"نازم دەباغ" لەگەڵ "ریزا هاکان تەکین" باڵیۆزی وڵاتی تورکیا لە ئێران کۆبۆوە

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران، لەگەڵ "ریزا هاکان تەکین" باڵیۆزی وڵاتی تورکیا لە ئێران دیداریی کرد.

 لەسەر بانگهێشتی "ریزا هاکان تەکین" Riza Hakan Takin باڵیۆزی وڵاتی تورکیا لە ئێران، "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی 22/6/2016 سەردانی باڵیۆزخانەی تورکیای کرد و لە لایەن باڵیۆزی ئەم وڵاتەوە پێشوازیی لێکرا.

لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا "ریزا هاکان تەکین" بەخێرهاتنی گەرمی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تارانی کرد و باسی لە خۆی کرد کە دەمێکە لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر پەروەندەی عێراق و ئێران و کورد کاردەکات و گرینگی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیای بەرز نرخاند بەتایبەت لە بواری ئابوورییە و لە دیدارەکەدا جەختکرا کە پێویستە ئەم پەیوەندییانە بەهێز بکرێت.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا دوو لایەن سەبارەت بە چارەسەریی کێشەکان و بەتایبەت داعش هاتنە ئاخاوتن و باروودۆخی ئێستای ناوچەکە و هەروەها گرینگی تورکیا و ئێران لە ناوچەکەدا تاوتوێکرا.     

لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا "نازم عومەر دەباغ" دڵنیاییدا کە سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پتەوکردنی پەیوەندییەکانییەتی و بە ئەندازەی یەکتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرینگە بەتایبەت هەر یەک لە تورکیا و ئێران تایبەتمەندییەتی خۆی هەیە لە جوگرافیای ناوچەکەدا.

لە درێژەی دانیشتنەکەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی زیاتریی هاوکارییەکانە لەو قەیرانەی ئێستادا و هەروەها شەڕ لەگەڵ داعش، پێویستە هەر وەکوو لە سەرەتاوە ئێران و تورکیا و بەتایبەتی هاوپەیمانان ڕۆڵی گرینگیان هەبووە لە هاوکاریی دژی داعش.

"نازم دەباغ" لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەویەدا باسی ڕۆڵی گرینگی هێزیی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی کرد کە پێویستە لە پڕۆسەی سیاسیی ئەمڕۆ زیاتر پشتیوانی لە کورد بکرێت هەر وەکوو چۆن لە شەڕی داعش هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی گرینگی هەیە هەر بەو جۆرە لە چەسپاندیی ئارامی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە و عێراق ڕۆڵی گرینگ دەبینێت.

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا "ریزا هاکان تەکین" باڵیۆزی وڵاتی تورکیا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا و داوای زیاتری ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە کرد بۆ گۆڕینەوەی بیر و بۆچوونەکان و ڕاوێژکردن.     

 

Read کد خبر: 1864

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی