڕێتەوە.
لەم رووەوە ئەندامانی هەردوو ئەنجومەن وێرای دەستخۆشیان بۆ پێشكەوتنەكانی هەرێم، پشتیوانی خۆیان بۆ پاراستنی سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتری هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە دۆخی سەقامگیرو ئارامی هەرێمی كوردستان بپاریزرێت.
سەبارەت بە لیستی پۆلینكردنی خانەی 3ی رێكخراوەكان لە یاسای كۆچ و رەگەزنامەی ئەمەریكا كە بابەتی سەرەكی دیدارو كۆبوونەوەكان بوون، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا كرد كار بكەن بۆ دەرهێنانی ناوی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو لیستەدا، ئەمەش بەپێی ئەو بنەمایەی كە ئەو دوو هێزە لەماوەی رابردوو رووبەڕووی رژێمی دیكتاتۆری لە عیرَاق بوونەتەوە و هاوكات خەبات و تێكۆشانیانەكانیان لەپێناوی دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان چین و توێژە جیاجیاكان بووە لە عێراقدا.
گووتیشی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لایەنی سەرەكی پرۆسەی ئازادی عێراق بوو لەساڵی 2003، ئەمەش وێڕای رۆڵ و خەباتی ئەو هێزانەو قوربانیەكانیان لە بونیاتنانەوە پاراستنی دامەزراوەكانی عێراق لە دوای پرۆسەی ئازادی تاوەكو ئێستا. هەربۆیە جەختی كردەوە لە پێویستی هەمواركردنەوە و گۆڕانكاری كردن لەو یاسایەدا و گوتی كە هەرێمی كوردستان خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیەكانیەتی لەگەڵ دامەزراوەو لایەنەكانی ئیدارەی ئەمەریكا.
لای خۆشیانەوە ئەندامە جیاجیاكانی هەردوو ئەنجومەن لە چەند كۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم نیگەرانی خۆیان لە بوونی ناوی پارتی و یەكێتی لەو لیستەدا خستەڕوو، هاوكات پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ لابردنی ناوی ئەو دوو پارتە لە لیستی پۆلینكردنی خانەی 3ی رێكخراوەكان لە ئەمەریكا دەبڕی.
هەر لە چوارچێوەی دیدارو كۆبوونەوە جیاجیاكانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا، فەلاح مستەفا هانی ئەندامانی ئەو ئەنجومەنانەیدا كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاوكاری و پاڵشتی هەرێمی كوردستان بكەن بە ئاڕاستەی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكانی ئەنفال و كیمیاباران كە لە لایەن رژێمی پێشووی عێراق دژ بەگەلی كوردستان ئەنجام دراون.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە هیوای خواست كە ئەندامانی ئەو دوو ئەنجومەنە هاوكاری پاڵپشتی هەرێمی كوردستان عێراق بكەن بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی دیموكراسی، بەتایبەتی كە ئێستا ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنێكی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەكرێت. لەم رووەشەوە داوای كرد كە هاوكاربن بۆ ناردنی زۆرترین چاودێری نێودەوڵەتی بۆ عێراق و بۆ بەپاكی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن كە بڕیارە لە 30ی نیسانی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
لە دیدارەكاندا بارودۆخ و قەیرانی سوریا و كاریگەریەكانی لەسەر ناوچەكە و بەتایبەتی لەسەر هەرێمی كوردستان لەڕووی مرۆییەوە روونكرایەوە. فەلاح مستەفا گووتی قەیرانی سوریا لەڕووی مرۆییەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر بارودۆخی هەرێم هەبووە، بەتایبەتی بەهۆی بەردەوامی شەپۆلی هاتنی ئاوارەكانی ئەو وڵاتە بۆ هەرێم بەهۆی توندوتیژیەكان لە سوریا. هەروەها داوای كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاری جدی تر بكات بۆ یارمەتی دانی ئەم ئاوارانە.
هاوكات باسی ئەو ئاوارانەی ناوخۆی عێراقیش كرا كە بەهۆی ناسەقامگیری و توندوتیژیەكانەوە لەناوچەكانی دیكەی عێراق روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، كە ئەمەش لەڕووی ئابووری و مرۆییەوە كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر هەرێم هەیە.
جێگەی باسە لە تەواوی دیدارو كۆبوونەوەكاندا پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنەی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیدارەی ئەمەریكا لە تەوەرە گرینگەكانی باسەكان بوون و هەردوولا لەسەر بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندیانە هاوڕابوون.
شایەنی ئاماژە بۆ كردنە كە ئەم دیدارو كۆبوونەوانە لەگەڵ هەریەك لە سیناتۆر جۆن مەكین، سیناتۆر بۆب مێندیز، سیناتۆر ساكسبی چامبلیس ، كۆنگرێسمان جۆرج هۆڵدینگ لە لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێس، كۆنگرێسمان مایك رۆجێرس سەرۆكی لیژنەی هەواڵگری لە كۆنگرێس، كۆنگرێسمان گرەیس مینگ لە لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێس، كۆنگرێسمان رۆن دیسانتیس، كۆنگرێسمان ئێد رۆیس، كۆنگرێسمان دانا روراباكر لە لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێس ، كۆنگرێسمان مایك كۆناوەی، كۆنگرێسمان تێد دویچ لە لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێس، كۆنگرێسمان ستیڤ كینگ لە لیژنەی دادوەری كۆنگرێس بە جیا ئەنجام درا.
لە واشنتۆن، فەلاح مستەفا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریكا كۆبووەوە
لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ ئەمەریكا، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریكا ئەنجامدا.
لە دیدارێكی لەگەڵ رۆبەرت مایلی بەڕێوەبەری پێشكەوتوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمەریكا فەلاح مستەفا هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی لەمەڕ بایەخی پەیوەندیە دووقۆڵیەكان و رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە خستەڕوو.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە بەڕێزیان كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی لەم پۆستە تازەیەو هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. هاوكات دووپاتی لە بایەخی پتەوكردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و ئەمەریكا كردەوە لەگەڵ گرینگیدان بە بوارە جیاجیاكان. هەروەها هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەمەڕ نەوت و پرسە هەڵواسراوەكانی دیكەی نێوان هەولێر و بەغدا خستەڕوو و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێ كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن.
هەر لە دیدارەكەدا باس لە پەرەسەندنە سیاسیەكانی عیراق و پرۆسەی هەڵبژاردن لە عیراق كرا كە بڕیارە كۆتایی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت، هەردوولا كۆك بوون كە دەبێ هەڵبژاردن لەكاتی خۆی و بە شێوەیەكی شەفاف ئەنجام بدرێت و رێز لە ئیرادەی گەلانی عیراق بگیرێت.
هەمان رۆژ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ خاتوو ئان ریچارد یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری نیشتەجێ و ئاوارە و كۆچبەران كۆبووەوە.
لەم دیدارەدا بەڕێزیان تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم و گووتی قەیرانی سوریا رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو خراپتر دەروات و كاردانەوەی خراپی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بە گشتی دروستكردووە.
هەروەها گووتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گوێرەی تواناو بە بەردەوامی هاوكاری پێشكەش بە ئاوارەكان كردووەو هەوڵی داوە كە بەشێكی زۆری پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكات، بەڵام پێداویستی ئەوان و زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكان بە بەردەوامی دەخوازێ كە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كۆمەك و هاوكاری زیاتر پێشكەش بە ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم بكەن.
خاتوو ئان ریچارد دەستخۆشی لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم كرد، پێشكەشكردنی یارمەتیەكانی هەرێمی بۆ ئاوارەكان بە گرینگ و پڕ بایەخ وەسف كرد.
هەروا گووتی ماوەیەك بەر لەئێستا لە میانەی سەردانەكەم بۆ هەرێمی كوردستان سەردانی كەمپی ئاوارەكانم كرد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاشنای بارودۆخ و گوزەران و داواكاری و پێداویستی ئاوارەكان بم، هاوكات لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دیدارو كۆبوونەوەم ئەنجامداو بە سەردانێكی سەركەوتووی وەسف كرد.
هەر لە چوارچێوەی دیدارو كۆبوونەوەكانی لە ئەمەریكا فەلاح مستەفا لەگەڵ بریت مەكگۆرك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبووەوە، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سوپاسی بەڕێزیانی كرد كە لە مەڕاسیمی ساڵیادی هەڵەبجە لە كۆنگرێسی ئەمەریكا بەشداری كرد، بەرَێزیان ئاماژەی بەوەدا مانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە نێو لیستی تیرۆر 3 بۆتە جێگەی نیگەرانی هەرێمی كوردستان و كاردانەوەی نیگەتیڤی هەیە لەسەر پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا. هاوكات داوای كرد ئیدارەی ئەمەریكا بە شێوەیەكی كارا گرنگی بە پەیوەندیە فرەلایەنەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بدات.
فەلاح مستەفا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بە دۆستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەزانێت و خۆشحالە بە پتەوكردنی پەیوەندیەكان لە بوارە جیاجیاكان.
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هاوكاری و پشتیوانی خۆی بۆ حكومەتی هەرێم دووپاتكردەوە و ئاماژەی بەوەدا بە جددی كاردەكەن بۆ زیاتر پتەوكردنی ئەو پەیوەندیانەو لەگەڵ هاوكارانی لە ئیدارەی ئەمەریكا و كۆنگرێس لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبن بۆ سڕینەوەی ناوی هەردوو پارتی سەرەكی هەرێمی كوردستان لە لیستی تیرۆری پلە سێ.
هەر لەم دیدارەدا باسیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و هەردوولا هیوایان خواست ئەم پرۆسەیە ببێتە نموونەیەكی سەركەوتووی دیموكراسی لە عیراق و هاوكات تیشكیان خستە سەر هەڵوێستی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و كە نابێ كارگەری هیچ لایەنێكیان لەسەربێت.
هەر لە دیدارەكەدا باس لە چەند پرسێكی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكەو پەیوەندیەكانی هەولێرو بەغدا و پرسی نەوت كرا، لەم رووەوە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هەڵوێستی سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی بەرز نرخاند كە هەمیشە هەوڵی داوە لە رێگەی دیالۆگ پرسەكان چارەسەر بكرێت.