فەلاح مستەفا پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عیراق كرد

ئەمڕۆ دووشەممە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لەیۆرگن لیندسترۆم باڵیۆزی سوید لە عیراق و خاتوو جیسیكا سڤارت جێگری باڵیۆز و بەرپرسی نوسینگەی باڵیۆزخانە لە هەولێر كرد.

لە دیدارێكدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەی بوو، باس لە رەوشی ئەمڕۆ و ی هەرێمی كوردستان بارودۆخی عیراق و ناوچەكەو پەیوەندی و پرسەكانی نێوان هەولێرو بەغدا كرا. هاوكات هەردوولا باسیان لە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی سوید و میكانیزمی زیاتر پێشخستنی پەیوەندیە دووقۆڵیەكان كرد.

باڵیۆزی سوید لە عیراق خۆشحاڵی خۆی بە ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا نیشانداو ستایشی تێڕوانینی حكومەتی هەرێمی كرد لە رووی بایەخدان بە پێشخستن و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكان، هاوكات ویستی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ بەشداربوون لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێم و پتەوكردنی پەیوەندی ئابووری و دامەزراوەیی.

خۆشحاڵی خۆیشی بەوە نیشاندا كە كۆمپانیا تایبەتمەندەكانی بواری تەندروستی سوید بوونیان لە هەرێمی كوردستان هەیە و پرۆژەی گرنگی تیادا جێبەجێ دەكەن .

هاوكات ئەوەی نیشاندا ژمارەیەكی رەوەندی كوردی لە سوید نیشتەجێن و هیوایشی خواست لە رێگەی ئەوان و لە رێگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە سوید پەیوەندیە دوو قۆڵیەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاكاندا پەرە بستێنێت .

فەلاح مستەفا تیشكی خستە سەر پرۆسەی سیاسی هەرێم و ئاكامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی تازە و بەرەوپێشچوونی پرسی دیموكراسی لەهەرێم.
هەر لەم دیدارەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا لەبارەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق و بارودۆخی سوریا و كاریەگەریەكانی بەسەر ناوچەكەو رۆڵی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوریاو كۆمەك كردنی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم.

هەردوولا كۆك بوون لەسەر بەردەوامیدان بەسەردانە فەرمیەكان و دروستكردنی پردی پەیوەندی زیاتر لە نێوان هەردوولا و یارمەتیدانی كارمەندانی هەرێم لە بواری پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان.

 

 دوو شەممە, 10 ئازار 2014

 

 

 

 

 

 

ده‌قى وتارى نێچیرڤان بارزانى لە مەڕاسیمی گرێبه‌ستی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شى ده‌رمان

هه‌موو لایه‌كتان به‌ خێر بێن و به‌یانیتان باش..

خۆشحاڵم به‌وه‌ی داوه‌تی منتان كرد بۆ به‌شداریكردن له‌و ڕێوڕه‌سمه‌ی ئیمزاكردنی پرۆتۆكۆڵی نێوان ئاوامیدیكا و سانۆفیی فه‌ڕه‌نسی.

ئه‌وه‌ی دكتۆر به‌هرام باسی كرد من ده‌مه‌وێ هه‌ندێك شتی دیكه‌ی بخه‌مه‌ سه‌ر، كاكه‌ دكتۆر به‌هرام یه‌كێكه‌ له‌و كادیرانه‌ی كه‌ به ‌ڕاستی جێی شانازییه‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌مان و بۆ گه‌لی كوردستان. ئه‌و ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ له‌ سوید بووه‌ و ئه‌گه‌رچی خۆی باسی نه‌كرد، به‌ڵام بۆ زانیاریتان ئه‌و یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی ده‌رمانی چاره‌سه‌ركردنی ئاوی ڕه‌شی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا دۆزیوه‌ته‌وه‌، دۆزه‌ره‌وه‌ی ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ دكتۆر به‌هرامه.‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و ناوێكی دیاره‌ نه‌ك ته‌نها له‌ كوردستان و له‌ عیراق، به‌ڵكوو له‌ هه‌موو جیهان ناوێكه‌ و بۆ ئێمه‌ وه‌كوو كورد به‌ ڕاستی جێی شانازییه‌ خه‌ڵكی وامان هه‌بێت و پیرۆزبایی لێ ده‌كه‌م.

وه‌كوو خۆی له‌ سه‌رتاوه‌ باسی كرد ته‌شریفی هێنا بۆ كوردستان و باسی ئه‌وه‌مان كرد كه‌ پێویسته‌ ده‌رمان له‌ كوردستان بگه‌یه‌نینه‌ ئاستێك هه‌موومان لێی دڵنیا بین، منداڵی كابرایه‌كی هه‌ژار و منداڵی ده‌وڵه‌مه‌ندێك هه‌موومان دڵنیا بین له‌وه‌ی ئه‌و ده‌رمانه‌ی به‌كاری ده‌هێنن، ده‌توانن پشتی پێ ببه‌ستن.

به‌ داخه‌وه‌ چیرۆكی ده‌رمان و كواڵیتیی خراپی ده‌رمان چه‌ندین ساڵ و چه‌ند سه‌رده‌مێكه‌ به‌رده‌وامه‌ و هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێ ده‌ستخۆشی له‌ ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زیری ته‌ندروستی د. ڕێكه‌وت بكه‌م كه‌ به‌ ڕاستی له‌ كابینه‌ی حه‌وته‌وه‌ وه‌كوو خۆی ئاماژه‌ی پێ دا كاری زۆر باشی كردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ڕێگایه‌كی زۆرمان له‌ به‌رده‌مدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ئه‌و ئاسته‌ی هه‌موومان چاوه‌ڕیی ده‌كه‌ین و میلله‌ته‌كه‌مان شایسته‌ی خزمه‌تی زیاتره‌ له‌م بواره‌دا.

پرسى ته‌ندروستی و پرسى ده‌رمان وه‌كوو جه‌نابی باڵیۆزی سوید ئێستا باسی لێوه ‌كرد یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ گرنگه‌كانی هه‌موو وڵاتێك و ناكرێ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سوید، یان وڵاتانی دیكه‌ی ڕۆژئاوایی به‌راورد بكرێت، به‌ڵام سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ وڵاتی ئێمه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌م وڵاته‌یه‌.

ده‌بێ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك دان به‌وه‌دا بنێێن كه‌ ئێمه‌ كێشه‌یه‌كمان هه‌یه‌، سیسته‌می ته‌ندروستی نه‌ك له‌ كوردستان، به‌ڵكوو به‌ بۆچوونی من له‌ هه‌موو عیراق سیسته‌مێكی شكستخواردووه‌ و شكستی ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌وه‌دا ده‌ست پێده‌كات كه‌ حكوومه‌ت خۆی له‌ دابینكردنی هه‌موو پێداویستییه‌ك به‌رپرسیار كردووه‌ و ناتوانێت وه‌كوو پێویست به‌ ستانداردێكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ پێشكه‌شی هاوڵاتیانی عیراق بكات به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی.

پێموایه‌ كێشه‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، دواتر دێینه‌ سه‌ر دروستكردنی بینا و نه‌خۆشخانه‌ كه‌ كارێكی تا بڵێی باش و جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ و تا بڵێی جێی شانازییه‌ كه‌ ده‌بینین ئێمه‌ ساڵ به‌ ساڵ نه‌خۆشخانه‌ى تازه‌ دروست ده‌كه‌ین و دیسانه‌وه‌ ده‌ڵێم كار و ماندوبوونی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و خودی وه‌زیر له‌م مه‌سه‌له‌یدا زۆر به‌رز ده‌نرخێنم و ئه‌و پڕۆژانه‌ی پێشتر مابوون، به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ وه‌زیری پلاندانان د.عه‌لی سندى بخه‌نه‌ سه‌ر ڕێ و جێبه‌جێیان بكه‌ن، به‌ڵام من دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ دروستكردنی ته‌لاری جوان و نه‌خۆشخانه‌ی باش و جوان ئه‌وه‌ كێشه‌ی كوردستان نیه‌، كێشه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ وڵاتی ئێمه‌دا چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر كرا، شتی دیكه‌یشی به‌ دوادا دێت، ئه‌گه‌ر سیسته‌م وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ و چاره‌سه‌ر نه‌كرا، بێگومان سه‌د نه‌خۆشخانه‌ش دروست بكه‌ین، هیچ سوودێكی نیه‌.

هیوادارم وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی به‌غدا پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و ئه‌مه‌ش به‌ یه‌ك لا ناكرێت، به‌ڵكوو ده‌بێ به‌رده‌وام هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا هه‌بێت له‌سه‌ر پرسى ده‌رمان، له‌سه‌ر پرسى كواڵیتیی ده‌رمان، له‌سه‌ر پرسى سیسته‌می ته‌ندروستی له‌م وڵاته‌دا، كه‌ ده‌بێ هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له‌ نێوان وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێم و به‌غدادا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك كه‌ له‌ كۆتاییدا خزمه‌ت به‌ هه‌موو هاوڵاتیانی عیراق بكات به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی.

ئه‌م كاره‌ی ئه‌مڕۆ لێره‌ ده‌كرێت به‌ بڕواى من سه‌ره‌تایه‌كی زۆر گرنگه‌، ده‌ستخۆشی له‌ ئاوامیدیكا ده‌كه‌م و سوپاسی كۆمپانیای سانۆفیى فه‌ڕه‌نسی ده‌كه‌م كه‌ متمانه‌یان به‌ ئاوامیدیكا داوه‌، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئاوامیدیكا ئه‌و كاره‌ی ده‌یكات له‌ ستانداردێكی به‌رزدایه‌، ئه‌گینا نه‌ده‌كرا كۆمپانیای سانۆفیى فه‌ڕه‌نسی بێت و گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ ئیمزا بكات.

هیوادارم ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ ده‌ستپێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی درێژخایه‌ن له‌ نێوان ئاوامیدیكا و سانۆفیی فه‌ڕه‌نسیدا، ئه‌مه‌ ده‌ستپێكردنه‌كه‌ی بێت و له‌ ئه‌نجامدا بگه‌نه‌ ئاستێك بتوانن به‌رهه‌می وا له‌ كوردستان بۆ هه‌موو عیراق دابین بكه‌ن، هه‌موو هاووڵاتیانی ئه‌م وڵاته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ كواڵیتیی ئه‌و ده‌رمانه‌ ئاگادار بن كه‌ به‌كاری دێنن.

جێی خۆیه‌تی و نابێ له‌ بیریشی بكه‌م ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی د. عه‌لی سندى لێره‌ دانیشتووه، به‌ڵام به‌ ڕاستی ئه‌رك و ماندوبوونی ئه‌م به‌ڕێزه‌ له‌ دانانی ئاوامیدیكا زۆر به‌رز ده‌نرخێنم، ڕاسته‌ من له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئیشه‌كه‌م پێ گوت، به‌ڵام ئه‌و شه‌و و ڕۆژ به‌ كاری خۆی له‌گه‌ڵ د.به‌هرام ئه‌و ئامانجه‌ی ئێمه‌ هه‌مانبوو جێبه‌جێیان كرد، زۆر سوپاس و ڕێز و پێزانینى تایبه‌تیشم بۆ ئه‌رك و ماندووبوونی ئه‌و هه‌یه‌.

وه‌كوو باسم كرد، هیوادارم ئه‌مڕۆ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ په‌یوه‌ندیی درێژخایه‌ن له‌ نێوان ئه‌م دوو كۆمپانیایه‌، به‌ هیوای ئه‌و ڕۆژه‌ی ئێمه‌ له‌م وڵاته‌دا ببینین سیسته‌مێكی ڕێكوپێكی ته‌ندروستیمان هه‌یه‌ و پێویستی به‌وه‌ نه‌كات بۆ هه‌ر شتێكی كه‌م، ڕوو له‌ وڵاتانی دراوسێ بكه‌ین، به‌ڵكوو بگه‌ینه‌ ئاستێك كه‌ وڵاتانی دراوسێ بۆ چاره‌سه‌ری بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان. هیوادارم بگه‌ینه‌ ئه‌و ئاسته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

هه‌روه‌ها له‌ یه‌ك پرسدا دڵنیام له‌وه‌ی ئێمه‌ كادیر و خه‌ڵكی باشمان له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ساڵه‌های ساڵه‌ ئه‌زموونی باشیان هه‌یه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ ژیاون، ئه‌وانه‌ی له‌ نێو هه‌رێمدا ده‌ژین كادیری زۆر باش و گه‌نجی زۆر باش و ڕێكوپێكن و خه‌مخۆرن و ده‌یانه‌وێ كار بكه‌ن و ده‌بێ بواریان پێ بدرێت كار بكه‌ن.

د. ڕێكه‌وت له‌ قسه‌كانیدا باسی ئه‌رك و ماندوبوونی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ئاسایشی كرد، ده‌مه‌وێ لێره‌ هه‌ر خۆیشم سوپاسیان بكه‌ن و داواشیان لێ بكه‌م كه‌ جددیتر بن له‌ هاوكاریكردنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ به‌وه‌ نه‌درێت وڵاته‌كه‌مان ببێته‌ شوێنێك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانێك ده‌رمانی ماوه‌ به‌سه‌رچوو به‌سه‌ر میلله‌تی ئێمه‌دا ساغ بكه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ گوناهێكی زۆر گه‌وره‌یه‌ و ده‌بێ ئه‌و بازرگانانه‌ی ئه‌و ئیشه‌ ده‌كه‌ن به‌ ویژدانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا بكه‌ن. به‌ داخه‌وه‌ هه‌ندێك جار ده‌بینین زۆر بێ ویژدانانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌ ده‌كرێت كه‌ پرسێكی مرۆیى یه‌، پرسێكی نه‌ته‌وه‌یى یه‌ و پێویست به‌وه‌ ده‌كات ئه‌وانه‌ی كاری ده‌رمان ده‌كه‌ن و بازرگانیی ده‌رمان ده‌كه‌ن، زۆر به‌ ویژدانه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن.

به‌ هیوای ئه‌و ڕۆژه‌ی بگه‌ینه‌ ئه‌و ئاسته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

هه‌مووتان به‌خێر بێن، زۆر سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌م داوه‌ته‌.

 

 سێ شەممە, 11 ئازار 2014

 

 

 

 

 

 

گرێبه‌ستی به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان له ‌نێوان كۆمپانیای ئاوامیدیكا و سانۆفیی فه‌ڕه‌نسیدا ئیمزا كرا

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ى ئازارى 2014، به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمی كوردستان، له‌ هۆتێلی ڕۆتانا له‌ هه‌ولێر گرێبه‌ستی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شى ده‌رمان له ‌نێوان كۆمپانیای نیشتمانیی ئاوامیدیكا و كۆمپانیای سانۆفیی فه‌ڕه‌نسیدا ئیمزا كرا، كه‌ سێه‌مین گه‌وره‌ترین كۆمپانیاى جیهان و گه‌وره‌ترین كۆمپانیاى دروستكردنى ده‌رمانه‌ له‌ ئه‌ورووپا.

 

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ نوێنه‌ر و كونسوڵی وڵاتانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی سوید له‌ عیراق و ژماره‌یه‌ك له‌ خاوه‌نكاران له‌ بواری كه‌رتی ده‌رماندا ئاماده‌ی بوون، پرۆفیسۆر د. بارام خدر به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای نیشتیمانیی ئاوامیدیكا بۆ ده‌رمان له‌ وته‌یه‌كدا ئیمزاكردنی ئه‌م گرێبه‌سته‌ی به‌ ڕووداوێكی زۆر گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا و دووپاتی كرده‌وه‌ به‌م گرێبه‌سته كۆمپانیاكه‌یان ده‌توانێت به‌رهه‌مه‌ گرنگه‌كانی سانۆفی له‌ هه‌رێم و له‌ عیراق به‌گشتی به‌رهه‌م بهێنێت.

 


هه‌روه‌ها كورته‌یه‌كی له‌باره‌ی كۆمپانیای ئاوامیدیكا و دامه‌زراندنی پێشكه‌ش كرد كه‌ به‌ پاڵپشتیی ڕاسته‌وخۆی نێچیرڤان بارزانی له‌پێناو به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان به‌ كواڵیتیه‌كی به‌رز دامه‌زرا و له‌گه‌ڵ شاره‌زایانی ئه‌ورووپایی دیزاینی كۆمپانیاكه‌ له‌ 2005 ئاماده ‌كرا و كارێكی زۆر جددی له‌سه‌ر كرا تا به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌ لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ كرایه‌وه‌، ئینجا ساڵی 2010 ده‌ست به‌ به‌رهه‌مهێنان كرا و ساڵ به‌ ساڵیش به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ى له‌ زیادبووندایه‌ .

هه‌ر له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه دا ئه‌م گرێبه‌سته‌ سوودێكی زۆری بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ كابینه‌ی حه‌وته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌، گرنگی به‌ بواری ته‌ندروستی داوه‌ و كه‌رتی ده‌رمانیشی له‌و بواره‌دا له‌ ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌م داناوه‌. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند له‌ ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیدا چه‌ندین نه‌خۆشخانه‌ دروست كراون كه‌ كۆی گشتییان 2700 ته‌ختی نه‌خۆش پێك ده‌هێنن و گوژمه‌ی زیاتر له‌ 800 ملیۆن دۆلاری تێچووه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان 75 نه‌خۆشخانه ‌‌و 993 بنكه‌ی ته‌ندروستی هه‌ن و له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا 2700 پزیشك دامه‌زراون. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ ته‌نیا له‌ ساڵی 2013دا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ستى به‌سه‌ر 900 ته‌ن ده‌رمانی ماوه‌به‌سه‌رچوودا گرتووه‌، كه‌ به ‌گوته‌ی وه‌زیر زیاتر له‌ 80%یان پێش ئه‌وه‌ی بێنه‌ ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، له‌ بازگه‌كان گیراون.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى له‌ په‌یڤه‌كێدا وێڕای پیرۆزبایی به‌ بۆنه‌ی ئیمزاكردنی ئه‌م گرێبه‌سته‌وه‌،‌ ئاماژه‌ی به‌وه ‌دا كه‌ خاوه‌نی كۆمپانیای ئاوامیدیكا د. به‌هرام یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی ده‌رمانی چاره‌سه‌ركردنی ئاوی ڕه‌شی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا دۆزیوه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و ناوێكی دیاره‌ نه‌‌ك ته‌نها له‌ كوردستان و له‌ عیراق، به‌ڵكوو له‌ هه‌موو جیهان ناوێكه‌ و بۆ كورد جێی شانازییه‌ خه‌ڵكی واى هه‌بێت.

 


سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی حكوومه‌ت له‌ پاڵپشتیكردنی ئه‌م جۆره‌ پڕۆژانه‌، هێنانه‌دی ویستی گه‌لی كوردستانه‌ به‌وه‌ی كه‌سانی هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند وه‌كوو یه‌ك ده‌رمانیان ده‌ستبكه‌وێت و نیگه‌رانیی خۆیشی له‌وه‌ نیشان دا كه‌ تا ئێستا گرفتی كواڵیتیی ده‌رمان له‌ هه‌رێمی كوردستان گرفتێكی دیاره‌ و نه‌یشارده‌وه‌ سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو عیراقیش سیسته‌مێكی شكستخواردووه‌ .


نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا شكستی ئه‌و سیسته‌مه‌ له ‌وه‌دا ده‌ست پێده‌كات كه‌ حكوومه‌ت خۆی له‌ دابینكردنی هه‌موو پێداویستییه‌ك به‌رپرسیار كردووه‌ و ناتوانێت وه‌ك پێویست به‌ ستانداردێكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و خزمه‌تگوزاریبه‌ پێشكه‌شی هاووڵاتیانی عیراق بكات به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی.


دووپاتیشی كرده‌وه‌ به‌ نه‌بوونی سیسته‌مێكی سه‌ركه‌وتووی ته‌ندروستی، دروستكردنی بینا و نه‌خۆشخانه‌ی به‌رز و باش هیچ سوودێكی نابێت. هاوكات زۆر سوپاسی وه‌زیری ته‌ندروستی و وه‌زیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى كرد بۆ ئه‌و ئه‌رك و ماندووبوونه‌ی ئه‌نجامیان دا بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ و هیوای خواست وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ئاسایش كه‌ درێغیان له‌ ئه‌ركی خۆیاندا نه‌كردووه‌، زیاتر كار بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ هێنانی ده‌رمانی ماوه‌ به‌سه‌رچوو بۆ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و گوتى گه‌لی كوردستان شایسته‌ی باشترین خزمه‌تگوزارین له‌م بواره‌دا.


هه‌ر له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا باڵیۆزی سوید له‌ عیراق و نوێنه‌ری كۆمپانیای سانۆفیی فه‌ڕه‌نسی و نوێنه‌رى وه‌زیرى ته‌ندروستیى عیراق وتاری خۆیان پێشكه‌ش كرد. له‌ كۆتاییشدا ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو كۆمپانیاى سانۆفى و ئاوامیدیكادا ئیمزا كرا.

 

 سێ شەممە, 11 ئازار 2014

 

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵیۆزى كۆریاى باشوور كرد

بۆنه‌ى كۆتایى هاتنى كاره‌كانى وه‌ك باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ى له‌ عیراق، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆز كیم هیۆنگ میۆنگ باڵیۆزى كۆریاى باشوور له‌ عیراق كرد.

له‌ دیدارێكدا‌ باڵیۆزى كۆریا له‌ عیراق تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌م سه‌ردانه‌ى كه‌ له‌ میانه‌یدا به‌شدارى له‌ دیدارى سلێمانى و له‌ مه‌ڕاسیمى هێنانه‌وه‌ى ڕووفاتى ئه‌نفالكراوانى بارزانیدا كرد، هه‌روا خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ پێشخستنى ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانی ئابووری و وه‌به‌رهێنان و كه‌لتووریدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و هیواى خواست په‌یوه‌ندییه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كان ببنه‌ مایه‌ى سوود و به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌ردوولا.

باڵیۆزى كۆرى ستایشى ڕۆڵى حكوومه‌تى هه‌رێم و سه‌ركردایه‌تیى سیاسیى كوردستانى كرد بۆ ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌رێم و سه‌رسامیى خۆى نیشان دا بۆ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ به‌رده‌وامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان. بڕواى وڵاته‌كه‌یشى نیشان دا به‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌گاته‌ ئاستێكى زۆر پێشكه‌وتوو له‌ هه‌موو بواره‌كاندا. هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌ له‌ ماوه‌ى دووساڵى ڕابردوودا كه‌ وه‌ك باڵیۆزى كۆریا له‌ عیراق كارى كردووه،‌ ئاشنایه‌تیى زۆرى له‌گه‌ڵ مێژووى گه‌لى كوردستان و ئه‌و ئازار و نه‌هامه‌تیانه‌ په‌یدا كردووه‌ كه‌ به‌سه‌ر گه‌لى كوردستاندا هاتووه‌ و باسى له‌وه‌ كرد كه‌ زۆر خاڵى هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوو گه‌لى كورد و كۆریادا هه‌یه‌.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی وێڕای به‌خێرهێنان، سوپاس و پێزانینی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ گه‌ل و حكوومه‌تى كۆریاى باشوور ده‌ربڕی كه‌ هه‌ر له‌ دواى ساڵى 2003ه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ى تیپى زه‌یتوون و ئاژانسى كۆیكاوه‌ توانیان بناغه‌یه‌كى پته‌و بۆ په‌یوه‌ندیى نێوانیان دابنێن و ڕۆژ له‌دواى ڕۆژیش ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ره‌و پێش چووه‌. هه‌ره‌وها ستایشی كاره‌كانى باڵیۆزی كۆریاى كرد كه‌ له‌ ماوه‌ی كاركردنیدا له‌ عیراق ڕۆڵی به‌رچاوی له‌ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆریاى باشووردا هه‌بووه‌ و هیواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى داهاتوویدا بۆ خواست.

سه‌رۆك وه‌زیران خواستى حكوومه‌تى هه‌رێمى نیشان دا بۆ فراوانكردنى ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆریا و له‌م ڕووه‌وه‌ گوتى: خوازیارین سوود له‌ ئه‌زموونى سه‌ركه‌وتووى كۆریا وه‌ربگرین، به‌تایبه‌تیش له ‌بواره‌كانى زانستى و په‌ره‌پێدانى توانا مرۆییه‌كان و خوێندن و پیشه‌سازى و كشتوكاڵدا.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵوێستى حكوومه‌تى هه‌رێمى سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عیراق خسته ‌ڕوو و ڕایگه‌یاند: ده‌مانه‌وێ كێشه‌كان به‌ دیالۆگ و به‌ گوێره‌ى مادده‌ ده‌ستوورییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن. هه‌روه‌ها هیواى خواست هه‌ڵبژاردنه‌كانى عیراق له‌ واده‌ى دیاریكراوى خۆیدا ئه‌نجام بدرێن و ببنه‌ بنه‌مایه‌كى تازه‌ بۆ حكوومه‌تێك كه‌ گوزارشت له‌ هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراقى فیدراڵ بكات و رێز له‌ فیدرالیزم و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان بگرێت.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانى كۆریا ده‌كات و پشتگیریى هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كات كه‌ ببێته‌ مایه‌ى پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌رێمی كوردستان.

 

 

  • هەینی, 07 ئازار 2014

 

پێنج شەممە, 13 ئازار 2014

بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان یادی شەهیدانی هەڵەبجە لە زانکۆی تاران بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران و چەندین کەسایەتی سیاسی و کەلتووری کورد، ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی یادی شەهیدانی بۆردوومانی کیمیابارانی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت لە کۆلێژی کۆمەڵناسی زانکۆی تاران بەڕێوەچوو.

فەلاح مستەفا پێشوازی لە باڵیۆزی كۆریا لە عیراق كرد

بەبۆنەی كۆتایی هاتنی كارەكانی وەك باڵیۆزی كۆریا لە عیراق، ئەمڕۆ بەڕێز كیم هیۆنگ میۆنگ سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كردو لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لێكرا.

 

لە دیدارەكەدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و كیم یۆنگ یۆن كونسوڵی گشتی كۆریا لە هەرێم ئامادەبوو، فەلاح مستەفا ستایشی رۆڵی باڵیۆزی كۆریا كرد كە لە ماوەی كاركردنی لە عیراق رۆلی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆریا بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێم و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی داهاتووی بۆ خواست. هاوكات ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی نیشاندا بۆ هەر هەنگاوێكی تازە بۆ فراوانكردنی بواری پەیوەندیە دوقۆڵیەكان.

 

هەروا گوتی : حكومەتی هەرێم بایەخی تایبەت بە پەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتی كۆریا دەدات و دەخوازین سوود لەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی كۆریا وەرگرین بۆ بونیادنانەوەی وڵاتەكەمان.

 

فەلاح مستەفا سوپاسی باڵیۆزی كۆریا و گەل وحكومەتی كۆریای كرد كە هەر لەدوای ساڵی 2003 ەوە بە بایەخەوە دەڕواننە هەرێمی كوردستان.

 

لەبەرامبەردا باڵیۆز كیم هیۆنگ میۆنگ خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە دەربڕی دووپاتیكردەوە كە وڵاتەكەی بڕوای وایە هەرێمی كوردستان لە پێشكەوتن و گەشەسەندن بەردەوامە بۆیە هیوای پەیوەندی درێژخایەن لەگەڵ هەرێم دەخوازین. بەڕێزیان گووتی لەوماوەیەی كە وەك باڵیۆزی كۆریا لە عیراق كارم كردووە سەردانی هەرێمی كوردستانم كردووەو ئاشنایەتی زۆرم سەبارەت بە مێژووی هەرێم و قوربانیەكان پەیداكردووەو زۆر خاڵی هاوبەش لە نێوان هەردوو گەلی كورد و كۆریا هەیە. هەروا گووتی دوێنێ‌ بەشداریم لە دیداری سلێمانی كردو ئەمڕۆش بەشداریمان لە مەڕاسیمی هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوان بوو.

 


باڵیۆزی كۆریا سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی كرد كە هەمیشە هاوكارو هەمانگكاربوونە لەگەڵ باڵیۆزخانەی كۆریا لە عیراق و نووسینگەی باڵیۆزخانەی كۆریا لە هەرێم بۆ سەرخستنی بەرنامەو چالاكیەكانی كۆریا لە هەرێمی كوردستان.

 

 پێنج شەممە, 06 ئازار 2014

 

 

بارزانى داوا له‌ حكوومه‌ت ده‌كات هه‌ڵه‌بجه‌ بكاته‌ پارێزگا

له‌ نووسراوێكى فه‌رمیدا بۆ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان داوا له‌ حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌كات چاوه‌ڕێى به‌غدا نه‌كات و ڕێكاره‌ كارگێڕییه‌كانى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه ده‌ست پێبكات.‌

له‌ نووسراوه‌ فه‌رمییه‌كه‌دا كه‌ دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 5ى ئازارى 2014 ئیمزاى كردووه‌ و ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانى ده‌ڵێ:

"بە پشتبەستن بە ڕای زۆرێك لە یاساناسان كە بابەتی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید دەكەوێتە بازنەی سەڵاحیاتی ئیداریی هەرێم و هەروەها نەبوونی ئیستیجابەی پێویست لە لایەن بەغدا بۆ بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، بۆیە بڕیارمان دا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات دەست بە ڕێوشوێنە ئیدارییەكانی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید بكات بۆ ئەوەی داواكاریی خەڵكی قارەمانی ئەم دەڤەرە جێبەجێ بكرێت".

 

 پێنج شەممە, 06 ئازار 2014

 

كونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران هەواڵێك رەتدەكاتەوەو دەڵێ‌ هیچ راستیەكی تێدا نییە

دوای ئەوەی لە چەند دەزگایەكی راگەیاندن لە كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان هەواڵێك بڵاوكرایەوە كە گوایە كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی رایگەیاندووە كە باری ئەمنی هەرێمی كوردستان ناجێگیرەو داوای لە هاوڵاتیانی كردووە سەردانی هەرێم نەكەن. لە بەیاننامەیەكدا كونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی ئەو هەواڵە رەت دەكاتەوەو دەڵێ‌ هیچ راستیەكی تێدا نییە.

ئەمەش دەقی بەیاننامەكەیە:
ژمارە (1074)
بەرواری 5/3/2014

هەندێك لە راگەیاندنەكانی ئێرانی لەم رۆژانەی دواییدا هەواڵێكیان سەبارەت بە نائارامی لە هەرێمی كوردستان بە ناوی كونسوڵگەری گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی بڵاوكردۆتەوە كە بابەتی فەرمی ئەم كونسوڵگەریە نەبووە و هیچ راستیەكی تیادا نیە .

هەوڵەكانی ئەم كونسوڵگەریە بۆ هاندانی سەرمایەگوزارانی ئێرانی بە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و پەرەسەندنی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان نیشاندەری ئارامی و هێمنایەتی بەرچاوی ئەم ناوچەیە بووە ، جارێكی تر دووپاتیدەكەینەوە بابەتی فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران و ئەم كونسوڵگەریە پەرەپێدانی پەیوەندی سیاسی ، ئابووری ، كەلتووریە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەرگیز رێگە نادەین كەلێن بكەوێتە نێوان پەیوەندی دۆستانە و برایانەی نێوانمان .

كۆماری ئیسلامی ئێران هەروەك چۆن لە كاتە دژوارەكان لە پاڵ خەڵكی باشی هەرێمی كوردستان بوە و دۆستانی باشی لە هەرێمی كوردستان هەیە ، بە هەمان شێوە شانازی بەم دۆستایەتیەوە دەكات .

 

پێنج شەممە, 06 ئازار 2014 

 

 

 

 

 

بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان روفاتی 93 شەهیدی ئەنفالی بارزانیان گەیشتە هەولێر و لە هەولێرەوە بەرەو بارزان بەڕێخران

بە ئامادەبوونی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، ئەمڕۆ روفاتی 93 شەهیدی ئەنفالكراوی بارزانی گەیشتە هەولێر و لە هەولێرەوە بەرەو زێدی باو باپیرانیان لە بارزان بەڕێخران.

لە رێوڕەسمێكدا كە ژمارەیەك لە كەسوكاری شەهیدانی ئەنفالی بارزان و عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەت و كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی ئامادەی بوون ، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە پەیڤێكدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان نیشانیدا ئەمڕۆ هەولێر میوانداری ژمارەیەكی دیكەی قوربانیانی ئەنفال دەكات كە لاپەڕەیەكی پڕ لە شانازیان لە مێژووی گەلی كوردستان تۆماركردووە و دوژمنان لە بارزانی سەركەشەوە بەرەو بیابانەكانی باشووری عیراقیان بردن وایان زانیبوو كە بەمشێوەیە ئیتر كورد كۆتایی پێدێت .

پاشان سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەی كرد كە زەحمەتیان كێشا و تەنانەت ژیانی خۆیان خستە مەترسی و چوون بۆ بیابانەكانی خوارووی عیراق لە نێوان پارێزگای سەماوە و سنووری عەرەبستانی سعودیا تا توانیان ئەمجارەش 93 روفاتی شەهیدی ئەنفالی بارزانیان بدۆزنەوە و بیانهێننەوە هەولێر .

هاوكات سوپاس بەرپرسان و خەڵكی سەماو كرد كە زۆر یارمەتیدەری تیمەكانی هەرێم بوون بۆ ئەم مەسەلەیە و دووپاتیكردەوە هیچ كاتێك ئەو هەڵوێستەیان لە بیرناكرێت .

سەرۆك بارزانی نیشانیدا تاكە تاوانی ئەو شەهیدانە و شەهیدانی ئەنفالی بادینان و گەرمیان ئەوە بووە كە كوردن و نیشانیدا هەموویان كەسوكاری ئێمەن هاوكات سوپاسگوزاری خۆی پێشكەشی خەڵكی هەولێر و دەورووبەری و هەموو شار و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كرد كە لە سەردەمی رەشبگیرییەكەی كوردانی بارزانی كەسانێكی زۆریان داڵدە دا و ژیانی خۆیان خستە مەترسی بۆ رزگاركردنی خەڵكی ئەم ناوچەیە .

سەرۆك بارزانی ستایشی رەوشتی كورد كرد كە سەرەڕای ئەوەی سەربازانی رژێمی بەعس كەسوكاریانیان ئەنفال و كیمیاباران كرد بەڵام هیچ سەربازێكی ئەو رژێمە لە ڕاپەڕین یەك قسەی ناشیرینیشی پێ نەگوترا بۆیە هیوای خواست ئەم ڕەوشتەی كورد لە نێو خۆشماندا هەبێت .

سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی بارودۆخی ئەمڕۆی عیراقی كرد كە ئاڵۆزیەكی زۆری تیادایە و مەبەستی سەرەكی لەم ئاڵۆزیەش شكاندنی هەیبەت و شكۆی كوردە و گەڕاندنەوەی پلەبەندی نێوان هاوڵاتیانە و جارێكی دیكە كورد بە پلە دوو سەیر بكرێت دووپاتیشیكردەوە كورد هیچ كاتێك پاشكۆیەتی قبووڵ ناكات و قبوڵی ئەوە ناكات بۆ دواوە بگەڕێتەوە و ئەو هەموو قوربانیەی بۆ ئەوە نەداوە كە جارێكی دیكە قبووڵ زوڵم و ستەم بكات و ئەگەر ئەم رەفتارانەش بەردەوام بوو ئەوا ئەو كات وەڵامی كورد لە پێشبینی هیچ كەسێكدا نابێت .

نیشانیشیدا لەگەڵ حزبە كوردستانیەكان باسیان لەوە كردوە كە پێداچوونەوە بە پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكرێت چونكە ئەم حاڵە بەمشێوەیە ناچێتە سەر.

پاشان ئارام ئەحمەد وەزیری كاروباری شەهید و ئەنفالكراوان بە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئامادەبوانی كرد بۆ بەشداریكردن لەم ڕێوڕەسمە و نیشانیدا لەكۆی 182 هەزار رووفاتی ئەنفالكراو، تەنیا 2250 رووفات دۆزراونەتەوە و ئاماژەی بەوەشدا پاش تێپەڕینی  ساڵانێكی زۆر بەسەر ئەنفالكردنی خەڵكی كوردستان لەلایەن رژێمی بەعس، كاری دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان زەحمەت بووە و ئاسایشی جوگرافیای گۆڕەبەكۆمەڵەكان رێگرێكی دیكەیە لە  ئاستەنگەكان.

ئەوەشی خستەڕوو  ئەم 93  رووفاتە لە مانگی 11ی ساڵی 2013 بە دووری 35 كیلۆمەتر لە ناوچەی بوسەییەی سەر بە شاری سەماوە  و لە دووری زیاتر لە 1600 كیلۆمەتر دوور لە زێدی خۆیان، زیندەبەچاڵكراون، كە زۆربەیان گوللـەبارانكراون و هەڵمەتەكەش لە دژی رەگەزی نێر بووە.

هەروەها نیشانیدا لە ساڵی 2005 نزیكەی 503 رووفات دۆزرانەوە، لەكۆی  8 هەزار بارزانی، كە ئەنفالكراون، تاوەكو ئێستا تەنیا 606 روفات دۆزراونەتەوە و نەیشاردەوە بەسەرچوونی ئەوماوەیە كارەكەی قوڕستركردووە لە رووی هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە لە شاڵاوەكانی ئەنفال، نزیكەی 182 هەزار لە منداڵ، ژن و پیاوی كورد زیندەبەچاڵكران و تاوەكو ئێستاش لەناوچەكانی خوارووی عێڕاق و سنووری حەمرین، نزیكەی 1600 رووفات دۆزراونەتەوە.

هەروەها نەیشاردەوە ئەو رووفاتانەی لە هەڵمەتەكانی ئەنفال بەگشتی دۆزراونەتەوە دەگەنە 2250و  لە شاری هەڵەبجەش  هەزاران رووفات لە گۆڕی بەكۆمەڵدا نێژراون، بەڵام بەهۆی بەركەوتنیان بە چەكی  كیمیایی و مەترەسییەكانیان نەتوانراوە دەربهێنرێن.

هەر لەم ڕێوڕەسمەدا وتاری نەتەوە یەكگرتووەكان پیشكەشكرا و دواتر تاجە گوڵینەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم و كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و حزب و لایەنە كوردستانیەكان داندران و كەژاوەی روفاتەكان بەرەو بارزان بەرێخران.

 

 پێنج شەممە, 06 ئازار 2014

 

 

 

 

 

سەرۆک وه‌زیران بەدواداچوون بۆ کەیسی حەلیمە و شلێر دەکات

له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ى نێچیرڤان بارزانى سەرۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌دواداچوونى ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سەید سادق و کەیسی شلێر و حەلیمە کە 27ى مانگی ڕابردوو لە گۆمێک لە چەمی چەقان تەرمەکانیان دۆزرایەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی حکوومی سەردانی سەید سادق و عەربەت و هەڵەبجەی تازەی کردووە و لەگەڵ دادوەر و داواکاری گشتی و بەڕێوەبەری پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا کۆبۆتەوە بۆ وەرگرتنی زانیاریی تەواو و بەدواداچوون لە دۆسیەی ئەم دوو خوشکە.


شانده‌كه‌ هەروەها سەردانی ماڵی دایکی شلێر و حەلیمەیان کردووە و لەگەڵ خەڵکی سەید سادقیش لەم بارەیەوە پرسیار و سۆراغیان کردووە بۆ وەرگرتنی زۆرترین زانیاری و گەیشتن بە ڕاستیى ئەم کەیسە و کارکردن لەسەر ئەوەی کە چی بکرێت بۆ ئەوەی ڕووداوی لەمجۆرە لە داهاتوودا دووباره‌ نه‌بنه‌وه؟‌.


شانده‌كه‌ كه‌ نەزەند بەگیخانی وەک ئەندامی بۆردی چاودێریی مافەکانی ژن سەرۆکایەتی کردووە، لەم بارەیەوە ڕوونى كرده‌وه‌: "بەپێی توێژینەوەکان ئەم دوو خوشکە لە مانگی تەممووزی ساڵی ڕابردووەوە فایلیان لای پۆلیس و دادگای سەید سادق و شەڵتەری داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی هەبووە و گوتى: لە تەواوی مامەڵەکردن له‌گه‌ڵ ئەم کەیسەدا دەردەکەوێت كه‌ لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک پێویست چالاک و جددی نەبوون لەکارکردن لەسەر ئەم کەیسە، بۆیە کەمتەرخەمی هەبووە لە پاراستنی شلێر و حەلیمە".


لەسەر بنچینەی ئەو توێژینەوەیە و بەپێی ڕاسپاردەکان، لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت کاری جددی ده‌كه‌ن بۆ ئاراستەکردنی دۆخەکە و لێپرسینەوە له‌و کەمتەرخه‌میانه‌ى له‌م کەیسەدا هه‌بووه‌.

 

 هەینی, 07 ئازار 2014

 

 

 

 

 

پەڕەى 193 لەکۆى 208 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی